مەریوان قەرەنی: سه‌رۆك كۆمار دوو ڕێگه‌ی له‌به‌رده‌ستدایه‌



جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، ئەوەی لەم دۆخەدا ڕۆڵێكی گرنگ دەگێڕێت و دەتوانێت باڵانسی زۆربەی كێشەكان لە قازانجی هەرێمی كوردستان بشكێنێتەوە، سەرۆك كۆماری عێراقە و ده‌شڵێت: “سه‌رۆك كۆمار دوو ڕێگه‌ی له‌به‌رده‌ستدایه‌، یان هه‌ڵویست وه‌رگرێت یان ده‌ستله‌كاربكێشێته‌وه‌”.

مەریوان قەرەنی، جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق له‌ نووسینێكدا لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك باسی له‌وه‌كردووه‌، “هەروەك دەزانن پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق، پشكی هەرێمی كوردستان و پێكهاتەی كوردە لە عێراقدا، پێویستیشە پێش ئەوەی بخرێتە خزمەت كۆی عێراقییەكان، ئەو پۆستە بخرێتە خزمەت مافەكانی كورد و هەرێمی كوردستان لە وڵاتەكەدا، بەداخەوە كورد بەپێی پێویست سوودی لەم پۆستە نەبینیوە، بگرە زۆرجار ئەو پۆستە بووه‌تە بارێكی گران بەسەر شانی هەرێمی كوردستانەوە”.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، ئێستا بارودۆخی عێراق رۆژ بە ڕۆژ بەرەو خراپبون دەچێت، لەگەڵیشیدا شۆڤێنییەكان و هەندێك لە عەرەبە شیعەكان، بە مەبەستی لابردنی سەرنجی رای گشتیی عێراقی لەسەر شكستەكانیان و تاڵانكارییەكانیان لە داهاتی وڵاتەكەدا، بەردەوام دژایەتیی هەرێمی كوردستان دەكەن، بە ڕادەیەك كە “خەریكە لە ڕێگەی هەندێك دامەزراوەی عێراقەوە پێچەوانەی هەمو ڕێككەوتن و عورف و یاساكان و پێچەوانەی دەستوور، هەوڵی لاوازكردن و هەڵوەشاندنەوەی هەرێمی كوردستان دەدەن”.

قەرەنی نووسیویەتی، “پڕۆسەی تەعریبكردنی كوردستان لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم گەیشتوه‌تە لوتكە، ماددەی 140ی دەستور بە تەواوی پشتگوێخراوە، ڕێگە نادرێت هەرێم نەوتی خۆی بفرۆشێت، كار بۆ لاوازكردنی ژێرخانی ئابوریی هەرێمەكەمان دەكرێت، هەوڵی نانەوەی دوبەرەكی لەنێوماڵی كوردستان دەدرێت، گەندەڵیی لە عێراق گەیشتوه‌تە لوتكە، وڵاتەكە پڕكراوە لە میلیشیای سەر بە وڵاتێكی دراوسێ، سیستەمی فیدڕاڵی بە تەواوی دژایەتی دەكرێ و هانی ناوەندگەرایی دەدرێت، هۆكاری بەشی هەرەزۆری ئەم كێشانەش لەوەوە سەرچاوەیان گرتوە كە دادگای فیدڕاڵیی عێراق لە ڕوانگەی ئێمە وەك دادگایەكی بێلایەن رەفتار ناكات و بڕیارەكانی لە ڕوانگەی دوژمنایەتیكردنی كوردەوە سەرچاوە دەگرێت”.

بە بۆچوونی ئەو بەرپرسەی پارتی، “ئەوەی لەم دۆخەدا ڕۆڵێكی گرنگ دەگێڕێت و دەتوانێت باڵانسی زۆربەی كێشەكان لە قازانجی هەرێمی كوردستان بشكێنێتەوە، سەرۆك كۆماری عێراقە، ئەو پارێزەری دەستوورە و دەسەڵاتی ئەوەی هەیە ڕێگری لە هەر لایەك بكات لەوانەی كە دژایەتیی كورد و كوردستان دەكەن، بۆیە سەرۆك كۆمار دەتوانێت دادگای فیدڕاڵی بێنێتەوە سەر ڕێگە ڕاستەكەی”.

ئاشكراشی كردووە، “ئەوكاتەی كابینەكەی محەمەد شیاع سودانی پێكهات، كارنامەی حكومەتەكەی لە پەرلەمان دەنگی لەسەر درا، هاوكات ئەو وەرەقە سیاسییەش دەنگی لەسەردرا كە لە هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەتەوە (كە هەموویان حزبە پێكهێنەرەكانی حكومەتی عێراقن) واژۆی لەسەر كرابوو، لە پەرلەمان وەرەقە سیاسییەكەش هاوشێوەی كارنامەكەی سودانی دەنگی لەسەردرا، ئەوەش مانای وایە كە بوو بە بەشێك لە كارنامەی حكومەتەكەی، یەكێك لە خاڵەكانی ئەو كارنامەیە ئەوەبوو كە دەبوایە لە ماوەی شەش مانگ پاش دروستكردنی حكومەتی عێراق، پرۆژە یاسای دادگای فیدڕاڵی بنێردرێتە پەرلەمانی عێراق و دەربچوێندرێت، چونكە ئەو دادگایەی ئێستا هەیە، بەپێی دەستوور دروست نەبووە”.

جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی جەختیشی كردۆتەوە، “بە پێویستی دەزانین سەرۆك كۆمار بەیاننامەیەك دەربكات و داوا بكات لە ماوەیەكی دیاریكراودا بۆ نمونە (دوو مانگ) ئەو بڕگەیەی كارنامەی حكومەتەكەی سودانی تایبەت بە دادگای فیدڕاڵی جێبەجێ بكرێت، ئەگینا هەڵوێست وەردەگرێت، ئەوەش لەبەر خاتری گەل و هەرێمەكەی چونكە ئەگەر كورد نەبوایە، سەرۆك كۆمار كۆشكی سەلامیشی نەدەبینی”.

دهش‌ڵێت، “ئەگەر بەدەمەوەهاتن نەبوو، ئەوا بە ڕای ئێمە، مرۆڤ شەرمە لە پۆستێكدا بێت كە كەس حیسابی بۆ نەكات، بۆیە پێویستە بە فەرمی دەست لەكاربكێشێتەوە، ئەوكات كەسیش گلەیی لێ ناكات، جگە لەم دوو چارەسەرە، ڕێگەی سێیەم لەبەردەم سەرۆك كۆماردا نییە، پێشوازیكردن لە تەیف سامی و تەلەفۆنكردن لەگەڵ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی، موسەكینە و دەردەكە چارە ناكات”.

 

بە ڤیدیۆ؛ بەرازێك دەچێتە ناو شارۆچكەی چوارتاوە
پێشت بە ڤیدیۆ؛ بەرازێك دەچێتە ناو شارۆچكەی چوارتاوە
شارەوانی بۆ پێدانی پارەی جەژنانە بە ژینگەپارێزان بڕیاریدا
دواتر شارەوانی بۆ پێدانی پارەی جەژنانە بە ژینگەپارێزان بڕیاریدا
ەیوەندیدار