دادگای فیدڕاڵی دوو دۆسیەی دیكەی هەرێم یەكلایی دەكاتەوە



دادگای باڵای فیدڕاڵی تایبەت بە دوو دۆسیەی دیكەی تایبەت بە هەرێمی كوردستان كۆدەبێتەوە، كە تایبەتن بە نرخی نەوتی حكومی و كامپی ئاوارەكانی عێراق لە شارەكانی هەرێم.

بەپێی بەدواداچوونێكی (خەڵك) ڕۆژی یەك شەممە 31ی ئادار، دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق كۆدەبێتەوە لەسەر دوو دۆسیەی تایبەت بە هەرێمی كوردستان، كە یەكێكیان پەرلەمانتارێكی كورد لە بەغدا لەدژی حكومەتی عێراق و لە بەرژەوەندی هەرێم تۆماری كردووە و ئەوی دیكەیان لە دژی هەرێم لەلایەن وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراقەوە تۆماركراوە.

لە سكاڵای یەكەمیاندا، نەهرۆ مەحمود، پەرلەمانتاری كورد لە بەغدا تۆماری كردووە لەسەر سەرۆك وەزیران و وەزیری نەوت و تیایدا داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارێكی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەكات، كە تیایدا نرخی یەك لیتر نەوتی سپی بۆ هاووڵاتیانی هەرێم جارێك بە 500 دینار و جارێكیش بە 250 دینار و ڕەوانەكردنی بۆ هەرێم بەو نرخە لە 1-12-2023 تاوەكو 31-3-2024 و بەبڕێكی دیاریكراو.

هەر لە سكاڵاكەدا ئەو پەرلەمانتارە كوردە، “داوای كاركردنی بە دەستوور كردووە، كە یەكسانی لەنێوان هاووڵاتیانی عێراقی چەسپاندووە تاوەكو بە ژیانێكی شایستە بژین” و بەو پێیەش نرخی لیترێك نەوت، كە بۆ هاووڵاتیانی عێراقی بە 150 دینارە بۆ هاووڵاتیانی هەرێمیش بەو نرخەبێت.

هاوكات، لە سكاڵای دووەمدا، وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق لەسەر سەرۆكی هەرێم و سەرۆك وەزیران و وەزیری ناوخۆی هەرێم تۆماری كردووە و تایبەتە بە پرسی گەڕاندنەوەی ئاوارەكان لە كامپەكانی هەرێمەوە بۆ شارەكانی عێراق.

وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق لە سكاڵاكەیدا داوای لە دادگای فیدڕاڵی كردووە، بڕیار بدات بە پابەند كردنی سەرۆكی هەرێم و سەرۆك وەزیران و وەزیری ناوخۆی هەرێم بە بڕیاری‌ ژمارە 24007 ی‌ ساڵی‌ 2024ی‌ ئەنجوومەنی‌ وەزیرانی عێراق، کە تایبەتە بە گەڕاندنەوەی‌ ئاوارەکانی‌ هەرێمی‌ کوردستان و داخستنی‌ کەمپی‌ ئاوارەکان تاوەكو 30ی حوزەیرانی ئەمساڵ.

دوای دوو مانگ، دابەشكردنی مووچەی مانگی 2 دەستپێدەكات
پێت دوای دوو مانگ، دابەشكردنی مووچەی مانگی 2 دەستپێدەكات
نرخی ئەمپێری كارەبای مۆلیدە دیاری كرا
دوات نرخی ئەمپێری كارەبای مۆلیدە دیاری كرا
پەیوەندیدار