“دەبێت متمانەی هاووڵاتییان بۆ سیستمی بانکی بگەڕێندرێتەوە”



سیستمی خزمەتگوزاری بانکی خزمەت بە تاکەکانی کۆمەڵگە دەکات، ئێستا لە تەواوی جیهان شوینی سیستمی کاشی گرتووەتەوە، لە زۆر شوێندا ئەگەر سیسمی بانکی نەبێت ناتوانیت پرۆسەی پارەدان ئەنجامبدرێت.

پەرەپێدانی سیستمی بانکی لە هەرێمی کوردستان دەبێتە هۆی پێشخستنی دارایی و ئابووری، چونکە سیستمی کاش بەرەو پاشکەوتن دەچێت، هەربۆیە دەبێت ئەم مۆدێرنبوونە هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە.

د.دیاری شێخ جەلال، شارەزایی بواری بانکی بۆ تۆڕی میدیای خەڵک باس لە پەرەپێدانی سیستمی بانکی لە هەرێمی کوردستان دەکات.

 

خەڵک: هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بە گشتی بۆچی متمانەیان بە سیستمی بانکی نییە؟

د. دیاری شێخ جەلال: سیستمی بانکی لە عێراقدا بە گشتی سیستمێکی لاوازە و حکومەت نەیتوانیوە بە شێوەیەکی کاریگەر کاری لەسەر بکات، ئێستاش بۆیە هاووڵاتییان هێندە متمانەیان بە بانکەکان لاوازە، چونکە لە دوای ساڵی ٢٠١٥ کاتێک قەیرانی دارایی دروستبوو، بانکەکان پارەیان تێدا نەما، کاتێک حکومەتی عێراق پارەی بۆ هەرێم نەنارد حکومەت دەستی برد بۆ پارەی بانکەکان، هەر بۆیە خەڵکێکی زۆر پارەیان لە بانکەکان فەوتا، چەکەکانیان بە نیوەی نرخ وەردەگرتەوە.

بەشێکی زۆری کەمتەرخەمییەکە بۆ وەزارەتی دارایی هەرێم دەگەڕێتەوە، چونکە نەیتوانیوە متمانەی هاووڵاتییان بۆ سیستمە بانکییەکان بگەڕێنێتەوە، هەروەها نەتوانراوە ڕۆشنبیری بانکی لەنێو خەڵکدا بڵاوبکرێتەوە.

بنەمای ئیشکردنی بانکەکان متمانەیە، هەر بۆیە دەبێت وەزارەتی دارایی بڵاوکراوە و بەرچاو ڕوونی زیاتر بۆ نموونە لەسەر “هەژماری من” بۆ خەڵک بڵاوبکاتەوە، تا خەڵکی زیاتر بە دەنگ ئەم پڕۆژەیەوە بێن، دەبێت خزمەتگوزارییەکانیان بۆ ڕوونبکرێنەوە، لەگەڵ شێوازی بەکارهێنانی ئامێرەکان و سوودمەندبوون لێی، تا بتوانن بە تەواوی لە سیستمی بانکی و خزمەتگوزارییەکانی تێبگەن.

ئەو خزمەتگوزارییانەی کە تا ئێستا بڵاوکراوەتەوە ئەوەیە، کە لە ڕێگەی ئامێرەکانی سیستمی بانکییەوە دەتوانرێت پارە وەربگیرێت و بخرێتە سەر هەژمارەکەت یاخود هەر مامەڵەیەکی دیکەی پێوەبکەیت، لەگەڵ ئەوەشدا دەتوانرێت کارتی بانکی دروست بکەیت، دەتوانرێت لە ڕێگەی ATM, POS, Online banking  ئەو پارانەی کە دەتەوێت وەریبگریتەوە.

 

خەڵک: سیستمی بانکی دەتوانێت چ گرفتێکی تایبەت بە مووچە چارەسەربکات؟

د. دیاری شێخ جەلال: پەرەپێدانی سیستمی بانکی میکانزیمی وەرگرتنی مووچە ئاسان دەکات، بۆ نموونە خانەنشینان تەمەنێکیان هەیە و زۆرجار کە بە وەرزی سەرما و گەرما لە سەرەی وەرگرتنی مووچەدا دەوەستن گرفتیان بۆ دروست دەبێت، بەڵام بەهۆی سیستمی بانکییەوە لە هەر کاتێکدا کە بیانەوێت دەتوانن لە ڕێگەی ئامێرەکانەوە مووچەکانیان وەربگرن.

لە هەر کاتێکدا ئازادیت دەتوانیت بچیت پارەکەت وەربگریت، یاخود لە ڕێگەی ئامێرەکانی پارەدانەوە لە کاتی کڕینی کاڵا و شتومەک، یاخود لە بەنزینخانەکان دەتوانیت لە ڕێگەی کارتەوە پارە بدەیت.

 

خەڵک: حکومەتی هەرێم چۆن دەتوانێت لە ڕێگەی “هەژماری من”ەوە خزمەت بە هاووڵاتییان بکات؟

د. دیاری شێخ جەلال: سیسمتی بانکی پێویستە لە هەرێمی کوردستان وەکو وڵاتانی جیهان پەرەی پێبدرێت، هاووڵاتییانیش دەبێت لەوە تێبگەن کە سیستمی دارایی و بانکی پەیوەندی بە حزب و لایەنەکانەوە نییە، سیستمێکە لە تەواوی وڵاتانی جیهان کاری پێدەکرێت و پێویستە هەریمی کوردستانیش ببێتە بەشێک لەو مۆدێرنبوونە.

پڕۆژەی “هەژماری من” سیستمێکی پێشکەوتووە و حکومەتی هەرێم لە ڕێگەیەوە هەوڵدەدات لەگەڵ سیستمی بانکی سەردەم خۆی بگونجێنێت، هەر بۆیە مووچەخۆران دەبێت بەرچاوڕوونی زیاتریان لەسەر سیستمەکە هەبێت.

پاش کەوتنەکاری سیستمەکە و سوودمەندبوونی هاووڵاتییان دەتوانین بڵێین بەرەو ئەو گەشەسەندنە دارایی و بانکیی چووین، ئەگەر پلانێکی درێژخایەنی بۆ دابنرێت دەتوانرێت لە چەندین لایەنی دیکەشەوە هاووڵاتییان سوودمەند بکات.

قائیمقامیه‌تی سلێمانی 45 تۆن قه‌یسی و هه‌ڵوژه‌ی لەناوبرد
پێشت قائیمقامیه‌تی سلێمانی 45 تۆن قه‌یسی و هه‌ڵوژه‌ی لەناوبرد
دەم پارتی سەرۆکایەتی ١٠ شارەوانی بەدەستهێنا
دواتر دەم پارتی سەرۆکایەتی ١٠ شارەوانی بەدەستهێنا
ەیوەندیدار