عێراق بڕی بودجەی هەرێم و پارەی مووچەی فەرمانبەرانی دیاریكرد



دوای پەسەند كردنی خشتەكانی بودجەی 2024ی عێراق لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە و ناردنی بۆ پەرلەمان بۆ دەنگدان لەسەری، بڕی بودجەی بەكاربردن و پڕۆژەكان و پارەی تەرخانكراو بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دیاریكرا.

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، ڕۆژی یەك شەممە 19ی ئایاری 2024 لە کۆبوونەوەیەکی نائاساییدا خشتەکانی بودجەی 2024ی پەسند کرد و دوێنێ‌ سێ شەممە 22ی ئایار خشتەکە گەیشتە پەرلەمانی عێراق، كە كۆی گشتی بودجە 211 ترلیۆن و 861 ملیار دینارە و زیاتر لە 64 ترلیۆن دیناریش کورتهێنانی هەیە، چونكە کۆی گشتیی داهاتی عێراق 147 تریلیۆن و 836 ملیار دینارە.

سۆران عومەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، لە كۆی گشتی بودجەی 2024دا بڕی 10 ترلیۆن و ٤٢ ملیار دینار نەفەقاتی حاکیمەیە و پشكی هەرێمی كوردستان ١٤ ترلیۆن و ٨٤٠ ملیار دینار و ١ ترلیۆن و ١١٦ ملیار دینار لەپشکی هەرێم بۆ قەرزی TBI دەبڕدرێت.

سەبارەت بە پشكی مووچە وتی، “بڕی ١١ ترلیۆن و ٥٧٦ ملیار دینار بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دانراوە، كە مانگانە ٩٦٥ ملیار دینار بۆ مووچەی هەرێمە”.

ڕوونیشی كردەوە، لەخشتەکانی بودجەی ٢٠٢٤ دا کرێی دەرهێنانی بەرمیلێک نەوت بۆ عێراقیش پڕ نەکراوەتەوە و هیچ نرخێک دیاری نەکراوە.

جەختیشی كردەوە، ئەوەی پەیوەستە بە مووچەی هەرێم بەبڕیاری دادگای فیدڕاڵی پەیوەستە بە تەوتین و داهاتی ناوخۆ، کەتاکو ئەم کاتە هیچ هەنگاوێکی کرداری بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی نەنراوە.

هەر لە خشتەکاندا ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە 658 هەزار و 189 دیاریکراوە. لە بودجە حاکیمەدا 69 ملیار و 230 ملیۆن دینار بۆ خەرجیی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان تەرخانکراوە.

ئەمەش لەكاتێكدایە، كە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی ڕوونە، حکومەتی ناوەندی و حکومەتی هەرێمی کوردستانی بە خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و چاودیری کۆمەڵایەتی و کەسوکاری شەهیدان بەبێ گەڕانەوە بۆ بودجە پابەندکردووە، واتە خەرجکردنی ڕاستەوخۆ.

پەرلەمان یاسای پشووە فەرمییەكانی پەسەند كرد
پێشت پەرلەمان یاسای پشووە فەرمییەكانی پەسەند كرد
بەتۆمەتی بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە ئێران بەدوای 288 چالاکوانەوەیە
دواتر بەتۆمەتی بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە ئێران بەدوای 288 چالاکوانەوەیە
پەیوەندیدار