“باران و سەرمایەك هەرێم دەگرێتەوە لە 50 ساڵی ڕابردوودا وێنەی نەبووە”



شارەزایەكی كەشناسی پێشبینی هاتنی شەپۆلێكی باران بارین بۆ ناوچەكانی هەرێم دەكات لە 10 ڕۆژی سەرەتای مانگی داهاتوودا، كە لە 50 ساڵی ڕابردوودا لەو كاتەی ساڵدا وێنەی نەبووە و دەشڵێت: “سەرما دەستپێدەكاتەوە و لە بەشێكی ناوچەكان پێویستی بە گەرمكەرەوە هەیە”.

شاڵاو هیدایەت، شارەزای کەشناسی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، ماوەیەکە شەپۆلێكی وشک و گەرم لەسەر ناوچەکانمان باڵادەستە و ئەوەش بۆ ئەمکاتەی ساڵ شتێکی نائاساییە و بەشێوازی بەرچاو پلەکانی گەرمای بەرز کردۆتەوە و لە ڕۆژانی داهاتوو پلەكانی گەرما زیاتریش بەرزدەبێتەوە ئەوەش نائاساییه بۆ ئەم کاتەی ساڵ و نیشانەی هاتنی شەپۆلێكی بارانبارینە.

دەشڵێت: “لە کۆتایی ئەم مانگەدا شەپۆلێکی زۆر باشی باران و هەورە بروسکە و تەرزه بەشێوەی گشتگیر ڕوو دەکاتە تەواوی ناوچەکانی هەرێم و گەرمیان پێشبینی لافاوی زۆری لێدەکرێت، کە ئەوەش دەگمەن دەبێت”.

ڕاشیگەیاند، پێشبینی دەکرێت لە ماوەی 50 ساڵی ڕابردوو بارانی بەوجۆرە لەو کاتەی ساڵدا بوونی نەبووبێت و لەسەرتاسەری وڵات پلەکانی گەرما دێتەوە خوار نۆڕماڵ و لەبەشێک ناوچەكان پێویستی بەگەرمکەرەوە دەبێتەوە و بەگشتی مانگی داهاتوو کەش فێنک دەبێت.

جەختیشی كردەوە، بەزۆری کاریگەری ئەو سیستەمە تەڕ و باراناویە دەکەوێتە مەودای 10 ڕۆژی سەرەتای مانگی ئایارەوە.

 

بۆچی پێویستە خەیار زۆر بخۆین؟
پێشت بۆچی پێویستە خەیار زۆر بخۆین؟
مامۆستایەکی ئاینی ڕوونکردنەوە لەبارەی هێنانی ٦ ژن دەدات
دواتر مامۆستایەکی ئاینی ڕوونکردنەوە لەبارەی هێنانی ٦ ژن دەدات
ەیوەندیدار