نەخۆشی سورێژە و نیشانە و هۆی گواستنەوەی و خۆپارێزی چییە؟



سورێژە نەخۆشیەكی ڤایرۆسی توندی مەترسیداری درمییە تووشی كۆئەندامی هەناسەدان دەبێت و دواتر بە لەشدا بڵاودەبێتەوە.

ئەو كەسانەی تووشی سوورێژە دەبن لەهەر تەمەنێكدا بێت، ئەگەر كەسەكە پێشتر سورێژەی نەگرتبێت یاخود كوتانی بۆ نەكرابێت، زیاتر منداڵان و ژنانی دووگیان مەترسیان لەسەرە ئەگەر ڤاكسینیان وەرنەگرتبێت تووشی ئەم نەخۆشیە ببن.

ڕێكارەكانی گواستنەوەی سورێژە:
ئەم ڤایرۆسە بەئاسانی لەڕێگەی كەسێكەوە بۆ كەسێكی تر دەگوازرێتەوە لەهەوادا لەڕێگەی:
* هەناسەدان و كۆكە و پژمە.
* دەست لێدانی ئەو ڕووانەی ڤایرۆسەكەیان پێوەیە.
* لەكەسێكی تووشبوو دەگوازرێتەوە بۆ كەسێكی ساغ لەماوەی چوار ڕۆژ پێش دەركەوتنی پەڵەی پێست و چوار ڕۆژ دوای دەركەوتنی پەڵەی پێست لەكاتی تووشبوون بە ڤایرۆسەكە.

نیشانەكانی سورێژە:
نیشانە سەرەتاییەكانی بەگشتی دوای 10 بۆ 14 ڕۆژ دەردەكەوێت و دوای چوونە ژوورەوەی ڤایرۆسەكە بۆ ناو لەش و دەركەوتنی پەڵەی پێست دوای 7بۆ 18 ڕۆژ و ئەمانە نیشانەكاتنی نەخۆشیەكەیە:
– بوونی تایەكی بەهێز و كۆكە و هەڵامەت.
– پەڵەی سەر پێست.
– سووربوونەوە و تەڕیی چاوەكان.

دوای 3 بۆ 5 ڕۆژ لەدەركەوتنی نیشانە سەرەتاییەكانی پەڵە لەسەر پێست دروست دەبێت بەشێوەی پەڵەی سوور بەبێ كێم و برین، پەڵەكان لەدەم و چاو و بەشی سەرەوەی مل دەستپێدەكات تاپشتی گوێیەكان، لەوانەیە لەمنداڵی شیرەخۆر و منداڵی تر سكچوون دروست بكات.

دەرەنجامە لاوەكیەكانی دوای تووشبوون بە سورێژە
* سكچوونی توند و ڕشانەوە.
* هەوكردنی گوێ و هەوكردنی سییەكان.
* هەوكردنی مێشك (هەڵاوسانی مێشك) پێدەچێت ببێتە هۆی كەڕبوون یان كێشەی بیروهۆش.
* كەڕبوون یان كوێربوون.
* لەبارچوونی منداڵ لای دایكی دووگیان یان مردنی كۆرپە لەسكی دایكی یان پێشوەختە لەدایك بوون.
* دابەزینی كێشی منداڵی تازە لەدایك بوو.

ڕێكارەكانی خۆپاراستن لەسوورێژە:
وەرگرتنی ڤاكسین باشترین رێكاری خۆپارێزییە لە نەخۆشی سوورێژە ، وەرگرتنی ڤاكسین بەرگری درێژخایەن دەدات كە دەگاتە 97% بەرامبەر نەخۆشی سورێژە.

چی بكرێت لەكاتی تووشبوون بە سورێژە:
– مانەوە لەماڵەوە و دوركەوتنەوە لەشوێنە گشتیەكان و بەكارنەهێنانی هۆكاری گواستنەوەی گشتی.
– سەردان نەكردنی كەسانی تر بەتایبەت ئەوانەی كوتانی سورێژەیان بۆ نەكراوە.
– وەرگرتنی مۆڵەتی خوێندن و لەدەوام تاوەكو بەچاكبوونەوەی تەواوەتی.

یانەی ئاكرێ‌ بووە پاڵەوانی خوولی نایابی كوردستان
پێشت یانەی ئاكرێ‌ بووە پاڵەوانی خوولی نایابی كوردستان
چارەنووسی 3 مووچەكەی ساڵی ڕابردوو یەكلایی كرایەوە
دواتر چارەنووسی 3 مووچەكەی ساڵی ڕابردوو یەكلایی كرایەوە
ەیوەندیدار