لەگەڵ نزیکبوونەوە لە جەژن، نرخی مریشک گرانبوو



لەگەڵ نزیکبوونەوەی جەژنی ڕەمەزان، نرخی کاڵا و پێداویستییەکان لە بازاڕەکان بەرزبووەتەوە، مریشکفرۆشێکیش دەڵێت، “پێشبینی دەکەین، بۆ ڕۆژانی پێش جەژن نرخەکان زیاتر بەرزببنەوە”.

ئەمڕۆ چوارشەممە، محەمەد ئاراس فرۆشیاری مریشکی زیندوو لە سلێمانی بۆ (خەڵک) ڕایگەیاند، نرخی کیلۆیەک مریشکی زیندوو بە ٣ هەزار و ٧٥٠ دینارە بەراورد بە دوێنێ ٤٠٠ دیناری چووەتە سەر نرخەکەی.

لەبارەی هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی مریشک وتی، هیچ هۆکارێک شک نابەین بۆ بەرزبوونەوەی نرخەکان بێجگە لە نزیکبوونەوەی جەژن، چونکە خاوەنی کێڵگە پەلەوەرییەکان بەهۆی ئەوەی هیچ چاودێرییەکیان لەسەر نییە نرخەکان زیاد دەکەن.

ئەوەشی خستەڕوو، بەر لە هاتنی جەژن خاوەن کێڵگەکان دەزانن هاووڵاتییان خواستیان لەسەر کڕینی مریشک هەیە، بۆیە نرخەکان بەرزدەکەنەوە، پێشبینیش دەکەین نرخەکان بۆ نزیکی جەژن زیاتر بەرزببنەوە.

سەبارەت بە خواستی هاووڵاتییان بۆ کڕینی مریشک وتی، قەیرانی دارایی کاریگەری کردووەتە سەر کەمبوونەوەی خواستی هاووڵاتییان بۆ کڕینی مریشک، بەڵام لەبەر جەژن خەڵک ئەگەر قەرزیشیان کردبێت دەیکڕن، چونکە لە ساڵێکدا هاووڵاتییان دوو جەژنیان هەیە، مریشکیش خواردنێکی سەرەکییە.

باسی لەوەشکرد، من وەک مریشکفرۆشێک زیاتر لە ملیۆنێک دینارم لە قەرزدایە، چونکە مووچە نییە خەڵک دێن و مریشک دەکڕن، منیش ناتوانم دەستبنێم بە ڕوویانەوە.

هاوکات نازم عەبدوڵا سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكان ڕایگەیاند، ئێستا نرخی یەک کیلۆ مریشک لە کێڵگەکانی بەخێوکردنی مریشک لەنێوان دوو هەزار و ٨٠٠ دینار بۆ سێ هەزار و ١٠٠ دیناردایە و بەو نرخە دەفرۆشرێت.

وتیشی، ماوەیەک لەمەوبەر نرخی مریشک بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەخۆیەوەبینی و لە کێڵگەکان نرخی یەک کیلۆ گەیشتە سێ هەزار و ٥٠٠ دینار، بەڵام ئەو بەرزبوونەوەیە کاتی بوو، دواتر دابەزی.

لەبارەی دووبارە بەرزبوونەوەی نرخی مریشک بەهۆی جەژنی رەمەزانەوە، نازم عەبدوڵا وتی، نرخەکان هەر وەک ئێستا دەمێنێتەوە و نرخەکان لەوە زیاتر نابن، ئەگەر زۆریش بەرزببێتەوە ٢٥٠ دینار بەرزدەبێتەوە و کە ئەمە رێژەیەکی کەمە و بۆ هاووڵاتییان کاریگەرییەکی بەرچاو دروست ناکات.

ئەمەش لە کاتێکدایە، دوێنێ ئاوات محەمەد، قائیمقامی سلێمانی ڕایگەیاند، لە ڕۆژانی پێش جەژن قەرەباڵغی زیاتر ڕوو لە بازاڕەکان دەکات بۆ کڕینی پێداویستییەکان، هەربۆیە لیژنە هاوبەشەکانی و تیمی لایەنە پەیوەندیدارەکان بەوردی چاودێری کوالێتی، نرخی خواردن و پێداویستییەکان دەکەن.

وتیشی، بەهۆی دابەزینی بەهای دۆلارەوە نرخی خۆراک و پێداویستیە بنەڕەتییەکان جگە لە گۆشتی سوور، بەراورد بە ساڵی پار لە بازاڕەکاندا دابەزیوە.

ساڵانە لەگەڵ نزیکبوونەوەی جەژن وێڕای بە دواداچوون و چاودێریکردنی بازاڕ، بەڵام نرخی کاڵا و پێداویستییەکان بەراورد بە پێشتر زیاد دەکات، ئەمەش نیگەرانی لای هاووڵاتییان دروست دەکات.

ئەمساڵ هاوکات لەگەڵ قەیرانی دارایی و دواکەوتنی مووچە، گرانی نرخی کاڵا و پێداویستییەکان بەتایبەت ماددە خۆراکییەکان، لەگەڵ سەختی بژێوی ژیانی هاووڵاتییان قەیرانەکانی لەسەر هاووڵاتییان دوو هێندە کردووە.

دوو بوومەلەرزە لە هەڵەبجە تۆمارکرا
پێشت دوو بوومەلەرزە لە هەڵەبجە تۆمارکرا
دادگای فیدراڵی دوو بڕیاری لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان دا
دواتر دادگای فیدراڵی دوو بڕیاری لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان دا
ەیوەندیدار