بەرهەمهێنانی غاز لە کۆرمۆر ڕاگیرا



کۆمپانیای دانە غازی ئیماراتی رایگەیاند، لە پێناو پاراستنی سەلامەتی کارمەندەکانیان بەرهەمهێنانی غازیان بە شێوەیەکی کاتیی لە کێڵگەی کۆرمۆر ڕاگرت.

ئەمڕۆ دووشەممە، کۆمپانیای دانە غازی ئیماراتی ڕایگەیاند، کاتژمێر 6:45 خولەکی ئێوارەی هەینی ڕابردوو، لە ڕێی درۆنەوە هێرشێکی تیرۆریستی کرایە سەر یەکێک لە عەمبارەکانیان لە کێڵگەی غازی کۆرمۆر و بە هۆیەوە چوار کارمەندیان کوژرا و هەشتی دیکەش بریندار بوون.

کۆمپانیاکە ڕایگەیاند، هەرچەندە زیانێکی ئەوتۆی ماددی بەر دامەزراوەکانیان نەکەوت، بەڵام لە پێناو پاراستنی سەلامەتی کارمەندەکانیاندا بەرهەمهێنانی غازیان بە شێوەیەکی کاتیی لە کۆرمۆر ڕاگرتووە.

دانە غاز ئەوەشی خستەڕوو کە خۆیان و هاوبەشەکانیان هاوئاهەنگی تەواویان لەگەڵ باڵاترین ئاستی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان و عێراقدا هەیە بۆ ئەوەی تاوانباران ڕووبەڕووی دادگا بکرێنەوە.

ئاماژەشیدا بەوەی هێرشەکە لەسەر ئاستێکی فراوانی ناوچەیی و نێودەوڵەتی ئیدانەکرا و کۆمپانیاکەشیان لەگەڵ لایەنە حکومەییەکاندا کار دەکات بۆ بەهێزکردنی ڕێکارە ئەمنی و بەرگرییەکان بۆ ئەوەی دەست بە بەرهەمهێنانی غاز بکەنەوە.

دانە غاز جەختیشکردەوە لە پابەندییەکانی بەرامبەر بە گەلی هەرێمی کوردستان و عێراق و هەر کاتێکیش دۆخەکە سەلامەت بوو، دەست بە بەرهەمهێنانی غاز دەکەنەوە.

 

کەرکووک؛ بۆری غازەکە چاککرایەوە
پێشت کەرکووک؛ بۆری غازەکە چاککرایەوە
بۆرییەکی غاز لە کەرکووک شکا و گوندێک چۆڵکرا
دواتر بۆرییەکی غاز لە کەرکووک شکا و گوندێک چۆڵکرا
ەیوەندیدار