بافڵ تاڵەبانی: دەبێت داھاتی غاز لەخزمەت خەڵك و ئاوەدانی ھەرێمەكەماندا بێت



سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان لە واشنتۆن ڕایدەگەیەنێت، ھەرێمی كوردستان خاوەنی ژێرخانێكی بەھێزی غازە و دەبێت مامەڵەیەكی بەرپرسیارانەی لەگەڵ بكرێت و دەشڵێت: ھەموو ھەوڵێك بۆ دواخستنی ھەڵبژاردن ڕەتدەكەینەوە و نامانەوێت خواست و ئیرادەی خەڵك بۆ گۆڕانكاری بكرێتە قوربانیی بەرژەوەندیی تایبەت.

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە ئامادەبوونی دەرباز كۆسرەت رەسوڵ، لێپرسراوی مەكتەبی پەیوەندییەكان لە دوو دیداری جیاوازدا لە واشنتۆن لەگەڵ ھەریەك لە ئامۆس ھۆچستاین، رێكخەری تایبەتی سەرۆكایەتی ئەمریكا بۆ ژێرخانی جیھانی و ئاسایشی وزە و ستیڤ بیتنەر، بەڕێوەبەری فەرمانگەی كاروباری عیراق لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا كۆبووەوە.

بافڵ جەلال تاڵەبانی لەبارەی دۆخی گشتیی ھەرێمی كوردستان و كەرتی وزە ئاماژەی بەوەكرد، ھەرێمی كوردستان خاوەنی ژێرخانێكی بەھێزی گازە و دەبێت مامەڵەیەكی بەرپرسیارانەی لەگەڵ بكرێت. پێویستە بە ستراتیژێكی نوێ و نیشتمانییەوە گەشە بەو كەرتە بدرێت و ببێتە مایەی بەھێزتركردنی ژێرخانی ئابووریی ھەرێمی كوردستان، داھاتەكەی لەخزمەت خەڵك و ئاوەدانیی ھەرێمەكەماندا بێت. ئەمەش ئەو ئامانجەیە كە ئێمە ھەوڵی بەدیھێنانی دەدەین و دەمانەوێت بەرەو ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی ھەنگاوبنێین.

بافڵ جەلال تاڵەبانی لەلایەن نووسینگەی كاروباری رۆژھەڵاتی نزیك لە وەزارەتی دەرەوە مێزگردێكی بۆ سازكرا و ھەریەك لە نووسینگەكانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، كاروباری سەربازی و سیاسی، دیموكراسی و مافی مرۆڤ و كار، ئۆپەراسیۆنەكانی ململانێ و سەقامگیری، ھەواڵگری و لێكۆڵینەوە تێیدا ئامادەبوون.

بەپێی ڕاگەیەنراوی نووسینگەی سەرۆكی یەكێتی، بافڵ تاڵەبانی باسێكی ورد و چڕی لەبارەی رووداو و گۆڕانكارییە سیاسییەكان پێشكەشكرد و سیاسەتی نیشتمانیی یەكێتی وەك ھێزێكی كاریگەر و بەرپرسیار بەرامبەر ھەرێمی كوردستان و خەڵكەكەی ڕوونكردەوە.

وتیشی، “ھەوڵی ئێمە لەسەرەتاوە لەپێناو قووڵكردنەوەی پێكەوەژیان و كۆتاییھێنان بە ناكۆكییەكان بووە، ھەمیشە لەگەڵ چارەسەری ئاشتییانەی كێشەكان بووین و ھەوڵمانداوە بەشێك بین لە چارەسەر و باوەڕی تەواومان بە ھاوبەشیی راستەقینە ھەیە لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا. لەگەڵ ھاوبەشەكانیشمان لە بەغداد لەچوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكان رێككەوتووین و كۆكین لەسەر بەڕێوەبردنی وڵات لەسەر بنەمای دەستوور و پاراستنی مافی ھەموو گەلانی عیراق”.

لەبارەی ھەڵبژاردنەوە وتی، “ھەمووان ھەڵوێستی ئێمە لەبارەی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردن و گەشەكردنی دیموكراسی لەھەرێمی كوردستان دەزانن، زۆرینەی لایەنە سیاسییەكانی تریش ھاوھەڵوێستن و دەیانەوێت گۆڕانكاری لەپڕۆسەی حوكمڕانی بێتەئاراوە. ھەموو ھەوڵێكیش بۆ دواخستنی ھەڵبژاردن رەتدەكەینەوە و نامانەوێت خواست و ئیرادەی خەڵك بۆ گۆڕانكاری بكرێتە قوربانیی بەرژەوەندیی تایبەت”.

سەبارەت بە پرسی پێشمەرگەش، بافڵ تاڵەبانی ڕایگەیاند، ھەوڵەكان بۆ رێكخستنەوە و بەنیشتمانیكردنی ھێزی پێشمەرگە بەردەوامە و بەئومێدەوە لێی دەڕوانین. پشتیوانی و ھاوكارییەكانی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بەتایبەت ئەمریكا جێگەی پێزانینی ئێمەیە و پرۆسەكەی خێراتر كردووە. جەخت لە بەردەوامیی ھەماھەنگییە سەربازی و ھەواڵگرییەكانیش دەكەینەوە لەپێناو پاراستنی ژیانی خەڵك و سەقامگیریی ناوچەكە، چونكە مەترسییەكانی تیرۆر بەردەوامە و دەبێت ھەمووان پێكەوە رووبەڕووی بوەستینەوە.

مۆبایل بووە بە خوو،،،هۆکاری سەرەکی کەم خەوییە، چۆن چارەسەری دەکەیت؟
پێشت مۆبایل بووە بە خوو،،،هۆکاری سەرەکی کەم خەوییە، چۆن چارەسەری دەکەیت؟
زیاتر لە 300 کەس لە ئەفغانستان بەهۆی لافاوەوە گیانیان لەدەستداوە
دواتر زیاتر لە 300 کەس لە ئەفغانستان بەهۆی لافاوەوە گیانیان لەدەستداوە
پەیوەندیدار