ئیسرائیل کەناڵی جەزیرە دادەخات



بەرپرسێکی ئیسڕائیل و سەرچاوەیەکی ئەلجەزیرە بە ڕۆیتەرزییان ڕاگەیاندووە،  دوای فەرمانێکی حکومەتی ئیسڕائیل بۆ داخستنی کەناڵی تەلەفیزیۆنی ئەلجەزیرە، پۆلیسی ئیسڕائیل هەڵیانکوتاوەتە سەر ژوورێکی هۆتێلێکی ئۆرشەلیم کە لەلایەن ئەلجەزیرەوە وەکو ئۆفیسێکی نافەڕمی بەکارهێندراوە.

بەپێی گرتە ڤیدیۆییەک کە لە ئۆنلاین بڵاوبووەتەوە، ئەفسەرەکان کەلوپەلی کامێراکان لە ژووری هۆتێلەکەدا لادەبەن، سەرچاوەکەی ئەلجەزیرە وتی هۆتێلەکە لە ڕۆژهەڵاتی ئۆرشەلیم بووە.
حکومەتەکەی سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو کەناڵەکەی تاوەکو ئەو کاتەی جەنگەکەی ناو غەززە تەواو دەبێت داخست، ئەوەش بە هۆکاری ئەوەی کە کەناڵەکە مەترسییە لەسەر ئاسایشی نیشتیمانی وڵاتەکە.
ئەلجەزیرە وتی ئەو هەنگاوەی حکومەتی ئیسڕائیل ” تاوانکارییە ” و ئەو تۆمەتانەی ڕەت کردەوە کە گوایە کەناڵەکە مەترسی لەسەر ئاسایشی ئیسڕائیل دروست کردبێت و وتی ” تۆمەتەکان درۆیەکی مەترسیدار و بێمانان ” و ڕۆژنامەنووسەکانیشی دەخەنە مەترسییەوە.
ئەلجەزیرە ڕەخنەی لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسڕائیل گرتووە لە غەززە، لەو ئۆفیسەشییانەوە لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەکەوە تاوەکو ئێستا بەردەوام ڕووماڵی جەنگەکەیان کردووە.

پێشتر ئەلجەزیرە ئاماژەی بەوەدا بوو کە هەوڵەکانی ئیسڕائیل بۆ داپۆشینی ئەرکەکانی ” پەرەسەندنێکە ” و لە سەرەتای مانگی چواردا وتی ” ئەو هەوڵانە بەشێکن لە هێرشە ڕێکخراوەکانی ئیسڕائیل بۆ بێدەنگکردنی ئەلجەزیرە.”

وتیشی بەرپرسانی ئیسڕائیل بە مەبەست چەندین ڕۆژنامەنووسی ئەلجەزیرەیان کردووەتە ئامانج و کوشتوویانن، لەوانەش سامیر ئەبو دەقە و حەمزە ئەلدەهدوود، کە هەردووکییان لە ماوەی جەنگەکەدا لە غەززە کوژراون. ئیسڕائیل وتوویەتی کە ڕۆژنامەنووسان ناکوژێت.
ئۆفیسی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئێکس نووسیویەتی ” بە داخەوەین بۆ بڕیارەکەی کابینەکە بۆ داخستنی ئەلجەزیرە لە ئیسڕائیل. میدیای ئازاد و سەربەخۆ زۆر گرنگن بۆ دڵنیابوونەوە لە شەفافییەت و لیپێچینەوە. ئازادی ڕادەربڕین مافێکی مرۆڤی سەرەکییە.”
مانگی ڕابردوو پەرلەمانی ئیسڕائیل یاسایەکی پەسەند کرد کە تێیدا ڕێگە بە داخستنی کاتی ئەو کەناڵە بیانییانەی ناو ئیسڕائیل دەدات کە وەکو مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نیشتیمانی دادەنرێن.
یاساکە ڕێگە بە حکومەتی ئیسڕائیل دەدات بۆ ماوەی 45 ڕۆژ ئۆفیسەکانی کەناڵەکان لە ئیسڕائیل دابخات، دەکرێت ئەو ماوەیە درێژیش بکرێتەوە.

دەروازەیەکی هەرێم دامەزراندن ڕادەگەیەنێت
پێشت دەروازەیەکی هەرێم دامەزراندن ڕادەگەیەنێت
سبەینێ‌ لە هەولێر خۆپیشاندانی فەرمانبەرانى گرێبەست ئەنجام دەدرێت
دواتر سبەینێ‌ لە هەولێر خۆپیشاندانی فەرمانبەرانى گرێبەست ئەنجام دەدرێت
ەیوەندیدار