هەوڵدەدرێت بەشە بودجەی هەرێم زیادبکرێت



چەند ڕۆژێکی کەم بۆ ساڵی ٢٠٢٣ ماوە، بەڵام هێشتا بودجەی ٢٠٢٣ عێراق نەنێردراوە بۆ پەرلەمانی عێراق، پەرلەمانتارێکی کوردیش دەڵێت هەموو هەوڵێکیان بۆ ئەوەیە بەشە بوودجەی هەرێمی کوردستان ٪١٤ زیاتربێت.

لە ئێستادا ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە گفتوگۆدایە بۆ ئامادەکردن و ناردنی پڕۆژەیاسای بوودجەی ساڵی ٢٠٢٣ بۆ پەرلەمانی عێراق، لە کاتێکدا ساڵی ٢٠٢٢ هیچ پڕۆژە یاسایەک نەبووە، بەڵکو بەپێی یاسای ئاسایشی خۆراک کارەکان ڕاپەرێنراون.

بڕیار ڕەشید، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ (خەڵك) ئاماژە بۆ ئەوەدەکات، گفتوگۆ و کارەکان بۆ ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای بوودجە لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دەستیپێکردووە، دوای پشووی سەری ساڵ یەکەم کاری پەرلەمانی عێراق گفتوگۆکردن  لەسەر پڕۆژە یاسای بوودجەی ساڵی ٢٠٢٣ دەبێت.

ئەوەشی خستەڕوو گرنگترین بەشی بوودجە ئەوەیە کە بەشی کورد بە تەواوی بچەسپێت، بەپێی ئاماری وەزارەتی پلاندان ٪١٤ بوودجەی عێراق دەبێت بۆ هەرێمی کوردستان بێت کە دەکاتە ٢١ بۆ ٢٥ ترلیۆن دینار، دەبێت بەشە بوودجەی هەرێمی کوردستان ڕەنگدانەوەی دەستووربێت.

ئەوەشی خستەڕوو، دیاریکردنی بەشە بوودجە جگە لە دەستوور و یاسا هاوکات هەوڵ و ڕێککەوتنێکی سیاسیشی پێویستە، پێشتر چەند کۆبوونەوەیەک ئەنجامدراوە و هەروەها شاندێکی حکوومەتی هەرێمیش سەردانی عێراقیان کردووە.

ئەو پەرلەمانتارە دڵنیایە لە ناردنی بەشە بوودجەی هەرێمی کوردستان لە عێراقەوە، هەموو هەوڵەکانیشیان بۆ ئەوەیە ڕێژەکە ٪١٤ زیاتربێت.

جەنگی ئۆكراین چوار قەیرانی مرۆیی دروستكرد
پێشت جەنگی ئۆكراین چوار قەیرانی مرۆیی دروستكرد
“ئێستا دەرفەتێكی زێڕینە بۆ هەرێم تا لە وەهمی ئابوری سەربەخۆ بێتەدەر”
دواتر “ئێستا دەرفەتێكی زێڕینە بۆ هەرێم تا لە وەهمی ئابوری سەربەخۆ بێتەدەر”
پەیوەندیدار