هێشتا هەڵەبجە لە ژێر مەترسی بۆمبە نەتەقیوە کیمیاویەکاندایە



مانەوە و نەتەقینەوەی بەشێک لەو بۆمبە کیمیاوی و ناپاڵمانەی ڕژێمی بەعسی عێراق لە ئاداری ١٩٨٨دا بەسەر شاری هەڵەبجەدا هەڵیدانە خوارەوە، مەترسیی لەسەر ژیانی دانیشتوانی شارەکە دروست کردووە.

سەرەڕای تێپەڕبوونی ٣٦ ساڵ بەسەر کیمیاباران کردنی هەڵەبجەدا بە چەکی کیمیایی، بوونی ژمارەیەک لە بۆمبی کیمیایی نەتەقیو لە ناوەوە و دەوروبەری شارەکە بووەتە جێگەی نیگەرانیی و ئەگەری تەقینەوەیان مەترسیی کارەساتی هاوشێوەی لێدەکەوێتەوە.

کیمیاباران کردنی شاری هەڵەبجە لە کۆتایی جەنگی عێراق و ئێران، لە ١٦ی ئاداری ساڵی ١٩٨٨دا لەلایەن ڕژێمی بەعسی ڕووخاوەوە ئەنجامدرا و، تیایدا غازی خەردەل و کۆمەڵێک غازی دیکەی تێکدەری مێشک و دەمار بەکارهات، کە گیانلەدەستدانی پێنج هەزار کەس و برینداربوونی زیاتر لە ١٠ هەزار کەسی دیکەی لێکەوتەوە، لەگەڵ ئاوارەبوونی تەواوی دانیشتوانی شارەکە، ئەمە و کاریگەری پاشماوەی چەکەکانیش بۆ دەیان ساڵ لەسەر شارەکە بەردەوام بوو.

لە سەروبەندی جەنگی خوێنانی هەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێراندا و، داگیرکردنی ناوچەکانی هەڵەبجە لەلایەن ئێرانەوە، سوپای عێراق هێرشێکی چڕی کردە سەر دەوروبەری شاری هەڵەبجە و بە جۆرەها چەک و ناپاڵم بۆردمانی کرد کە زیانێکی زۆری لێکەوتەوە و شووشە و پەنجەرە تەواوی ماڵەکانی شارەکەی شکاند، شارەزایانی سەربازیش ئەمە بە دەستپێک و ئامادەکاریی بۆ کرانەوەی دەرچەی زیاتری بڵاوبوونەوەی غازی کیمیاوی ناوزەند دەکەن.

هەندێک لەو بۆمبە کیمیاوی و ناپاڵمانەی بەسەر شارەکەدا هەڵدرانە خوارەوە نەتەقیون و لە ناو ماڵ و دەوروبەری شاری هەڵەبجەدا ماون و، هەندێکیان چەند مەترێک لەدووری یەکتر کەوتوونەتە خوارەوە، کە بوونەتە مەترسیی لەسەر ژیانی هاووڵاتیان بە گشتیی و دانیشتوانی شارەکە بە تایبەتیی.

لە بناری چیای باڵامبۆ چەندین بۆمب بە نەتەقیوی ماونەتەوە و هەموویان لە نزیک یەک کەوتوونەتە خوارەوە، مرۆڤ بە بینییان سەرسام دەبێت و ساتی بۆردومانی شارەکە دێتەوە یاد کە هەزاران قوربانییان لێکەوتەوە.

سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە، لوقمان عەبدولقادر محەمەد، باسی لەوە کرد تاوانی کیمیاباران کردنی هەڵەبجە تاوانێکی بەرفراوان بوو، تەنیا لە یەک گۆشەوە نەکراوە، بەڵکو ئەو بۆمبانەی دراون لە هەڵەبجە بە نەخشەیەکی سەربازیی لێیدراوە و گوتی: “سەرەتا ناوشارەکە بە ناپاڵم بۆردومان کراوە بۆ ئەوەی ئەو دەرگا و پەنجەرانە بشکێنێت و دواتر چەکی کیمیایی بەکاربهێنێت تا بە ئاسانی کاربکاتە ناو خێزانەکان. لە قۆناغی دووەمدا بۆردومان کردنی ئەو ڕێگایانەی کە خەڵکی لێیانەوە دەرباز دەبن لە هەڵەبجەوە بۆ دەرەوەی شارەکە بۆ ئەوەی ئەگەر ئەوانەی کە لەناو ماڵەکان و ناو شارەکەدا شەهید نەبوون، لە کاتی هەڵاتندا شەهید ببن”.

لوقمان باسی لەوە کرد کە ڕژێم بە دوای ئەو خەڵکەوە بوو تا ناو ئۆردوگاکانی ئێرانیش. لەبەرئەوە بۆردومان کردنی هەڵەبجە بە نەخشەیەکی سەربازیی و بە پیلانێکی داڕێژراو بووە. مەترسییەکانیشی لەسەر خەڵکی هەڵەبجە ماون بەتایبەتی ئەو بۆمبانەی کە نەتەقیونەتەوە و ڕایگەیاند: “بەپێی ئەو زانیارییانەی وارسی ماڵەکان بە ئێمەیان داوە، حەوت ماڵ بۆمبیان تێدایە. کە دیار نییە ئەم بۆمبانە بۆمبی کیمیایین یان بۆمبی دیکەن”.

ڕاشیگەیاند: “یەکێک لە خێزانەکان دەڵێت بۆمبەکەمان خستە ناو بیری ئاوەوە کە ئەمە مەترسییەکی زۆر زۆر گەورەیە، خۆمان بینیمان لە ٢٠١٤ بۆمبێک دۆزرایەوە لە ڕێگای باوە کۆچەک، بۆمبەکە هەمان ئەو کاریگەرییەی هەبوو کە ساڵی ١٩٨٨ لەسەر خەڵکەکە هەبوو. بۆیە مەترسی ئەوە هەیە کە ئەو بەرگەی ئەم غازەی تێدا هەڵگیراوە بەپێی کات کارلێک بکات و غازەکە بڕژێتە ناو ئاوی ژێر زەوی، ئەمە لەکاتێکدا زۆربەی خەڵکی ئەم شارە ئاوی ژێر زەوی دەخۆنەوە”.

سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە باسی لەوە کرد کە بەنووسراوی فەڕمی ئیداری پارێزگاری هەڵەبجەیان لەو مەترسییە ئاگادار کردووەتەوە و ماڵەکانیشیان بۆ دەستنیشان کردوون، کە ئەم ماڵانە بە گوتەی خۆیان بۆمب لە ناو ماڵەکانیاندایە و گومان دەکرێت یەکێک لە بۆمبەکان بۆمبی کیمیایی بێت.

وتیشی: “کۆمەڵێک لەو ماڵانە بۆمبەکانیان داپۆشیوە. قائیمقامی ئەو کاتەی هەڵەبجە تۆنێک چیمەنتۆی دابین کرد بۆ داپۆشینی ئەو بۆمبانە، بەڵام بەڕاستی ئەمە چارەسەر نییە. لەوانەیە لەو کاتەدا بۆ داپۆشینەکەی چارەسەر بێت، بەڵام بۆ کاریگەری خراپی دواتری ئەم غازە ئەگەر بڕژێتە ناو زەویەوە دواتر لە ڕێگەی خواردنەوەی ئاوی ماڵانەوە مەترسییە بۆسەر خەڵکەکە و کۆی گشتیی دانیشتوانی شارەکە”.

سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە، تیشکی خستە سەر ئەوەی لە هەندێک شوێنی دەرەوەی هەڵەبجە بۆمبی نەتەقیو هەن کە جێگەی مەترسیین بۆ سەر ژیان و سروشتی ناوچەکە.

لوقمان باسی لە گرنگیی پاراستنی ئەو ئاسەوار و پاشماوانەی کیمیاباران کردنی هەڵەبجەی کرد و ڕایگەیاند: “ئەوانەی ئێستا لە ناو شار و دەوروبەری هەڵەبجە ماون چەند بۆمبێکن، ئەویش بەهۆی ئەوەی مەترسییان لەسەر بووە دەرنەهێنراون تا وەک کانزایەکی ئاسن بفرۆشرێنەوە، بەداخەوە زۆربەی زۆری ئەو شتانە لەناوبراون”.

وتیشی: “پێویستە لە گۆشەیەکی مۆنۆمێنتی هەڵەبجە ئەم بۆمبانە کۆبکرێنەوە و بپارێزرێن، چونکە بەڕاستی لە داهاتوودا ئەم شایەتحاڵانە و ئەم واقیعەی کە ئێستا لەبەرچاومانە نامێنن و پرسی هەڵەبجە دەبێتە چیرۆکێکی ئەفسانەیی”.

ڕزگار حسێن (٥٢ ساڵ)، کە یەکێکە لەو کەسانەی بەهۆی ئەو هێرشەوە کەسوکاری لەدەستداوە، باس لەوە دەکات کە ئەو بۆمبەی لە ماڵەکەیاندا بووە و نەتەقیوەتەوە خستوویانەتە ناو بیری ئاوەوە و دەڵێت: “ئەو کاتەی لە ئێران گەڕامەوە ماڵەکەمان هەمووی ڕووخا بوو، ئێرەش بیرێکی ئاو لێ بوو کە نزیکەی ١٤ بۆ ١٥ مەتر قووڵ بوو. بینیمان مووشکێک لێرەدا کەوتووە کە نەتەقیبوو، ئێمەیش خستمانە ناو بیرەکە. خۆڵمان کرد بە سەریدا. دوای ئەوە کۆنکرێتمان کرد”.

ڕزگار ئاماژەی بەوە کرد کە دواتر لایەنی پەیوەندیداریان ئاگادار کردووەتەوە و دەڵێت: “لەم ساڵانەی ڕابردوودا ئەوانیش پەیوەندیان کرد بە وەزارەتی بەرگریی عێراقەوە و لە بەغداوە هاتن و پشکنینیان کرد و نەخشەیان دانا گوتیان بە زووترین کات ئەم مووشەکە لەو بیرە دەردەهێنین، بەڵام لەو کاتەوە نەهاتوون. لەوانەیە مەترسییەکی زۆری هەبێت بۆ ژێر زەوی و ئاو، یان لە ناکاو بتەقێتەوە و زیانی زۆری لێبکەوێتەوە”.

هاووڵاتییەکی دیکەی هەڵەبجە بەناوی عوسمان (٥٧ ساڵ)، باسی ساتی کیمباباران کردنی هەڵەبجە کرد و ڕایگەیاند: “کاتێک بۆردومانی هەڵەبجە کرا و کیمیایی بەسەردا بارێندرا، خەڵکەکەی هەمووی لێیقەوما. هەندێک لە دانیشتوانی شاری هەڵەبجە لەم ڕێگایەوە ڕۆیشتن و هەندێکیشی لە ڕێگەی هەورامانەوە. ئەو بەشەی لێرەوە هاتن و شارەکەیان چۆڵ کرد ڕووبەڕووی ئەم هێرش و مووشەکانە بوونەوە. کە ئێستا هەندێکی ماوە و دیارە”.

کوشتنی منداڵێکی کورد بەدەستی عەرەبێکی هاوردە ناڕەزایی لێکەوتەوە
پێت کوشتنی منداڵێکی کورد بەدەستی عەرەبێکی هاوردە ناڕەزایی لێکەوتەوە
قائیمقامیەتی سلێمانی کەبابخانەیەک دادەخات
دوات قائیمقامیەتی سلێمانی کەبابخانەیەک دادەخات
پەیوەندیدار