شیرین فوئاد مەعسوم: پارتی ئەمانەتی نیشتیمانی لەسەر شانە بۆیە هەڵبژاردن بەبێ ئەو هیچ شەرعییەتێکی نابێت



شیرین فوئاد مەعسوم، کادری پێشکەوتووی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕایگەیاند هەڵوێستی پارتی بۆ بایکۆتی هەڵژاردنەکان بۆ ڕێگریکرنە “لەو پلانانەی کە دژ بە قەوارەی هەرێمی کوردستان هەن،” وە ڕەتیدەکاتەوە لە هەرێمی کوردستان بەبێ ئەو حزبە بتواندرێت هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت.

شرین فوئاد مەعسوم، کچی سەرۆککۆماری پێشووتری عێراق و کادری پێشکەوتووی ئێستای پارتی دیموکراتی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند:”بەشدارینەکردنی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕێگری لەو پلانانە دەکات کە دژ بە قەوارەکەمانە کە لەلایەن دەستێکی دەرەکییەوە پلانی بۆ دانرابوو.”

ڕاشیگەیاند:”ئێمە جیا لە حزبەکانی تر ئەمانەتی خاک و نیشتیمانمان لەسەر شانە، بۆیە هەڵبژاردن بەبێ پارتی هیچ شەرعییەتێکی ئەخلاقی و یاسایی نییە و نابێت.”

دوێنێ یەکشەممە،1ی مانگی چواری 2024، دوا وادەی ماوەی درێژکراوەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بوو بۆ وەرگرتنی لیستی کاندیدەکانی هاوپەیمانی و پارتە سیاسییەکان و سەربەخۆکان. بەڵام پارتی لیستی خۆی پێشکەش بە کۆمسیۆنەکە نەکرد، وە ئەمەش چارەنوسی هەڵبژاردنەکان و دۆخی سیاسی هەرێمی بردە قۆناغێکی ناڕوونەوە.

شرین فوئاد مەعسوم لەمبارەوە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، “پارتی وەک حزب و وەکو نوێنەری کورد هەڵوێستەکانی دەڕدەبڕێت و ئەو بیر لە گیرفان و مەرز و دروستکردنی میلیشیا و لەتکردنی نیشتمان ناکاتەوە. ئەو وەک خاوەنی ڕاستەقینەی هەرێم و خاوەن دەوڵەت بە بەرپرسیارێیتییەوە بڕیار دەدات، بۆیە هیچ کەس و هێز و لایەنێکی دەرەکی و ناوەکی توانای ئەوەیان نییە حکومەتی شەهیدان و حکومەتی گەل هەڵبوەشێننەوە.”

شیرین فوئاد مەعسوم دەشڵێت:”پارتی حزبێک نییە کاتی ئەوەی هەبێت بیانوو بگێڕێت. پارتی داوای ڕەوا و فەرمی هەبووە، بە جێبەجێنەکردنی بەشداری ناکات لە هەڵبژاردن. بۆیە بڕوای تەواوم هەیە شکۆی ئەم پرۆسەیە دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە گەر ئەنجامبدرێت.”

وتیشی:” ئێمە هەموومان لە پارتی قوتابی ڕێبازێکین کە نە دەزانین خۆ چەماندن چییە، نە دەزانین ببین بە نۆکەری ئاغا و سیغەکانیش. ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان خاوەنی 76 ساڵ خەبات و شکۆین و قوربانیدانین، هەڵبژارنەکانی پێشووتر شایەتی ئەوەمان بۆ دەدەن کە کێ دەترسێت و کێ پەنای بۆ وڵاتان بردووە تا ژمارەی کورسییەکانی بۆ زیادبکات.”

لەبارەی کورسی کۆتاکان و ڕۆڵی پارتی ڕاشیگەیاند، “پارتی لەوەتەی هەیە نە ترسی لە دەستکەوتی حزبی هەیە نە بیریشی لێ دەکاتەوە، چونکە چەندان جار بەشداری هەڵبژاردنی کردووە. پارتیمان ئیمانی تەواوی بە پڕۆسەیەکی دیموکراسی هەیە، لە هەڵبژاردن کورسی زۆر بهێنت یان کەم بهێنێت ئەوە کێشە نییە، کێشەکەی ئێمە ترسە لە سڕینەوەی یەکجاری پێکهاتەکان و ڕێگەنەدان بە بەشداری کردنی هەزاران دەنگدەر.”

دادگای فیدڕاڵی عیراق ڕۆژی 21ی مانگی دووی 2024 لەسەر دوو سکاڵای یەکێتی نیشتمانی کوردستان سەبارەت بە سیستەمی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و بڕیاریدا کە 11 کورسی کۆتا لە پەرلەمانی کوردستان نەمێنێت و ژمارەی کورسیەکانی بۆ 100 کورسی کەمکردەوە. لەگەڵ ئەوەشدا شێوازی هەڵبژاردنی لە یەک بازنەیەوە گۆڕی بۆ چوار بازنەی هەڵبژاردن.

ئەمڕۆ مووچەی سێ وەزارەت و خانەنشینی پێشمەرگە دابەش دەکرێت
پێشت ئەمڕۆ مووچەی سێ وەزارەت و خانەنشینی پێشمەرگە دابەش دەکرێت
“پارتی هەمیشە لەگەڵ هەڵبژاردنێکی دەستووری و شەفاف و بێگەردە”
دواتر “پارتی هەمیشە لەگەڵ هەڵبژاردنێکی دەستووری و شەفاف و بێگەردە”
پەیوەندیدار