بارزانی: بۆ لاوازكردنی هەرێم یاری سیاسی بە بودجە و قووتی خەڵكی كوردستان دەكرێت



 

سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق كۆبووەوە و ڕایگەیاند، گرفتەكانی هەرێمی كوردستان تەنیا هەڵبژاردن نیە بەڵكو بڕینی قووت و مووچەی خەڵك و پەلاماردان بۆ سەر هەرێمە و دەشڵێت: پارتی لەگەڵ هەڵبژاردنە بەڵام لەگەڵ هەڵبژاردنێك دایە كە شەفاف بێت و تەعبیر لە ئیرادەی گەلی كوردستان بكات.

ئەمڕۆ شەممە 30ی ئاداری 2024 لە سەڵاحەدین مەسعود بارزانی پێشوازی لە ئەلینا ڕۆمانسكی، باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق كرد.

بارەگای بارزانی بڵاویكردەوە، لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەكە تاوتوێ كرا و ڕۆشنایی خرایە سەر بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستان و هەڵبژاردنی پارلەمانی كوردستان، پەیوەست بەو بابەتە و بەیاننامەكەی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و داواكاری و مەرجەكانی پارتی بۆ بەشداریی لە هەڵبژاردن.

باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق ئەوەی خستەڕوو، كە لە نیگەرانی و تێبینیەكانی پارتی لەمەڕ هەڵبژاردن تێدەگەن و داواكاری و مەرجەكانی پارتیان لەگەڵ یونامی و لایەنە سیاسیەكانی عێراقی باسكردووە و ئەمەریكا خوازیاری ئەوەیە كە هەرێمی كوردستان بەهێز و سەقامگیر بێت و لەگەڵ لایەنەكانی تر بۆ گەیشتن بە چارەسەر لە دیالۆگ بەردەوام بێت.

بارزانی ئاماژەی بەوەدا، كە پارتی هەمیشە لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بووە، بەڵام لایەنەكانی تر دوو ساڵ بەربەست بوون لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن و ئێستاش بە پشتیوانی دەرەكی هاتوون لەڕێگەی دامەزراوەیەكی نادەستووری شێوازێكی وا لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دەسەپێنن كە دوورە لە بنەما یاسایی و دەستوورییەكان، لەگەڵ ئەوەشدا هەر لە ساڵی 2014ـەوە یاریی سیاسی بە بودجە و قووتی خەڵكی كوردستان دەكرێت، ئەویش بۆ لاوازكردنی پێگەی هەرێمی كوردستان.

بارزانی هێماشی بەوەدا، كە شەڕی برسیكردنی خەڵكی كوردستانیان كردووە بۆ بێزاركردنی خەڵك. عێراق لەمێژە سیاسەتی گۆشەگیركردن و لاوازكردنی هەرێمی كوردستانی گرتووەتەبەر و ئێستایش دادگەی فیدڕاڵ وەك چەك و ئامرازێك بۆ بەردەوامیی ئەو سیاسەتە بەكار دەهێندرێت.

بارزانی وتوشیەتی، “بەیاننامەی مەكتەبی سیاسی زۆر ڕوونە. پارتی لەگەڵ هەڵبژاردنە بەڵام لەگەڵ هەڵبژاردنێك دایە كە شەفاف بێت و تەعبیر لە ئیرادەی گەلی كوردستان بكات و دوور بێت لە دەستوەردانی دەرەكی و سەپاندنی شێوازی نایاسایی بە جۆرێك كە پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردن، ئەنجامەكان لە بەرژەوەندیی خۆیان یەكلایی بكەنەوە. ناشكرێ هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت بە بێ بەشداریی پێكهاتەكان و پارلەمانێك پێك بهێندرێت، كە نوێنەری پێكهاتەكانی تێدا نەبێت، هاوكات پارتی كۆمەڵێك سەرنج و تێبینیی تەكنیكی هەیە لەسەر دابەشكردنی كورسیی پارێزگاكان و شێوازی كاری كۆمیسیۆن. هەروەها پێویستیش دەكات لایەنە عێراقییەكان پابەندی ئەو ڕێككەوتنە بن كە لەكاتی پێكهێنانی ئیئتلافی ئیدارەی دەوڵەت ڕێككەوتنی لەسەر كراوە و هیچ لە خاڵەكان جێبەجێ نەكراون”.

ئەوەشی دووپات كردەوە، كە گرفتەكانی هەرێمی كوردستان تەنیا هەڵبژاردن نیە، بەڵكو بڕینی قووت و مووچەی خەڵك و پەلاماردان بۆ سەر هەرێم و گرتنەبەری سیاسەتی نادروستە لەدژی هەرێمی كوردستان.

بارزانی ڕایگەیاندووە، ئەگەر هەموو لایەنەكان خوازیاری ئەوە بن، كە پارتی بەشداری هەڵبژاردن بێت خۆ دەبێ ڕەچاوی تێبینی و سەرنجەكانی پارتیش بكەن بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی شەفاف و بێگەرد، كە لە خزمەتی سەقامگیری و پڕۆسەی دیموكراسیدا بێت. هەڵبژاردنێك كە بە ئەجیندای دەرەكی و بە دەستوەردانی نایاسایی و نادەستووری بۆ سەپاندنی شەرعیەتێكی ساختە بەڕێوەبچێت چ جۆرە سەقامگیرییەك بەدی دەهێنێت و چۆن تەعبیر لە ئیرادەی ڕاستەقینەی دەنگدەران دەكات؟

جەختی لەوە كردەوە، كە هەڵوێستی پارتی و تێبینیەكانی زۆر ڕوونن و داواشی لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و لایەنە سیاسیەكانی عێراق كرد كە پاڵپشتی هەڵبژاردنێكی بێگەرد و شەفاف و یاسایی و دوور لە هەر جۆرە دەستوەردانێك بن.

دابەشكردنی ئاو لە سلێمانی دەستپێدەكاتەوە
پێت دابەشكردنی ئاو لە سلێمانی دەستپێدەكاتەوە
تانكەرێك وەرگەڕا و شۆفێرەكەی گیانی لەدەستدا
دوات تانكەرێك وەرگەڕا و شۆفێرەكەی گیانی لەدەستدا
پەیوەندیدار