فازڵ نەبی: ڕەنگە كێشە بۆ مووچە دروست بێت لەنێوان هەژماری من و تەوتین



بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق “لە پشكی پارتی دیموكراتی كوردستان” پێی وایە كێشە بۆ مووچەی فەرمانبەران دروست دەبێت لە مانگی 5 و 6ەوە، ئەگەر هەرێم و بەغدا لەسەر پرسی تەوتین و هەژماری من ڕێكنەكەون و داواش لە حكومەتی هەرێم دەكات شاندێك بەپەلە بنێرێتە بەغدا و ” حەرەکە بکات و بیانوو نەدەنە دەست بەغداد”.

فازڵ نەبی، بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق بۆ (دەنگی ئەمریكا) ڕایگەیاندووە، ناوەڕۆکی نووسراوەکەی وەزیری دارایی هەمان ناوەڕۆکی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵییە و بەشێکە لە بڕیاری دادگای فیدراڵی (ست تەیف) لەخۆیەوە شت ناکات، بەسروشت زۆر پابەندە بەیاسا ئەوە کێشەکەیەتی نەک بابەتی ئەوەی دژی هەرێم بێت سەبارەت بە تەوتینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم.

وتیشی، “ئەگەر بەزوترین کات شاندێكی باڵای هەرێم نەچێتە بەغداد بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە ئەوە ئەگەری هەیە گرفت بۆ مووچەی مانگی ٥ و ٦ دروست ببێ، مانگی ٤ موچە دێت، بەڵام مانگی ٥ و مانگەکانی تر دەبێت زوو چارەسەر بکرێت، بە بڕوای من کێشەکەش گران نیە دەتوانرێت چارەسەر بکرێت، نابێت بیانوو بدرێتە دەست بەغداد بەڕاستی”.

فازڵ نەبی ئاماژەی بەوەشكردووە، حکومەتی هەرێمی کوردستان وا تێدەگات لە(تەوتین) کە کەمکردنەوەیە لە شەئن و سەنگی حکومەتی هەرێمی کوردستان، چونکە ڕاستەوخۆ مووچە لە بانکەکانی حکومەتی عێراقیەوە دەدرێتە فەرمانبەرانی هەرێم، ئەوکات حکومەتی هەرێم هیچ ڕۆڵێکی نامێنێت، بەبۆچونی من چارەسەری مامناوەند هەیە دەبێت ئەمڕۆ و سبەی حکومەتی هەرێم حەرەکە بکات و بیانوو نەدەنە دەست بەغداد، چونکە لە مێژە من بۆنی ئەوە دەکەم ئەگەری هەیە لە مانگی ٥ کێشە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دروست ببێتەوە، من گەشبین نیم ئەگەری هەیە کێشە دروست ببێت لەسەر چارەنووسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە نێوان هەژماری من و تەوتین، کێشەکە ئەوەیە لەناو بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بەڕوونی باسی بانکە حکومیەکان دەکات.

ئاشكراشی كردووە، بەغداد بۆیە هەژماری من ڕەتدەکاتەوە چونکە متمانەیان بەو ژمارەیەی فەرمانبەران نیە و پێییان وایە هەندێکی بندیوارن، دیارە بەغداد زانیاریان بۆ دەچێت و ئاگایان لە زانیارییەکانە، هەرێمیش بۆیە پێداگری لەسەر هەژماری من دەکاتەوە بابەتەکە سیادە و شەئنی هەرێمە، بۆیە بە داخەوە بە بۆچونی من ئەم سیقەیە بە ئاسانی دروست نابێ، بۆیە بەزوترین کات پێویستە حکومەتی هەرێم شاندێك بنێرێتە بەغداد، چونکە من بۆنی ناخۆش لەو نووسراوە دەکەم و هەر ئەو نووسراوەش نیە، بەڵکو نووسراوێکی تریش هەیە کە پەیوەندیدارە بەهەمان بابەت، کە وەزارەتی دارایی عێراق نووسراوی بۆ هەڕێم کردووە، کە داهاتی نانەوتی و نەوت ڕادەستی بەغداد بکەنەوە، ئەمەش پەیوەندیدارە بەبڕیاری دادگای فیدراڵی.

ڕوونیشی كردۆتەوە، خاڵێکی بەهێز بۆ هەرێم لە بڕیارەکەی دادگا ئەوەیە، کە نابێت هیچ گرفتێک ببێتە ڕاگرتنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم، حکومەتی هەرێم دەتوانێت ئەوە بەکاربهێنێ، بەڵام بەبۆچونی من داهاتی نانەوتیش ڕەنگە بەغداد بیکاتە گرفت بۆیە من دەڵێم دەبێت زوو بگەینە خۆمان تا ئەو کێشانە چارەسەر بکەین، ئەگەر ئێمە وەک هەرێم خۆمانی لێکڕبکەین، سوربین لەسەر هەژماری من و بەغدادیش سوربن لەسەر تەوتین بێگومان کێشە دروست دەکات، ئەگەر لەنێوان بەغژاد و هەرێم ئەو کێشەیە چارەسەر نەکرێت ئەوا مووچەخۆر دەبێتە قوربانی، چونكە ئەو بڕیارەی ئێستا هەیە لە بەرژەوەندی هەژماری من نیە و دژی هەژماری منە، بەڵام چارەسەر هەیە دەبێت حکومەتی هەرێم چارەسەری بکات.

تیک تۆک … مەترسی زیان گەیاندن بە “خودی” کەسەکەی لێدەکرێت
پێشت تیک تۆک … مەترسی زیان گەیاندن بە “خودی” کەسەکەی لێدەکرێت
نرخی ئاڵتون نزیكەی 100 دۆلار دابەزی
دواتر نرخی ئاڵتون نزیكەی 100 دۆلار دابەزی
ەیوەندیدار