ئەو خۆراكانەی خانمان پێویستە زیاتر لە پیاوان بیخۆن



پسپۆڕێكی زانستی خۆراك ڕایدەگەیەنێت، جەستەی خانمان جیاوازە لە پیاوان، بەهۆی كاریگەریی هۆرمۆنەكان و قۆناغە جیاوازەكانی بۆیە كۆمەڵێك خۆراك هەیە، كە پێویستە خانمان زیاتر بیخۆن.

‎د.كامەران ڕەسوڵ ژاژڵەیی، پسپۆڕی زانستی خۆراك ڕایگەیاندووە، هەر چەندە هەموو خواردنەكان بۆ مرۆڤ پێویستە ، بەڵام كۆمەڵێك خۆراك هەیە كە پێویستە خانمان زیاتر بیخۆن.

گرنگترینیان ئەمانەن:

ئەو خۆراكانەی دەوڵەمەندن بە ئاسن:
ئاسن یەكێكە لە گرنكترین كانزاكان بۆ تەندروستیی خانمان و بە گوێرەی قۆناغەكان پێداویستی لەشی كەم و زیاد دەكات؛ بۆ نموونە لە كاتی دووگیانیدا زیاتری پێویستە و دوای وەستانی سووڕی مانگانە پێداویستی كەمتر دەكات.
وەك گۆشتی سوور، و مریشك و قەل و ماسی، پاقلەمەنییەكان، سپێناخ و كەلەرم.
ئەو خۆراكانەی دەوڵەمەندن بە فۆلیك ئەسید:
فۆلیك ئەسید ڕۆڵێكی سەرەكی دەبیێت لە ڕێگریكردن لە هەندێك نەخۆشی و شێواویی زگماكیی كۆرپەلە، بۆیە زۆر گرنگە بۆ خانمان لە ماوەی پێش دووگیانبوون و له سێ مانگی یەكەمی سكپڕی و كاتی شیردانی سروشتی پێدوایستی لەش زیاد دەكات، بۆیە سەردانكردنی پزیشكی پسپۆڕ گرنگە بۆ پێدانی بڕی پێویست، پزیشكان سێ مانگی پێش سكپڕی ڕۆژانە (400) مكگم حەپی فۆلید ئەسید دەنووسن بۆ خانمان، هەروەها دەتوانرێت لە ڕێگەی هەندێك خۆراكەوە بەدەستبهێنرێت وێنەی سەوزە گەڵاتۆخەكان، پڕتەقاڵ، فاسۆلیا و بازالیا.
ئەو خۆراكانەی دەوڵەمەندن بە كالسێوم و ڤیتامین دی:
دیارە خانمان زیاتر ئەگەری تووشبوونیان هەیە بە فشەڵبوونی ئێسك بە تایبەت دوای چوونە تەمەنەوە و دوای وەستانی سووڕی مانگانە، بۆیە پێویستیان زۆرترە بەو خۆراكانەی دەوڵەمەندن بە كالسێوم، هەروەها بە ڤیتامین دی كە یارمەتی هەڵمژینی كالسێوم ئەدات.
لەو خۆراكانەی دەوڵەمەندن بە كالسێوم شیر و بەرهەمەكانی، هێلكه، ماسی، سەوزەگەڵاتۆخەكان.
بۆ ڤیتامین دی سەرچاوەی سەرەكی چوونە بەر تیشكی خۆرە، ماسی سەلموون، زەیتی جگەری نەهەنگ.
چەند ڕێنمیاییەكی گرنگ :
١ دوور كەوتنەوە لە خواردنی بڕێكی زۆر لە كالۆری وەك شیرینی و چەوری و فاستفوود و خواردنەوە گازییەكان چونكە خانمان بە شێوەیەكی گشتی جەستەیان بڕێكی كەمتر ماسولكە و بڕێكی زیاتر چەوری تێدایە بۆیە بڕێكی كەمتر لە كالۆری و وزەیان پێویستە ڕۆژانە.
٢ گرنگی دان بە وەرزش و بەردەوامبوون لە سەری، وەرزش سوودە تەندرستییەكانی زانراون بەڵام بۆ خانمان زیاتر گرنگە چونكە ئەگەری زۆربوونی كێش و قەڵەوبوونیان هەیە.
٣ بەكار نەهێنانی حەپی مەڵتی ڤیتامین و تەواوكەرە خۆراكییەكان بێ ئەوەی پێویست بكات و دوور لە ڕێنمیایی پزیشك، خواردنی تەندروست و دەوڵەمەند بە سەوزە و میوە زۆر گرنگە تا پێویستیت بە تەواوكەری خۆراكی نەبێت.

هەرێمی کوردستان.. یادی لە دایکبوونی حەزرەتی مەسیح بەڕێوەدەچێت
پێشت هەرێمی کوردستان.. یادی لە دایکبوونی حەزرەتی مەسیح بەڕێوەدەچێت
شارەوانی سلێمانی هەڵمەتی پاككردنەوەی سەیرانگای سەرچناری دەستپێكرد
دواتر شارەوانی سلێمانی هەڵمەتی پاككردنەوەی سەیرانگای سەرچناری دەستپێكرد
ەیوەندیدار