هۆکاری کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەکەی ڕەئیسی ئاشکرا کرا



فەرماندەیی گشتیی هێزە چەكدارەكانی ئێران هۆکاری کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەی سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە ئاشکرا دەکات و دەڵێت”بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکییەوە بووە”.

فەرماندەیی گشتیی هێزە چەكدارەكان ئێران لەبارەی هۆكاری كەوتنەخوارەوەی هێلیكۆپتەرەكەی سەرۆك كۆمار و یاوەرانی ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە و تێیدا هاتووە، لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا بەشی زۆرینەی زانیارییە پێویستەكان لە هۆكاری كەوتنەخوارەوەی هێلیكۆپتەرەكەی سەرۆك كۆمار و یاوەرەكانی كۆكراوەتەوە، بەشێوەیەكی سەرەتایی دەركەوتووە، بە هۆكاری تەكنیكی بووە، بەڵام بەشێك لە وردەكارییەكان پێویستیان بە كاتی زیاترە.

ئاماژە بەوەشكراوە، پێش ڕووداوەکە بە خولەک و نیوێک  فڕۆکەکە لە فڕین بەردەوام بووە و لە ئاراستەی خۆی دەرنەچووە، هەروەها فڕۆكەوانی هێلیكۆپتەرە پەیوەندیی بە فڕۆكەوانی هەردوو هێلیكۆپتەرەكەی دیكەوە كردووە.

دەربارەی ئەو گومانانەی سەبارەت بە کردنە ئامانجی فڕۆکەکە هەیە، لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوە خراوەتەروو، هیچ شوێنەوارێكی گولـلە یان هێرشێکی هاوشێوە بە پارچەكانی هێلیكۆپتەرە كەوتووەكە بەدی نەكراوە، هێلیكۆپتەرەكە بەهۆی بەركەوتنی بە شاخەكانی ناوچەكەوە کەوتۆتە خوارەوە و سووتاوە.

دەشڵێت” بەهۆی ئاڵۆزیی ناوچەكە و تەمومژ و نزمی پلەی گەرمی، پرۆسەی گەڕان گەیشتە شەو، بە درێژایی شەو پرۆسەی گەڕان بەردەوام بوو تاوەكوو كاتژمێر ٥ـی بەرە بەیانی دووشەممەی ڕابردوو، و هاوکات بە هاوكاریی درۆنی ئێرانی توانرا شوێنی وردی كەوتنەخوارەوەی هێلیكۆپتەرەكە دیاری بكرێت و تێمەكان و هێزەكانی پیادە بگەنە شوێنی مەبەست.

لە كۆتایدا ڕوونكراوەتەوە، لەكاتی كەوتنەخوارەوەی هەلیكۆپتەرەكە لەلایەن تاوەری چاودێرییەوە هیچ پەیوەندییەكی گوماناوی تۆمارنەكراوە و نەبیستراوە.

١٩ی ئەم مانگە ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆك كۆماری ئێران و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە و چەند بەرپرسێكی دیكە لە كاتی گەڕانەوەیان لە ئازەربایجانی ڕۆژهەڵاتەوە هێلیكۆپتەرەكەیان كەوتەخوارەوە، دوای زیاتر لە ١٢ كاتژمێر لە گەڕان توانرا شوێنی هێلیكۆپتەرەكە و تەرمەكانیان بدۆزرێتەوە، هەروەها دوێنێ لە مەراسیمێكدا لە شاری مەشهەد بەخاك سپێردران.

کەشناسی پێشبینی بۆ کەش و هەوای ئەمڕۆ دەکات
پێشت کەشناسی پێشبینی بۆ کەش و هەوای ئەمڕۆ دەکات
ئەنجامی لێکۆڵینەوە لە کەوتنەخوارەی هێلیکۆپتەرەکەی ئیبراهیم رەئیسی و هاوەڵەکانی بڵاوکرایەوە
دواتر ئەنجامی لێکۆڵینەوە لە کەوتنەخوارەی هێلیکۆپتەرەکەی ئیبراهیم رەئیسی و هاوەڵەکانی بڵاوکرایەوە
پەیوەندیدار