یەکەم وڵاتی ئەوروپی بڕیاری دەستگیرکردنی ناتانیاهۆی دا



نەرویج وەک یەکەم وڵاتی ئەوروپی ئامادەیی خۆی بۆ دەستگیرکردنی نەتانیاهۆ ڕاگەیاند، میدیاکانی ئیسرائیلیش هەڵوێستەکەی بە “بێ کاریگەر” ناودەبەن.

ئیسپێن بارس ئاید، وەزیری دەرەوەی نەرویج ڕایگەیاند، ئەگەر دادگای تاوانەکانی نێودەوڵەتی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەربکات، ئەوا ئۆسلۆ پابەندە بە دەستگیرکردنی ئەگەر سەردانی وڵاتەکە بکات.

ئاماژەی بەوەکردووە، ئەگەر دادگا بڕیاری دەستگیرکردنی ناتانیاهۆ بدات، ئەوا هەموو ئەو دەوڵەتانەی واژۆکارن لەسەر پەیڕەوی ناوخۆی ڕۆما کە دادگاکەیان دامەزراندووە، دەبێت هەڵوێستی خۆیان ڕابگەیەنن.

میدیا ئیسرائیلییەکان گرنگییان بەو لێدوانانە داوە، لە کاتێکدا کە کۆمپانیای پەخشی ئیسرائیلی ڕایگەیاندووە کە نەرویج “یەکەم وڵاتی ئەوروپییە کە هەڕەشەی دەستگیرکردنی ناتانیاهۆ و یۆاڤ گالانت وەزیری بەرگری ئیسرائیل دەکات”.

لای خۆیەوە ڕۆژنامەی یەدیۆس ئەهرۆنۆت بڵاویکردەوە، ئەم هەڕەشەیە بێ کاریگەرە، چونکە نە سەرۆک وەزیران و نە وەزیری بەرگریش بەم نزیکانە سەردانی نەرویج ناکەن.

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، نەرویج هاوشانی ئیسپانیا و ئیرلەندا لە وڵاتانی ئەوروپا، ئێستا زۆرترین دوژمنایەتی ئیسرائیل دەکەن و پەیوەندییەکانی نێوان ئەوان و تەلئەبیب بەرەو ئاستێکی خراپ چووە.

ڕۆژنامە ئیسرائیلییەکە، نەرویجی بەراورد کردووە لەگەڵ بەریتانیا، کە ڕەخنەی لە بڕیارەکەی داواکاری گشتی دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان کەریم خان گرتووە.

کەریم خان ڕۆژی دووشەممە لە بەیاننامەیەکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند، کە داوای دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردنی لە دژی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و وەزیری بەرگری و سێ سەرکردەی حەماس کردووە.

داواکاری دادگاکە پێی وایە، ئیسرائیل بۆ بەدەستهێنانی ئامانجە سەربازییەکانی لە غەززە، بە ئەنقەست بووەتە هۆی مردن، برسێتی، ئازارێکی زۆر و بریندارکردنی سەختی جەستە یان تەندروستی دانیشتوانی مەدەنی، کە ئەمانەش تاوانن.

جێگری پارێزگاری هەڵەبجە دەربارەی دامەزراندنی 500 فەرمانبەر دڵنیایی دەدات
پێشت جێگری پارێزگاری هەڵەبجە دەربارەی دامەزراندنی 500 فەرمانبەر دڵنیایی دەدات
سبەینێ مووچەی مامۆستایانی وانەبێژ دابەشدەکرێت
دواتر سبەینێ مووچەی مامۆستایانی وانەبێژ دابەشدەکرێت
پەیوەندیدار