“ئاگری نەورۆز” و “ئاگرپەرستی” لە نێوان دوو ئاڕاستەی نەزانیندا!



“ئاگری نەورۆز” و “ئاگرپەرستی” لە نێوان دوو ئاڕاستەی نەزانیندا!

پ.ی.د. دڵشاد زاموا

سێ سەدە لەمەوبەر، فەلەکناسی کورد، شێخ حەسەنی گڵەزەردە لە ڕووانگەکەیەوە لە چیای گڵەزەردە، لە ئاسمانی دەڕوانی و جوڵەی مانگ و ڕۆژی دیاریدەکرد، بۆ ڕاگەیاندنی سەرەتای ڕەمەزان، جەژنەکان، و وەرگەڕانی وەرزەکان هەر لەسەر چیای گڵەزەردە ئاگری دەکردەوە، بەم شێوەیە هەموو ئاوەدانی و لادێکانی دەشتی شارەزوور، سلێمانی و قەرەداغ و دەوروبەری بەو پەیامی ئاگرە هەواڵی جەژن و گۆڕانکارییەکانی وەرزەکانیان دەزانی.

دوو سەدە لەمەوبەر میرنشینی سۆران لە نێوان قەڵای ڕەواندوز و قەڵاتی هەولێردا زیاتر لە پێنج قەڵاتی دروستکردبوون، هەریەکێک لەو قەڵایانە بە ئاسانی مەشخەڵکی قەڵاکەی تری لێوەدیاربوو، لەبەرئەوە هەر لەشکر و مەترسییەک لە دەشتی هەولێرەوە بەڕێبکەوتایە لەڕێگەی ڕاوەشناندنی مەشخەڵەئاگر بە خێرایی لەسەر قەڵاتی هەولێر، بانەمان-خانزاد، دێرێ، دوێن و قەڵاتی خارواتان لە چیای بەنی هەریرەوە دەگەیشتە پایتەختی میرنشین لە ڕەواندوز.

-دوو هەزار و چوارسەد و بیست و سێ ساڵ لەمەوبەر، کاتێک لەشکری گریکی زەینەفۆن بە چیاکانی خاکی کاردۆخیادا تێپەڕین، چیانشینانی کوردستان لە ڕێگەی ئاگرکردنەوەوە پەیامە سەربازییەکانی خۆیان دەگەیاند.

نەورۆزیش بەهەمان شێوەیە، ئاگرکردنەوە لەسەر لوتکەی چیاکانی ئەم نیشتیمانە تەنها پەیامی هاتنی وەرزێکی نوێیە، لەهەمان کاتیشدا کۆتایی ڕێبەندان و سەرما و بەفرە، کە بە درێژایی مێژوو دەرفەتێک بووە بۆ خەباتکارانی ئەم چیایانە ڕاپەڕین و ڕاماڵینی دەسەڵاتی ستەمکاری داگیرکار و ستەمکاری ناوخۆیی لەگەڵ هاتنی ئەم وەرزەدا ڕابماڵن، ئەم پەیامی سەرکەوتنەش هەر بە کردنەوەی ئاگر و گەیاندنی مژدەی سەرکەوتن بە ڕاوەشاندنی مەشخەڵی ئاگر لە چیاکانەوە بووە بۆ دەشت و دۆڵ و چیاکانی بەرامبەر.

ئەمڕۆ دوو ئاڕاستە بە نەزانی لە نەورۆز و ئاگرکردنەوەکەی دەڕوانن، ئاڕاستەیەک بە شانازییەوە ئەم ئاگرە وەک ئاگرپەرستی سەیردەکەن، پێیان وایە باپیرانی کورد ئاگرپەرست بوون، تەنانەت دێڕە سروودی “چاووگی ئاگر هێز و گیانمە باوەڕی بەرزی کوردستانمە” وەک ڕاستییەکی مێژوویی دەڵێنەوە!

ئاڕاستەیەکی تر، کە زیاتر وەک پەرچەکرداری ئاڕاستەی یەکەمن، ئاگرکردنەوەی نەورۆز بە ئاگرپەرستی دەزانن، ئەمەش بۆخۆی کێشەیەکی ترە لە نەزانینی پەیامەکانی ئاگرکردنەوە لە سەر چیاکانی کوردستان.

بێگومان ئەم ئاڕاستانە مێژووی دێرینتریان هەن، لە سەردەمی ساسانیدا کە دەوڵەت، زەردەشتی وەک ئاینی فەرمی دەناساند، و بۆ مەرامە سیاسی و سەربازییەکانی خۆی بەکاری دەهێنا، ئەوکات بەشێکی گەورەی خەڵکی ڕۆژئاوا و باکور و باشوری کوردستان شوێنکەوتەی ئاینی مەسیحی بوون، کوردە مەسیحییەکان لە تۆمار و دەستنووسەکانیاندا زەردەشتییەکانیان بە شوێنکەوتەی ئاینێکی ئاسمانی نەدەزانی، وەک ناتۆرە پێیان دەوتن ئاگر پەرست، ئەم ئاڕاستەیە دواتریش لە سەردەمی ئیسلام و تا ئێستاش بەردەوامە، لەکاتێکدا ئاگرپەرستی شتێکە و بە پیرۆزدانانی ئاگر و بەکارهێنانی وەک بەشێک لە ڕێوڕەسمە ئاینییەکان شتێکی ترە.

هەرچەندە لە دەقی ئینجل و قورئاندا وەک ئاینێکی ئاسمانی داندراون، بەڵام لە ئەدەبیاتی مەسیحی و ئیسلامیدا، مەجوس (کە لەوانەیە ناوەکەیان لە ناوی کاهینی ماگوشەوە وەرگیرابێ) بە ئاگرپەرست دانراون، لەلای زەردەشتی ئاگر وەک پیرۆزییەک سەیرکراوە، نەک وەک خواوەندێک! هەرچەندە لەلایەن پاشایانی ساسانییەوە زەردەشتییەت تێکەڵ بە پەرستنی بتە دێرینەکانیش کرابوون، لەپاڵ خواوەند ئاهورامەزدا دا، خواوەندەکانی ئاناهیتا و میتراش دەپەرستران.

نمونەیەکی ڕوونی ئاگرپەرستی لەکۆندا بەم شێوەیە بووە: سێ هەزارساڵێک لەمەوبەر لە دەقە مێخییەکاندا خواوەندی (گیڕڕو) دەرکەوت، پەرستگەی سەرەکی لە شاری ئاشور لەسەر ڕووباری دیجلە بوو. دیمەنێکی هونەریش هەیە کە ژن و پیاوێک نوێژ بۆ ئاگر دەکەن و دەیپەرستن.

ئەو پەرستنە تەواو جیاوازە لە هەموو ئەو ڕێوڕەسمانەی تر کە لە سەردەمە دێرینەکانەوە تا ئێستا ئاگر وەک بەشێک لە ڕێوڕەسمەکان بەکاردەهێنن، بۆ نمونە صابیئەکانی باشوری مێسۆپۆتامیا کە خۆیان بە شوێنکەوتەی حەزرەتی یەحیا دەزانن، هەموو ڕێوڕەسمەکانیان لەناو ئاوی ڕووبارەکاندایە، بەڵام یەزیدییەکانی باکوری میسۆپۆتامیا زۆربەی ڕێوڕەسمەکانیان بە ئاگردنەوەوە بەڕێوەدەچێ، ناکرێ بە یەزیدی بگوترێ ئاگرپەرست، و بە صابیئە بگوترێ ئاوپەرست!

کەواتە ئەو ئاگرەی شێخ حەسەنی گڵەزەردە بۆ ڕاگەیاندنی سەرەتای ڕەمەزان و جەژن و گۆڕانکاری وەرزەکان دەیکردەوە، مەشخەڵی ئاگری سەربازانی کاردۆخی و میرنشینی سۆران و ئاگری نەورۆزی سەر چیاکانی کوردستان تەنها ئاگری گەیاندنی پەیامی گۆڕانکاری و هاتنی وەرزی نوێ و جەژن یان هاتنی سوپای دوژمن یان شکستی بوون، هاتنی بەهاریش کە بۆ هەموو ڕووەک و زیندەوەرێک لە سروشتدا سەرەتای نوێبوونەوە و لەدایکبوونە، کاریگەری لەسەر مرۆڤیش هەیە، دەستپێکی کشتوکاڵ و ژیانێکی نوێیە، لەبەرئەوە هەر لە سەردەمە دێرینەکانەوە بە چەندین ناو و جەژنی جیاواز پێشوازی لە هاتنی ئەم وەرزە کراوە.

هیوادارین خۆمان لە هەردوو ئاڕاستە نەزانییەکە بپارێزین، ئەو ئاڕاستەیەی کە نەورۆز و ئاگرەکەی بە شانازییەوە پەیوەست دەکەنەوە بە ئاگرپەرستی و زەردەشتییەوە، ئاڕاستەکەی تریش کە وەک ناتۆرە پێی دەڵێن جەژنی ئاگرپەرستی!

بیرمان نەچێ، دوژمنانی دەوروبەر، ڕاگەیاندن و ئەحزابی دژ بە خەڵک، هەموو جەژن و بۆنەیەک بۆ شەڕە قۆچ و کێشمەکێشمی ناوخەڵک ئاڕاستەدەکەن، تا خەڵک دژبەیەک بن، نەیانپەرژێتە سەر ڕاماڵینی ستەمی دۆست و دوژمن…و هێنانی ژیانێکی ئازاد و سەربەست لە بەهارێکی جواندا.

ڕۆژی نوێ و وەرزی نوێ و بەهاری هەموولایەک پڕ گوڵ وجوانی بێ!

 

ئاماری زیانەکان و قوربانیانی لافاوەکەی دهۆک ڕاگەیەنرا
پێشت ئاماری زیانەکان و قوربانیانی لافاوەکەی دهۆک ڕاگەیەنرا
کاریگەری ڕۆژوو لەسەر غودەی دەرەقی چییە؟
دواتر کاریگەری ڕۆژوو لەسەر غودەی دەرەقی چییە؟
ەیوەندیدار