جیهان و جەمسەرگیریی: دابەشبونی هێز بەسەر هێزە مامناوەندییەکاندا



بەهرۆز جەعفەر

جەمسەرگیریی بە شێوەیەکی گشتی یەکێک لەم سێ فۆرمە وەردەگرێت: یەک جەمسەری (کە تێیدا دەوڵەتێکی زلهێزلەمسەر تا ئەوسەری جیهان بەهێزترینە و هەژموونی تەواوەتی هەیە)، دوو جەمسەری (کە دوو دەوڵەتی زلهێز نزیکەی ئاستی یەکسان بەهێزن)، فرە جەمسەری (کە تێیدا دەسەڵات لە نێوان زیاتر لە چەند دەوڵەتێکدا دابەشبووە لە جیهاندا).

هەندێک پێوەرەکانی هێز دەبەستن بە ئاستی بەرزی ئابوریی و هێزی سەربازییەوە، هەندێک دەیبەستن بە کەلتوورو توانا تەکنەلۆژییەکانی دەوڵەتەوە، هەشە ئاستی خەرجی سەربازیی دەکاتە پێوەر، لەگەڵ ئەمانەشدا، لەمدواییە وەزیری پێشوی دەرەوەی ئێران “جەواد زەریفی” وا خۆی دەبینێ کە تێزێکی تازەی هەیە بە ناوی ” جیهانی بێ جەمسەر”، ئەوەش دەبەستێ بە بوونی جیهانێک لەسەردەمی زیرەکی دەستکرد-AI و زیاتربوونی ڕۆڵی ئەکتەرە نادەوڵەتییەکانەوە، بەڵام زۆر پێش زەریفی کەسانی وەک ڕیچارد هاس- Richard Haas لە ساڵی ٢٠٠٨ دا باسی جیهان بە بێ جەمسەریان کردووە.

ڕیچارد هاس، سەرۆکی کارمەندی ئەنجومەنی پەیوەندییەکانی دەرەوە و ڕاوێژکاری باڵای کۆمپانیای سەنتەرڤیۆ پارتنەرز، پێشتر وەک بەڕێوەبەری پلاندانانی سیاسەت بۆ وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا (٢٠٠١ بۆ ٢٠٠٣) کاری کردووە، هەروەها نێردەی تایبەتی سەرۆک جۆرج بوش بووە لە ئیرلەندای باکوور و ماوەیەکیش ڕێکخەری کاروباری ئەفگانستان بوو.

دوای ڕیچاردیش لە “ڕۆىیرت مانین-Robert Manning” لە ئەتڵەنتیک کەونسڵ لە ساڵی (٢٠٠٩) بەدەم باسی سەرهەڵدانی هێزە ناوەنجییەکانی وەک هیند، یابان، بەرازیل، فەڕەنسا، ڕووسیا، باشوری کۆریا، کەنداو… تا دواییەوە باسی جیهانێکی بێ جەمسەر دەکات (کە هێشتا مێژوو ئەزموونی نەکردووە).

قسەی سەرەکی ئەوەیە، جیهان ببێتە فرەجەمسەر یان بێ جەمسەر، زۆربەی بیرکەرەوەکان کۆکن لەوەی ڕۆڵی هێزە ناوەنجییەکان زیاتر بوەو زیاتر دەبێت، بۆ ئەم مەبەستە دەستم بە ئامادەکردنی کتێبێک کردووە بۆ یەکێک لەبڵاوکەرەوە زانستییە- جیهانییەکان کە ڕەنگە ناونیشانەکەی بەدیاریکراوی ئەمە بێت: “ئایندەی جەمسەرگیریی جیهانی و داینامیکییەتی دابەشبوونی هێز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست: بەریەککەوتنی سیستەمی نوێی هەرێمایەتی و جیهانی”.

لە ساڵی (١٩٩١ تا ٢٠٢١) ماوەی سێ دەیە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا سەرکردایەتی بێ چەندوچوون و بێ هاوتای جیهانی کردووە، بەڵام ئەوە ماوەی دوو ساڵە مانشێتەکان، بیروبۆچوونی ڕاوێژکارە جیهانییەکان، دیبەیتەکان کردوویانە بە مۆدێڵ و باسی گۆڕان لە “جەمسەرگیریی جیهانی” دەکەن، هەندێک دەڵێن، هەڵکشانی هەژموونی چین دیفاکتۆیەو سیستەمی تاک جەمسەریی بەرەو نەمانە، هەندێک دەڵێن، جیهانی فرەجەمسەریی کەوتووەتە سبەینێ یان دوو سبەی و دەیبینین.

بە ئاشکرا لە سەردەمی دوو جەمسەریی و جەنگی ساردیشدا، ئەوە دیاربوو هەندێ لە هێزە خۆسەپێنە-بێتامەکانی جیهان و ڕۆژهەڵات سوودیان لەو ناکۆکییەی نێوان دوو جەمسەرە جیهانییەکە وەرگرت.

ئێستاش بەهەمان شێوە هێزە مامناوەندییەکانی وەک سعودییە، ئیمارات، تورکیا، قەتەر، ئێران و ئیسرائیل لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا یاریکەریی سەرەکیین، بە ئاستی جیا-جیا سودیان لە شکانی لەنگەری سیستەمی نێودەوڵەتی وەرگرتووە، بێ گەڕانەوە بۆ زلهێز ئەسپی خۆیان لە ناوچەکە و جیهاندا تاودەدەن، باشترین نموونە؛ هەوڵە بەردەوامەکانی ئیدارەی بایدنە بۆ پێدانی گەرەنتی ئەمنی بە سعودیە، کە پاڵنەرەکەی پەرەسەندنی کاریگەریی چینە لە کەنداودا، ئەمە تەنها نموونەیەکی دیاری ئەم ئاریشەیەیە.

هۆشداری بە خاوەن دەڕاسەکان دەدرێت
پێشت هۆشداری بە خاوەن دەڕاسەکان دەدرێت
ئێران هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆکایەتی کۆمار ئەنجام دەدات
دواتر ئێران هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆکایەتی کۆمار ئەنجام دەدات
پەیوەندیدار