کاتێک قەیرانی دارایی ڕوودەدا: چۆن ڕووبەڕووی دەبیتەوە؟



کاتێک قەیرانی دارایی ڕوودەدا: چۆن ڕووبەڕووی دەبیتەوە؟

بەهرۆز جەعفەر

کەم تا زۆر، هەمووتان قەیرانی قەرزە حکومییەکانی «یۆنان» تان بیستوە، ئەوەی کە بەتایبەت لەساڵی (٢٠٠٩) ەوە ترس کەوتە ناو وەبەرهێنەرەکان کە حکومەت بە باشی ناتوانێت بە وەفا بێ بەرانبەر پارەکانیان، ئەمە سەرەتاکەی بوو، ناوەڕۆکەکەشی ئەوەبوو کە بۆ زیاتر لە (٧) حەوت ساڵ بەدوای یەکدا کورتهێنان لە بودجەی ساڵانەی یۆناندا بەچڕی دەستی پێکرد، واتە هاوسەنگی ئابووری نەما؛ هاوسەنگی لەنێوان زیادەی بودجە، زیادەی وەبەرهێنان وە کورتهێناندا نەما.

بەرئەنجامی ئەوە؛ بە هەزاران هاوڵاتی تووشی خۆکوشتن و بە دەیان هەزار یۆنانی تووشی گرفتی دەروونی جۆراوجۆربوون، کێشەکە ناوچەی یۆرۆی تەنیەوە، بەهۆی ئەوەوە، ساڵی (٢٠١٥) بوومەلەرزەیەکی سیاسی و ئایدۆلۆجیش یۆنانی گرتەوە، کە هەڵە-نابێ بڵێین ئەوەتای «کارل مارکس» مردووە گۆڕانکاریی وەها و پرسیاری وەها نەکەوتۆتە سەر هێزی میعیاریی ( Normative Power) ی ئەوروپا [ هێزی نۆرماتیڤ واتە بوونی تواناکان بۆ هێنانەدی گۆڕانکارییەک یان بۆ ڕێگریکردن لە ڕوودانی گۆڕانکارییەک]، سەرەتای گۆڕانکارییەکەش ئەوەبوو، حزبی ( سیریزا) وەک پارتێکی چەپی ڕادیکاڵ لە یۆنان دەستەڵاتیان گرتە دەست، ئەلیکس تسیبراس بوو بە سەرۆک وەزیران، ئەم گەنجە خەریکی مەعمەعە و فەیسبوک و دەستبادان نەبوو لەناو یۆناندا، بەڵێنیدا تا قەیرانەکە چارەسەر نەکات بۆینباخ نابەستێت.

یەکێک لەگەورەترین دە بیرمەندە ئابورییەکەی جیهان«

یانیس ڤارۆڤاکیس -Yanis Varoufakis» بوو بە وەزیری دارایی یۆنان، ڤارۆڤاکیس، لە بێرمنگهام لە بەریتانیا ماتماتیک و ئابوریی خوێندووە.

لە ئوسترالیا ژیاوە، پڕۆفیسۆرە، یۆنانیە و ڕاوێژکاری حکومەتی بەریتانیا بووە بۆ دەربازبوون لە تەڵەزگە ئابوورییەکان، لە زانکۆی سیدنی لە ئوسترالیا، لە زانکۆکانی ئەسینا و تەکساس مامۆستا بووە. کتێبی (لەبارەی ئابورییەوە بۆ کچەکەم قسە دەکەم) ی نوسیوە.

ساڵی (٢٠١١) کتێبەکەی ( مینۆتەوری جیهانی- ئەمریکاو ئەوروپاو ئایندەی ئابوریی جیهانی) بە باشترین تێز دەست نیشانکرا بۆ دۆخی ئابوریی لە دوای قەیرانە جیهانیەکەی ساڵی (٢٠٠٨).

بەم هەموو تەحەدایەوە، سیریزای یۆنانی نەیانتوانی بنەبڕی قەیرانەکە بکەن، بەڵام بایی ئەوەیان کرد کە تسیبراس بۆینباخ ببەستێت، ڤارۆڤاکیس، وەک ژیانی خۆی سادەبوو، وەک بیروڕای خۆی نەک بۆ بەر کامێرا هەمیشە بە ماتۆڕ هاتوچۆی دەکرد، لەبەرئەوەی سیریزا بە گشتی، بەتایبەتیش «ڤارۆڤاکیس» هەر لەسەرەتاوە وەک کەسێکی پرۆفیشناڵ زانی ئەستەمە فاڵتۆیی- حوکمڕانی و لاوازبوونی دامەزراوەکان لە یۆنان لە بنەچەوە چارەسەر بکرێت؛ ماوەی کابینەکە تەواو نەبو-بوو دەستی لەکارکێشایەوە.

هەرێمی کوردستان، لە ساڵی (٢٠١٤) ەوە کەوتووەتە بەردەم خزانێک، دەچێتە ڕێوە و ملیارێک دۆلار دیار نامێنێت، تۆزێک ڕێ دەکات و ئینتیمای نیشتیمانیی لای تاکەکانی کاڵ-کاڵ دەکاتەوە. لە کاتێکدا بێی بیسمیلا لە قەیرانی دارایی و ئابووریی دەکات، لە کاتێکدا قەیرانە ئابوریی و ئابڵوقەکە زیاتر دەکات، کەچی ڕاوچی و پێشمەرگەیەکی کۆنیان هێناوە دەیکەن بە وەزیری دارایی! فەلسەفە ئابوورییەکەی وەزیر لە هەرێم ئەمەیە: بابە ئێمە نە کەممان کردووە و نە درەنگ هاتووین و باو باپیرمان هەر هەبوون و ..تا دوایی) ئایا پیاوێک کە نەخۆشی مێشک و دەماری هەیە دەچێ بۆلای پێڵاوفرۆشێک، چونکە باوک و برای پێڵاوفرۆشەکە تێکۆشەر بووە!؟ سیاسەت و ئابوریی زانستن، زبڵی پێشکەش بکەی زوخاو و زۆنگاوت نیشان دەدات، لە عێراقدا وەزیر لەسەربنەمای ئەوەیە متمانەپێکراوی حزب بێ و دە دینار ببات، چواری بۆ حزب تا بیدەن بە شەڕەجنێو و قسەی ناو میدیا، دوانیش بۆ خۆی، دوانیش بۆ شەریکەکانی، دانەیەکی بەهەدەردەچێت، یەک دیناریش بۆ میللەت!

قەیرانەکەی یۆنان لە بنەڕەتدا لە ١٩٩٩ دەستی پێکرد، بەڵام لە ٢٠٠٩ گڕی سەند، لەساڵی ٢٠١٦ ەدا ڕێژەی قەرزەکە گەیشتە ١٧٧ ملیار یۆرۆ، بە دابەزینی خوار سفری تێکڕای گەشەی ساڵانەوە، وای پێویست دەکرد تا هەستانەوە ٣٥٠ ملیار یۆرۆ بەردەست بخات، لەو ماوانەدا ئەوەی تێبینیم کرد لە حکومەتی یۆنانی و هاونیشتیمانیەکانی ئەوە بوو کە لە یۆنان حکومەت لە قەیراندا بوو، بەڵام خەڵک دەژیا و ژیانی خۆیان دەکرد، کەچی لە کوردستان خەڵک لە قەیراندایە و حزبەکان و وەفدی حکومەت پێ دەکەنن! بەردەوام حیکایەتی ململانێی شەست- حەفتا ساڵەی نێوخۆیی کوردستان بیری کادیران و خەڵک دەخەنەوە.

باشترین شت ئەوەیە بوترێ؛ شکستمان هێنا لە نیشتیمانسازیی، لە پێکەوەژیان، لە بەرپاکردنی شۆڕشێکی فەرهەنگیی؛ نیشتیمانسازیی بۆڕییەک نەوت و چاڵێک و چەند دۆلارێک نییە؛ پێش ئەوە کەلتوور و فەرهەنگ و شێوازی تێگەیشتنە بۆ دیاردەکان.

لە جیهاندا، کە قەیران ڕوو دەکاتە حزب، وڵات، شار، کیانێک؛ یەکسەر دەستەیەکی کەم و پسپۆڕ خێراو وردبینانە دێنە دەست. کەچی لە هەرێمی کوردستان ئێستا بڵێ؛ کێ دەبێتە وەزیری نەوت، دارایی، پیشەسازیی، کاروباری دەرەوە…تاد بە هەزاران کەسی نا-شایستە دەست هەڵدەبڕی و ئێژێ «من..من..م» لە دواییشدا نا-شایستەترینیان دێت و پۆستەکان بەڕێوە دەبا؛ بنەمای کار و بەرەو پێشچوونی نیشتیمان ئەوەیە هەنگاوی مۆدێرن و کرەیتیڤ بنرێ، لێ تازە لە دۆڵێکدا پەنجا حیزبی کوردیی شەڕە-شەق و قسە سواوەکانی جاران دەکەنەوە! بیست ساڵ کورد لە کەرکوکدا باڵادەست بوون و نوێنەری خۆیان هەبووە، تەنها بۆ ئەوە بوو کە دە-پانزە- بیست کەسێک ببنە ملیۆنێر و ملیاردێر؛ ئیتر خەمی هەستانەوە نەبوو؟ نییە!

سبەینێ ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بە مووچە کۆدەبێتەوە
پێشت سبەینێ ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بە مووچە کۆدەبێتەوە
سەرلەنوێ نرخی دۆلار بەرزبووەوە
دواتر سەرلەنوێ نرخی دۆلار بەرزبووەوە
ەیوەندیدار