گرنگی باخچەی منداڵان لە ئامادەکردنی منداڵ بۆ قوتابخانە



دەرناخ ڕەئوف – ماستەر لە سەرکردایەتی لە پەروەردە

 

قۆناغی باخچەی منداڵان گرنگییەکی زۆری هەیە لە ئامادەکردنی منداڵاندا بۆ قۆناغی قوتابخانە، چونکە لە ماوەی پەروەردەی پێش قوتابخانەدا، منداڵان فێری چەندین چالاکی کۆمەڵایەتی دەبن وەک: هاوسۆزی، گیانی هاوکاری، کۆمەڵایەتی بوون و فێربوونی پێکەوەکارکردن.

مەبەستی سەرەکی لە پەروەردەی پێش قوتابخانە ئامادەکردنی منداڵە بۆ قوتابخانە لە ڕووی کۆمەڵایەتی و وانەکانەوە، ئامانجی پەروەردەی پێش قوتابخانە بریتییە لە دروستکردنی مەراق و حەز بۆ فێربوون لە منداڵەکەدا، هەروەها دۆزینەوەی توانای منداڵەکە و سازکردنی زەمینەیەکی لەبار کە تواناکانی منداڵەکە ببینرێت.

پەروەردەناسی بەناوبانگ “بنیامین بلوم” ئەوە یاداشتدەکات کە ٥۰٪ی گەشەی مێشک تا تەمەنی ۱۷ ساڵی لە تەمەنی چوار ساڵیدا ڕوودەدات، لە تەمەنی ٤ بۆ ۸ ساڵیدا ۳۰٪ و لە تەمەنی ۸ بۆ ۱۷ ساڵیدا ۲۰٪ ڕوودەدات.

لەم زانیارییانەوە باشتر لە کاریگەری پەروەردەی پێش قوتابخانە تێدەگەین کە زۆرترین ڕێژەی گەشەی مێشک لە تەمەنی باخچەدایە، جێی ئاماژەیە کە گەشەی مێشک ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە سەرکەوتنی قوتابییەوە هەیە لە قوتابخانە، لەم ڕوانگەیەوە هەبوونی پڕۆگرامێکی تۆکمە لە باخچە، کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر سەرکەوتنی قوتابی دەبێت لە قوتابخانە.

پەروەردەی پێش قوتابخانە چی بە منداڵ دەبەخشێت؟

پێش دەستپێکردنی خوێندنی سەرەتایی هەندێک خووی بنەڕەتی هەیە پێویستە هەموو منداڵێک بەدەستیبهێنێت، پەروەردەی باخچەی منداڵان ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە بەدەستهێنانی چەندین کارامەیی و تایبەتمەندی گرنگ و پێویست، کە دەتوانین دیارترینیان لەم خاڵانەی خوارەوەدا کۆ بکەینەوە:

یەکەم، باشترکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان

لە پەروەردەی باخچەی منداڵانی پێش قوتابخانە، منداڵانی تەمەن ٤ ساڵ و ٥ ساڵ، ژینگەی ماڵەوە بەجێدەهێڵن و دەستدەکەن بە پەیوەندیبەستن لەگەڵ کەسانی تر جگە لە دایک و باوکیان، ئەمەش دەرفەتێک دەڕەخسێنێت بۆ ئەوەی منداڵ کارامەییەکانی ژیانی ڕۆژانەی بەرەوپێشببات، ئیتر پەیوەندی هاوڕێیەتی زۆر گرنگ دەبێت بۆی، چونکە لە لایەکەوە، فێری هاوبەشکردنی خواردن و یارییەکان دەبێت، لە لایەکی تریشەوە، توانای پەیوەندیبەستنی لەگەڵ کەسانی تردا گەشە دەکات، بە تایبەتی فێربوونی بەڕێوەبردنی ناکۆکییەکانی لەگەڵ هاوڕێکانی لە باخچەی منداڵان، کە لە ژیانی دواتردا زۆر سوودبەخش دەبێت، ئەمەش ڕێگە بە منداڵەکە دەدات کە فێری خوێندنەوەی چواردەورەکەی ببێت، یارمەتی دەدات بۆ ئەوەی بیرۆکەیەکی هەبێت لەسەر ئەوەی چۆن و کەی خۆی بپارێزێت، هاوکات لەگەڵ بەرەوپێشچوون و گەشەکردنی توانای پەیوەندیبەستن، فێری ڕێزگرتن لە کەسانی تریش دەبێت.

دووەم، ئەو منداڵەی کە لە باخچە دەخوێنێت، لە قۆناغی سەرەتایی قوتابخانەدا دوا ناکەوێت

یەکێکی دیکە لەو بابەتە گرنگانەی کە لە پەروەردەی پێش قوتابخانەدا پێویستە منداڵان وەریبگرن، گەشەی جەستەییە، باخچەی منداڵان دەرفەتێکی زۆر باشە بۆ گەشەپێدان و بەرەوپێشبردنی سایکۆمۆتۆر-بریتییە لەو کارامەییانەی کە لەسەر بنەمای جووڵە بەدەستێت- بۆ نمونە یەکێک لەو کارامەییانە گەشەی ماسولکەکانی پەنجەیە، کە زۆر گرنگە منداڵ لە پێش قوتابخانە ماسولکەکانی پەنجەی گەشەی کردبێت و ئامادەبێت بۆ نوسین و گرتنی قەڵەم.

گەر منداڵێک لە باخچە چالاکییەکانی وەک چۆنیەتی گرتنی قەڵەم، وێنەکێشان، و بەکارهێنانی مەقەست بەشێوەیەکی چالاک وەرگرتبێت ئەوا لە قۆناغی قوتابخانەی سەرەتاییدا لە هاوڕێکانی دواناکەوێت، هاوکات، منداڵەکە بە هۆی چالاکییەکانی باخچەوە، کارامەیی و چالاکییەکانی وەک راکردن و بازدان و هەڵدان و هەڵگەڕان بەباشی گەشە دەکات.

سێیەم، پەروەردەی پێش قوتابخانە متمانە بەخۆبوون زیاددەکات

ئەو منداڵەی کە دەچێتە باخچەی منداڵان، فێری ئەوە دەبێت لە دووری دایکوباوکی خۆی لەگەڵ ئەو ژینگەیەدا ڕابهێنێت کە تێیدا دەژی، چونکە لەم ژینگەیەدا پێویستە خۆی کێشەکانی خۆی چارەسەر بکات، خۆی کارەکانی خۆی ئەنجامبدات، بگرە پێویستدەکات هەندێکجار لەبارەی هەندێک بابەتەوە خۆی بڕیاریان لەسەربدات، لەم ڕێیەوە هەستی متمانە بەخۆبوون و هەستی سەربەخۆییبوونی گەشە دەکات، بە دڵنیاییەوە لە باخچەی منداڵاندا فێری پابەندبوون بە ئەو سنوور و یاسایانەش دەبێت کە هەر تاکێک پێویستە پابەندیبێت لە کۆمەڵگەدا.

چوارەم، قۆناغی پێش قوتابخانە قۆناغێکە بۆ دۆزینەوەی بەهرەکان

منداڵ لە تەمەنی ٣ بۆ ٥ ساڵیدا، لە قۆناغی پێش قوتابخانە، لایەنی کۆمەڵایەتی و لایەنی هەستی منداڵ، پێکەوە دەستدەکەن بە گەشەکردن، ڕەهەندی نوێ دێتە ژیانیەوە، لەڕێگەی ئەو چالاکییانەی کە لە باخچەی منداڵان ئەنجامدەدرێن، منداڵەکە دەستدەکات بە ناسینی خۆی و دۆزینەوەی بەهرەکانی، بەم هۆیەوە بەجۆرێک دەستدەکات بە خوێندنی سەرەتایی، کە ئەو بەهرانە تاڕادەیکی باش گەشەیانسەندووە، چونکە دەرفەتێکی باشی بۆڕەخساوە تاکو گەشەیان پێبدات، یەکێکی دیکە لە لایەنە گرنگەکانی باخچەی منداڵان لەم پڕۆسەیەدا ئەوەیە گەر کێشەیەکی گەشەکردن لە منداڵەکەدا هەبێت، دەستنیشاندەکرێت و دەکرێت چارەی پێویستی بۆ بدۆزرێتەوە.

پێنجەم، گەشەی زمان خێراتر دەبێت

ئەو منداڵەی کە هەموو پێداویستییەکانی دەستبەجێ لەلایەن دایک یان چاودێرەوە لە ماڵەوە جێبەجێدەکرێت، لەوانەیە پێویستی بە قسەکردن نەبێت بۆ دەربڕینی پێویستییەکانی، بەڵام، ئەو منداڵانەی کە دەچنە باخچەی منداڵان کاتێک پێکەوەدەبن، پێویستیان بە قسەکردن هەیە بۆ خستنەڕووی داخوازییەکانیان تاکو ئەو شتانەی دەیانەوێت بەدەستیبهێن، لەمڕێیەوە، منداڵەکە بە ئەزموونکردن و پراکتیزەکردن فێری قسەکردن دەبێت نەک تەلەفزیۆن.

شەشەم، دیاریکردنی کێشەکان پێشچوونە قوتابخانە

لە ڕوانگەی ”بلووم” ەوە ۷۰٪ی گەشەی زیرەکی منداڵ لە تەمەنی ۷ ساڵیدا تەواو دەبێت و توانای فێربوون لە قۆناغی پێش قوتابخانە گەشە دەکات، لەمڕووەوە، زۆر گرنگە منداڵ زۆرترین چالاکی پەروەردەیی و کۆمەڵایەتی لەگەڵدا ئەنجامبردێت پێش چوونە قوتابخانە، هەروەها دیاردەکانی وەک بەشداریکردنی منداڵ لە چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان و فێربوونی دامەزراندنی پەیوەندی کۆمەڵایەتی لەم ماوەیەدا گەشە دەکەن، پێویستە باخچەی منداڵان وەک دەرفەتێک تەماشابکرێت، چونکە ئەو کێشانەی کە لە قۆناغی پێش قوتابخانەدا ڕێگرییان لێ نەکراوە، لەوانەیە کاریگەری نەرێنی لەسەر تەواوی ژیانی منداڵەکە هەبێت.

لە کۆتاییدا دەتوانین ئەوە بڵێین ئەو منداڵانەی که ئامادەکراون لە باخچەی منداڵان بۆ خوێندنی سەرەتایی، ئەوا سەرکەوتووتر دەبن له قوتابخانه لە ڕووی ڕاهاتن لە رۆژانی دەستپێکی قوتابخانە و ئامادەبوون بۆ ئەرکەکانی قوتابخانە و توانای نوسین و خوێندنەوە و پەیوەندیبەستن لەگەڵ هاوڕێکانیدا.

 

قوباد تاڵەبانی: دەبێت مووچە بنێردرێت
پێشت قوباد تاڵەبانی: دەبێت مووچە بنێردرێت
گرێبەستی 117 کارمەندی تەندروستی نوێ کرایەوە
دواتر گرێبەستی 117 کارمەندی تەندروستی نوێ کرایەوە
پەیوەندیدار