گۆڕانی کەشوهەوا…نزیکترین زەنگ!



گۆڕانی کەشوهەوا…نزیکترین زەنگ!

خالید سلێمان

مانگی 11 (نۆڤەمبەری)ی 2015، لە پانێڵێکدا لەسەر گۆڕانکارییەکان کەشوهەوا کە یەکێک بووم لە بەشدارەکان تیایدا، مامۆستایەکی هەمان زانکۆ لە بواری زانستەکانی کەشوهەوادا باسی ئەوەی کرد کە چیاکانی ئەلپ لە کۆتایی ئەم سەدەیدا بەبێ بەفر دەمێننەوە.

هەڵبەتە بەفری چیاکانی ئەلپ، تەنها لەو وێنانەدا کۆنابنەوە کە ناودارەکانی جیهانی بزنس و وەرزش و سینەما بڵاویان دەکەنەوە، بەڵکو سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەو کشتوکاڵ و ئابوری بەشێکی زۆری کێشوەری ئەوروپایە. لەم ڕوانگەیەوە مامۆستاکەی زانکۆ ژنێڤ باسی زیانەکانی توانەوەی بەفرەکانی دەکرد لە کۆتایی سەدەی بیست و یەکدا. مرۆڤیش وا ڕاهاتووە ترسی نەبێت لە پێشبینی و ئاگادارکردنەوەی دوورمەودا، ئەگەر لە ناو ڕووداوەکەدا نەبێت باکی نییە و بەردەوام دەبێت لەسەر ڕیتمی ژیانی ئاسایی خۆی. بۆیە پێشبینییەکانی زانایان لەسەر کەشوهوا لە دوو دەیەی ڕابردوودا، کاریگەرییەکی ئەوتۆیان لەسەر ڕای گشتی نەبوو.

دوای 6 ساڵ لەو قسانەی پرۆفیسپۆرە سویسرییەکە، واتە ساڵی 2021، ئەوروپا کەوتە ناو گەورەترین قەیرانی کەشوهەواوە؛ زۆرترن ڕووداوی لافاو، وشکەساڵی و کەوتنەوەی ئاگری دارستانەکانی بینی. لە نوێترین ڕاپۆرتیشدا لە ئاژانسی ژینگەی ئەوروپی دەریکردوە (2024)، کیشوەرەکە وەک یەکێک لە بەرکەوتووترین شوێنەکانی دنیا وەسفدەکرێت لە ڕووی کەشوهەواوە. بەم شێوەیە ئەو 80 ساڵەی پرۆفیسۆرەکەی زانکۆی ژنێڤ داینابوو بۆ توانەوەی تەواوی بەفری چیاکانی ئەلپ، کورت بووەتەوە کەمتر لە 10 ساڵ و ئەوروپا کەوتووەیە ناو مەترسییەکەوە.

 

10  ساڵێک پێش ئێستا کە باس لە سەهۆڵ بەندانەکانی جەمسەری باکوری زەوی زەوی (ئارکتیک) دەکرا، بەهەمان شێوەی پێشبینییەکان بۆ چیاکانی ئەلپ، کۆتایی سەدە دانرابوو بۆ توانەوەی تەواوی ڕووبارە بەستووەکانی ئارکتیک لە هاویندا. دوای چەند ساڵێک باس لەوە دەکرا کە ناوەڕاستی ئەم سەدەیەدا، واتە ساڵی 2050، هاوینی ئارکتیک بێ بەفر دەبێت و ئاسمانی شین، بەڵام نوێترین ڕاپۆرتی زانستیی، هەموو پێشبینییەکانی گۆڕی و ساڵی (2035)ی داناوە بۆ توانەوەی تەواوی سەهۆڵبەندانی باکوری زەوی، واتە 10 ساڵی تر.

توێژینەوەکە (2024) دوو سیناریۆی داناوە: یەکەمیان لە خراپترین دۆخی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمادا دەڵێت: توانەوەی بەفر لە جەمسەی باکور لە مانگی (5)ی هەموو ساڵێکدا دەست پێدەکات و ناوچەکە تا مانگی (12) بێ بەفر دەبێت. هەرچی سیناریۆی دووەمە دەڵێت لەباشترین دۆخدا (8، 9، 10) ناوچەکە بێ بەفر دەبێت و ئاسمانی شین.

لەوانەیە تا ئێستا ئەم هەواڵە کاریگەری بۆ سەر خەڵک نەبێت، چونکە جەمسەری باکور دوورە و کەسیش باکی لەوە نییە ئەگەر ورچە سپییەکان و پەنگوین نەمێنن و لەناو بچن، چونکە مرۆڤایەتی تەنها لە ژیانی خۆی دەترسێت و بیرکردنەوەی لەسەر ئەم رەهەندە بەندە.

ئەگەر کەمێک دوورتر بڕوانین، ڕاستیەکە بەم شێوەیەی خوارەوە دەبینین: زەوی وەک سەلاجەکەی ماڵەوەی تۆیە کە پڕکراوە لە خواردن بۆ ئەوەی خراپ نەبێت، فریزەرەکەش جگە لە سەهۆڵ پڕکراوە لە گوشت و خۆراکی بەستوو بۆ ئەوەی لە هەر کاتێکدا بتەوێت بەکاری بهێنیت. ئەگەر فریزەرکە تێکچوو، هەموو لەشی سەلاجەکە تێکدەچێت و لەماوەیەکی دیاریکراویشدا خواردنەکانی تێکدەچن.

هەردوو جەمسەری باکورو باشور، فریزەری زەوی دایکن، ئەگەر ئەوان تێک بچن، هەموو زەوی تێکدەچێت. بۆ؟ چونکە سوڕی ساردی و گەرمی زەریاکان و دابارین و ئاستی دەریا و کوالێتی ئاوی سازگار لەسەر زەوی بەندن بە سەهۆڵبەدانەکانەوە. بۆ نموونە کە دەتوێنەوە، ئاستی دەریا بەرز دەبێتەوەو هەڕەشە لەسەر شارەکانی ڕۆخی دەریا دروست دەبێت و زیانەکانی بە ملیارەها دۆلار مەزەندە دەکرێن.

سەهۆڵبەندانەکان کە ملیۆنەها ساڵیان پێوست بووە بۆ ئەوەی بەم شێوەیە دروست بن، لەهەناوی خۆیاندا بڕێکی یەکجار زۆریان لە گازی کاربۆن و میسان شاردووەتەوە، بە توانەوەیان ئەم گازانە دەچنە بەرگەهەواوە و گەرمای زیاتر لەسەر زەوی قەتیس دەکەن، یانی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما خێرا و فراوان دەکەن.. ئەمانەش دەبنە هۆی تێکچوونی تەواوی سوڕی دابارین و وشکەساڵی و بڵاوبونەوەی پەتاو داڕمانی ئابوری و تێکچوونی کشتوکاڵ.

ئەمە نزیکترن زەنگی مەترسییە بۆ ئەوەی جیهان هەنگاوێک بنێت بۆ کەمکردنەوەی دەردانی گازە گەرمکەرەوەکان لەپێناو پاراستنی زەویدا.

 

نرخی زێڕ دابەزی و نەوت بەرزبووەوە
پێشت نرخی زێڕ دابەزی و نەوت بەرزبووەوە
ئەمریکا لەناوبردنی چوار فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکێکی حوسی ڕاگەیاند
دواتر ئەمریکا لەناوبردنی چوار فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکێکی حوسی ڕاگەیاند
ەیوەندیدار