ئایا ڕۆژئاوا لە شەڕی ئۆکراین دا، دۆڕا؟



 

ڤۆڵدمێر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکراین ترس و نیگەرانی خۆی لە هێرشی فراوانتری ڕووسیا، بۆ باوجەکانی ڕۆژهەڵات و باکووری وڵاتەکەی دەردەبرێت و ڕۆژئاواش دەیەوێت بە خێرایی کۆتایی بە شەڕی ئۆکراین بێت، هیچ دۆڕاو و براوەیەک بوونی نەبێت.

 

هەرچەندە، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراین دەیەوێت بە ورەبەرزی دەربکەوێت، بەڵام واقیع ناچاری دەکات دان بەوەدا بنێت کە دۆخەکە سەختە، دواکەوتنی هاتنی چەکەکانی ڕۆژئاواش ڕەنگە ڕێگە خۆش بکات بۆ ئەوەی ڕووسیا پێشڕەوی بکات و سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، بەتایبەتی لە شاری ستراتیژیی خارکیڤ.

 

دوای ئەوەی شەڕی ئۆکراین ماوەیەکی زۆری خایاند، کیێڤ گوشاری خستە سەر ئەوروپاو بە ماندووبوونی سوپاکەی و ڕادەستنەکردنی وەک پێویستی چەک و تەقەمەنی پەیامێکی دایە وڵاتانی کیشوەرەکە، ئەوروپییەکانیش نایانەوێت ئەم شەڕە بە براوەیەک یان دۆڕانێک، کۆتایی بێت و دەیانەوێ بە وەک یەکییەک دۆخەکە بەزوویی بە کۆتا بهێنن.

زێلێنسکی، ڕۆژی هەینی لەگەڵ ئاژانسی فرانس پرێس، ترسی خۆی دەربڕی لەوەی ئەو هێرشە زەمینییەی کە ڕووسیا لە ناوچەی خارکیڤ لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئۆکراین دەستیپێکردووە، پێشەکییەک بێت بۆ هێرشێکی فراوانتر لە باکوور و ڕۆژهەڵات.

 

جۆش و خرۆشی پێشووتری زێلێنسکی و ئەو لێدوانانەی کە ئاماژەیان بە شکستپێهێنانی ڕووسەکان و فێرکردنی وانەدەکرد، نەما و ڕوخساری شتێکی دیکەی دەوت، لە قسەکانی ئەم دواییەیدا ئامانجی کۆتایی ناوبراو ئەوە بوو بە گەیشتن بە “ئاشتییەکی دادپەروەرانە”، سنووردارکردنی زیانەکان و ڕێگریکردن لە ڕووخانیشارە گەورەکان بگەنە رێگەچارەیەک، لە هەمان کاتدا ئەوەشی نەشاردەوە کە دانوستان زەحمەتە.

 

سەرۆکی ئۆکراین خۆی لە دۆخێکی سەختدا دەبینێتەوە دوای ئەوەی لەلایەن ڕۆژئاواوە تەنها بە جێهێڵراوە، بەتایبەتی ئەمریکا، کە ئەو چەکە تایبەتانە نانێرێت کە داوای دەکات، بەتایبەتی مووشەکی پاتریۆت.

 

زێلێنسکی دەڵێت؛ ڕووسەکان دەتوانن “پێشکەوتن” بەدەست بهێنن لەسەر حیسابی سوپای ئۆکراین کە دوای دوو ساڵ لە شەڕ ئێستا سوپاکەی ماندوو بووە و بەدەست کەمی چەک و جبەخانەی پێویستەوە دەناڵێنێت، بەڵام جەختیشی کردەوە، هەرچەندە هێزەکانی ڕووسیا لە خارکیڤ پێشکەوتنیان بەدەستهێناوە لە دوای دەستپێکردنی هێرشە لەناکاوەکەیان لە بەرەبەیانی 10ی ئایار، بەڵام دۆخی ئەم ناوچەیە لە پێشوو باشترە.

 

لە هەمان کاتدا پێی وابوو کە ڕووسیا هێزی پێویستی نییە بۆ هێرشکردنە سەر کیێڤ، کە لە سەرەتای لەشکرکێشیەکەیدا لە شوباتی ٢٠٢٢ هەوڵیدا پێشڕەوی بۆ بکات پێش ئەوەی پاشەکشە بکات.

 

سەبارەت بە کۆنفرانسی “بۆ ئاشتی” کە بڕیارە لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیران لە سویسرا بەڕێوەبچێت، زێلێنسکی داوای لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی هاوپەیمانی کیێڤ کرد کە نەک تەنها هەوڵی کۆتاییهێنان بە شەڕ لەگەڵ ڕووسیا بدەن، بەڵکو هەوڵی “ئاشتییەکی دادپەروەرانە” بۆ وڵاتەکەی بدەن.

 

وتی: ئێمە دەمانەوێت شەڕەکە بە ئاشتییەکی دادپەروەرانە بۆ ئێمە کۆتایی پێبێت و ڕۆژئاواش تەنها دەیەوێت شەڕەکە بە خێرایی بوەستێت.

 

هۆشداریشیدا لەوەی کە جێگیرکردنی کەرەستەی سەربازیی نوێی ڕۆژئاوا ڕەنگە پێویستی بە چەند مانگێک هەبێت کە لەو ماوەیەدا ڕووسیا بتوانێت لە مەیدانەکەدا سەرکەوتن بەدەستبهێنێت.

 

زێلێنسکی ئاماژەی بەوەشکرد، هێزەکانی ڕوسیا لە نێوان پێنج بۆ دە کیلۆمەتردا بەدرێژایی سنووری باکووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەیان هاتوونەتە ناوەوە، پێش ئەوەی هێزەکانی ئۆکراین ڕێگریان لێبکەن.

 

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕادیۆتەلەفزیۆن، بەگوێرەی کاربەدەستێکی ناوخۆیی ڕۆژی شەممە، نزیکەی ١٠ هەزار کەس لە ناوچەی خارکیڤ لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئۆکراین، لە دوای دەستپێکردنی هێرشێکی زەمینی لەناکاوی ڕووسیا، کە زیاتر لە هەفتەیەک لەمەوبەر دەستیپێکردووە، ناچاربوون ماڵەکانیان بەجێبهێڵن.

 

بە وتەی سەرۆکی ئۆکراین، ڕووسیا دەیەوێت هێرش بکاتە سەر شاری خارکیڤ کە دووەم گەورەترین شاری ئەو وڵاتەیە و تەنیا چەند کیلۆمەترێک لە میحوەرەکەیەوە دوورە، کە مۆسکۆ لە ساڵی ٢٠٢٢دا نەیتوانیبوو دەستی بەسەردا بگرێت و ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند؛ بەنیازی هێرشکردنە سەری نییە “لە ئێستادا”.

 

ئایا ڕۆژئاوا لە شەڕی ئۆکراین دا، دۆڕا؟

 

مۆسکۆ پێشتر لە قۆناغە سەرەتاییەکانی لەشکرکێشیدا بەشێکی زۆری ئەم ناوچەیەی کۆنترۆڵکردبوو، پێش ئەوەی کیێڤ دەستی بەسەردا بگرێتەوە.

 

ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا ڕۆژی هەینی رابردوو دووپاتی کردەوە، کە ئامانجی هێرشە نوێیەکە بریتییە لە دامەزراندنی “ناوچەی پارێزراو” لە بەرامبەر هێرشەکانی ئۆکراین بۆ سەر خاکی ڕووسیا.

 

زێلێنسکی ئاماژەی بەوەکردووە، ئۆکراین پێویستی بە ١٢٠ بۆ ١٣٠ فڕۆکەی جەنگی ئێف ١٦ هەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هێزی ئاسمانی ڕووسیا.

 

ڕوونیشی کردەوە، “ڕۆژئاوا ترسی ئەوەی هەیە ڕووسیا لە شەڕەکەدا بدۆڕێت، (لە هەمان کاتیشدا) نایەوێت ئۆکراین ئەو شەڕە بدۆڕێنێ”، چونکە سەرکەوتنی کۆتایی ئۆکراین دەبێتە هۆی شکستی ڕووسیا، و سەرکەوتنی کۆتایی ڕووسیاش دەبێتە هۆی شکستی ئۆکراین”.

 

زێلێنسکی باسی لەو ڕاستییە کرد کە ڕۆژئاواییەکان ڕێگری لە ئۆکراین دەکەن کە ئەو چەکانەی کە لە لایەن ئەوروپا و ئەمریکاوە دابینکراون بۆ هێرشکردنە سەر خاکی ڕووسیا بەکاربهێنێت.

 

وتی، “ئەوان دەتوانن لە خاکی خۆیانەوە لێمان بدەن، ئەمەش گەورەترین خاڵە کە ڕووسیا سوودی لێ وەردەگرێت، ئێمەش ناتوانین هیچ شتێک ئەنجام بدەین ئەوەی دەکرێت تەنیا بە بەکارهێنانی چەکی ڕۆژئاوا دەبێت کە نیمانە و مافی ئەوەشمان نییە ئەو کارە بکەین”.

 

کەشناسی: ئەگەری تاوەباران و هەورە تریشقە هەیە
پێشت کەشناسی: ئەگەری تاوەباران و هەورە تریشقە هەیە
ئامارێکی نوێ لەسەر ژمارەی ئاوارەکان لە عێراق ئاشکرا دەکرێت
دواتر ئامارێکی نوێ لەسەر ژمارەی ئاوارەکان لە عێراق ئاشکرا دەکرێت
پەیوەندیدار