پارتی ڕێككەوتنی هەرێم و بەغدا بۆ مووچە و هەژماری من ئاشكرادەكات



سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، حکومەتی ھەرێمی کوردستان پابەندی ڕێککەوتنە لەگەڵ بەغدا و پێویستە بەغداش چیتر بیانوو بە ھەرێمی کوردستان نەگرێت. دەشڵێت: ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتنیش ھەیە و پێویستە لە کاتی خۆیدا مووچەی فەرمانبەران بنێرن.

د. ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی ڕایگەیاندووە، “ڕێککەوتن لە نێوان حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق ھەیە بۆ ئەوەی مانگانە مووچەی فەرمانبەران ڕەوانە بکەن و لێکتێگەیشتنیش لەنێوان ھەردوولا کراوە و حکومەتی ھەرێمی کوردستان ئەرکی خۆی جێبەجێ کردووە و پابەندی ڕێککەوتنەکە بووە، بەڵام حکومەتی عێراق پابەندی ڕێککەوتنەکە نییە و ھەر جارەو بیانوویەک دەدۆزنەوە، جارێک باسی وردبینی دەکەن و جارێک باسی نەناردنی لیستی ناوەکان دەکەن و ئێستاش وەزارەتی دارایی عێراق باسی نەبوونی سیولە دەکات، بۆیە ئەمە ھەمووی وا دەکات ناردنی مووچە دوابکەوێت و زەرەرمەندی یەکەمیش فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستانن.

جەختیشی كردۆتەوە، پێویستە حکومەتی عێراق پابەندی ڕێککەوتن لەگەڵ ھەرێمی کوردستان بێت و مووچە لە کاتی خۆیدا ڕەوانە بکات، چونکە ناکرێت ھەموو مانگێک بیانوویەک بە ھەرێمی کوردستان بگرن.

وتیشی: “ڕێککەوتنێکی سەرەتایی لەنێوان حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ پڕۆژەی ھەژمای من لەگەڵ بانکی (تی بی ئای) ھەیە و ھەندێک رێکاری تەکنیکی ماون، بۆیە ھیوادارین ئەوەش کۆتایی بێت و یەکلا بکرێتەوە، بۆ ئەوەی بیانووی ئەوەش نەمێنێت، کە داوا دەکرێت پێویستە مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان تەوتین بکرێت، بۆیە حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە ھەوڵی بەردەوامدایە ئەو پرسەش یەکلا بکاتەوە و ھیچ بیانوویەک بۆ بەغدا نەمێنێت و کێشەی مووچە بە تەواوی چارەسەر بکرێت”.

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دەشڵێت: “داواکارین حکومەتی عێراق ناردنی مووچەی فەرمانبەران بکاتە ئەولەویەتی کارەکانی و مانگانە لە کاتی خۆیدا مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان ڕەوانە بکات، چونکە ناکرێت ھەر مانگێک بیانوویەک بە ھەرێمی کوردستان بگرن و ناردنی مووچەی فەرمانبەران دوابکەوێت، لەبەر ئەوەی ئێستا مانگی پێنجە و هێشتا مووچەی مانگی چوار ڕەوانە نەکراوە”.

 

لە ڕووداوێکی هاتووچۆدا 6 کەسی بوونە قوربانی
پێشت لە ڕووداوێکی هاتووچۆدا 6 کەسی بوونە قوربانی
دادگای فیدڕاڵی بۆ پێدانی نەوت بە هاووڵاتیانی هەرێم بڕیار دەدات
دواتر دادگای فیدڕاڵی بۆ پێدانی نەوت بە هاووڵاتیانی هەرێم بڕیار دەدات
پەیوەندیدار