چیرۆکی کاریگەرترین وێنەی رۆژنامەوانی ساڵ



وێنەی خانمێکی فەلەستینی کە لە کەرتی غەززە تەرمی ئازیزێکی لە باوەشگرتووە، خەڵاتی فۆتۆی ڕۆژنامەوانی جیهانی ساڵی ٢٠٢٤ی بەدەستهێنا.

 

ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو ١٨ -٤ – ٢٠٢٤ لە “نیو کێرک”ی ئەمستەردامی پایتەختی هۆڵەندا، وێنەی ساڵ لە میانی پێشبڕکێی وێنەی ڕۆژنامەوانی جیهانی هەڵبژێردرا، کە وێنەیەکی کاریگەرە و خانمێکی فەلەستینی، تەرمی برازاکەی بە کفنێکی سپییەوە لە باوەش گرتووە.

 

سەرۆکی لیژنەی داوەری پێشبڕکێکە فیۆنا شیڵدز، وتی: وێنەکە هەست و هۆش دەبات و زۆر کاریگەرە، لە نێوان زیاتر لە ٦١ هەزار وێنە،  لەناو سێ هەزار و ٨٥١ فۆتۆگرافەری ١٣٠ وڵاتدا هەڵبژێردراوە.

 

ئەم وێنەیە، لە لایەن محەمەد سالم گیراوە لە ئاژانسی ڕۆیتەرز، کە خەڵاتی وێنەی ساڵی ٢٠٢٤ی لە پێشبڕکێی وێنەی ڕۆژنامەوانی جیهانی بەدەستهێنا، و تێیدا دەردەکەوێت ئیناس ئەبو موعەمەر تەرمی “سالی” تەمەن پێنج ساڵانی بە کفنێکی سپییەوە لە باوەشدایە، کە لەگەڵ دایکی و خوشکێکی دیکەی بەهۆی بۆردومانی سوپای ئیسرائیل لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوودا، گیانیان لەدەستدا.

 

سالم لە ١٧ی ئۆکتۆبەر لە “نەخۆشخانەی ناسر” لە خان یونس بووە، کاتێک بینیویەتی ئیناس موعەمەری تەمەن (٣٦ ساڵ)، دەگری و بە توندی تەرمی برازاکەی لە مردووخانەی نەخۆشخانەکەدا لە ئامێز گرتووە.

 

وێنەکە دوای ١٠ ڕۆژ لە دەستپێکردنی شەڕ و پێکدادانەکان گیراوە، ئەمەش دوای هێرشێکی بێ وێنەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە ٧ی ئۆکتۆبەردا.

 

سالم، دوای ڕاگەیاندنی وەک براوەی پێشبڕکێکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نووسیویەتی، هیوادارم ئەم وێنەیە بگاتە هەموو جیهان و ببێتە هۆکارێک بۆ ڕاگرتنی ئەو شەڕ و ئازارانەی کە بەسەر گەلی فەلەستین هاتوون.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، “ئەم دەستکەوتە پێشکەش بەگیانی پاکی شەهیدانی بواری  ڕۆژنامەگەری دەکەم، کە بە خوێنی خۆیان باجیان داوە بۆ ئەوەی پەیامە بەرزەکەیان بگاتە هەموو جیهان”.

 

محەممەد سالم، هاووڵاتییەکی فەلەستینییە و تەمەنی 39 ساڵە، لە ساڵی 2003ەوە لە ئاژانسی ڕۆیتەرز کار دەکات، پێشتریش لە پێشبڕکێی فۆتۆی ڕۆژنامەوانی جیهانی لە ساڵی 2010 براوەی خەڵات بووە.

 

ڕیکی ڕۆجەرز، بەڕێوەبەری بەشی وێنە و ڤیدیۆ لە ئاژانسی ڕۆیتەرز، لە مەراسیمێکدا کە لە ئەمستردام بەڕێوەچوو، ڕایگەیاند، “محەمەد لەکاتی بیستنی  دەستنیشانکردنی وێنەکەی وەک براوە بە دڵتەنگیەوە ڕایگەیاندووە؛ ئەوە وێنەیەک نییە پێویست بێت بانگهێشتی بکەن بۆ ئاهەنگگێڕان، بەڵام خۆشحاڵە کە وێنەکەی ئەو شەرەفەی وەرگرتووە تا دەرفەتی بڵاوکردنەوەی بۆ خەڵکانێکی زۆرتر هەبێت لە جیهاندا”.

 

ڕۆجەرز لەبەردەم وێنەکەدا لە تەلاری مێژوویی (نیو کێرک) لە پایتەختی هۆڵەندا ئاماژەی بەوەکرد، “(محەمەد) هیوادارە بەم خەڵاتە جیهان زیاتر ئاگاداری کاردانەوەی مرۆییەکانی شەڕ بێت، بەتایبەتی لەسەر منداڵان”.

 

محەمەد سالم سەبارەت بەو ساتەوەختەی وێنەکەی تێدا گرتووە دەڵێت؛ “ساتێکی بەهێز و خەمناک بوو، هەستم کرد کە وێنەکە مانای فراوانتری ئەو شتانە دەکات کە لە کەرتی غەززە ڕوودەدەن”.

 

هاوکات فیۆنا شیڵدز، سەرۆکی دەستەی داوەری پیشبڕکێکە وتی؛ وێنەی براوە “ئارگومێنتێکی زۆر بەهێز بۆ ئاشتی” پێکدەهێنێت.

 

لە لایەکی دیکەوە دامەزراوەی فۆتۆی ڕۆژنامەوانی جیهانی کە بنکەکەی لە ئەمستردامە، لە کاتی ڕاگەیاندنی خەڵاتەکاندا ڕایگەیاند؛ گرنگە دان بەو مەترسیانەدا بنرێت کە ڕووبەڕووی ئەو ڕۆژنامەنووسانە دەبنەوە کە ڕووماڵی ململانێکان دەکەن.

 

ئاماژە بەوەشکرا، لە دوای هێرشی بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی بۆ سەر باشووری ئیسرائیل لە ٧ی تشرینی یەکەم و دواتر هەڵمەتە سەربازییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، ٩٩ ڕۆژنامەنووس و کارمەندی دامەزراوە میدیاییەکان لە کاتی ڕووماڵکردنی شەڕی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس کوژراون.

 

جومانە ئەلزەین خوری، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ڕێکخراوەکە دەڵێت: ساڵی ڕابردوو لە غەززە ژمارەی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی گیانیان لەدەستداوە بۆ ئاستێکی نزیک لە بێ وێنەی زیادکرد، بۆیە دەبێت هەمووان ترسناکیی ئەو زەبر و زەنگانە بخەینە بەرچاو بۆ ئەوەی کاریگەرییە مرۆییەکانی شەڕ بە جیهان نیشان بدەین.

پارێزگاری بانکی ناوەندی: عێراق زیاتر لە 62 ملیار دۆلار قەرزارە
پێشت پارێزگاری بانکی ناوەندی: عێراق زیاتر لە 62 ملیار دۆلار قەرزارە
حەماس دەیەوێت بارەگاکەی بۆ دەرەوەی قەتەر بگوازێتەوە
دواتر حەماس دەیەوێت بارەگاکەی بۆ دەرەوەی قەتەر بگوازێتەوە
ەیوەندیدار