دوای پێشکەشکردنی وەرزێکی نایاب، ئەلۆنسۆ چی وت؟



چاڤی ئەلۆنسۆی ئیسپانی، ڕاهێنەری یانەی بایەر لیڤەرکوزن ڕایگەیاند، ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە لە یاری کۆتایی خولی تۆپی پێی ئەوروپا بەرامبەر ئەتەلانتا تووشی دۆڕانێکی سەخت بووین کە هەرگیز لەبیری ناکەین ، ئەویش بە ئەنجامی  (0-3) .

شەوی ڕابردوو یانەی بایەر لیڤەرکوزن یەکەم شکستی لەم وەرزەی خۆیدا لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکان چەشت،دوای ئەوەی لە یاری کۆتایی یۆرۆپالیگ بەرامبەر ئەتەلانتا (3-0) یارییەکەی دۆڕاند،  ئەمەش دوای 52 یاری لەسەر یەک بەبێ دۆڕان.

ئەلۆنسۆ لە لێدوانێکدا وتی: ئێمە ئەم شکستە لەبیر ناکەین، چونکە دۆڕان لە یارییەکانی کۆتاییدا لەبیرنەکراوە، بەڵام وانەی لێ وەردەگرین، هەموو هەوڵێکمان دا، بەڵام نەمانتوانی ئامانجەکەمان بگەین.

ئەلۆنسۆ لە لێدوانەکانیدا بۆ تۆڕی وەرزشی نێودەوڵەتی “ESPN” دوای یاری کۆتایی پاڵەوانێتی خولی ئەوروپا ئاماژەی بەوەدا،  پلانمان نەبوو ئەمڕۆ بە دۆخێکی ئاوا سەختدا تێپەڕین، بەداخەوە بەدرێژایی یارییەکە نەمانتوانی بەرامبەر ئەتەلانتا بەهێزبین، هەروەها نەمانتوانی لەو شێوازی هێرشانەی سەرەتایان ڕزگارمان بێت، سەرکەوتوو نەبووین لە جێبەجێکردنی هیچ کام لەو پلانانەی کە ئێمە لە ماوەی پێش یارییەکەدا مەشق و ڕاهێنانمان لەسەری کردبوو”.

ئەلۆنسۆ ڕوونیشیکردەوە: ئەمشەو هەوڵماندا بەشێوەی خۆمان یاری بکەین بە زیادکردنی پاسەکانی نێوان یاریزانەکانمان، بەڵام یاریزانانی ئەتەڵانتا کێشەیان بۆ دروستکردین لە چۆنیەتی تێپەڕاندنی تۆپ بەتایبەتی لە بەشی ناوەڕاستی یاریگادا، بەداخەوە لە یارییەکدا شکستمان هێنا کە نەدەبوو بدۆڕێنین، بەڵام دەرفەتێکی نایاب و ناوازەیە بۆ فێربوون لە یارییەکی ئاوا گەورەدا.

چاڤی وتیشی، هەموو سڵاوێکم بۆ ئەتەڵانتا هەیە، ئەوان تیپێکی گەورەن و شایەنی بردنەوە بوون، شکستەکەی ئەمڕۆ هیچی نەگۆڕی لە شانازیکردنم بە یاریزانانی بایر لیڤەرکوزن و ئەوەی لە ماوەی تەواوی وەرزێکدا پێشکەشیان کرد.

جێگای سەرنجە کە تیپی بایر لیڤەرکوزن هەلێکی باشی هەیە بۆ ئەوەی کەمێک شکستە تاڵەکە شەوی ڕابردووی بیربچێتەوە، ئەویش بە بردنەوەی جامی تۆپی پێی ئەڵمانی، کە بڕیارە شەممەی داهاتوو، لە یاریگای ئۆڵۆمپیاد لە بەرلینی پایتەخت بەرامبەر کایزەرسلاوتەرن-ی پلە دووی ئەڵمانیا بەڕێوەبچێت.

نرخی دۆلار بۆ خوار 132 هەزار جێگیر کرا
پێشت نرخی دۆلار بۆ خوار 132 هەزار جێگیر کرا
تەیف سامی بانگهێشتی پەرلەمان دەکرێت
دواتر تەیف سامی بانگهێشتی پەرلەمان دەکرێت
پەیوەندیدار