باڵیۆزی ئەمریکا: پابەندین بە پاراستنی سەقامگیری عێراق و هەڕەشەکانی داعشیش بەردەوامن



باڵیۆزی ئەمریکا هۆشداری دەدات لە سەرهەڵدانەوەی داعش لە عێراق و پابەندبوونی وڵاتەکەشی بە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری عێراق دووپات دەکاتەوە.

ئەلینا رۆمانوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغدا لە میانی وتارێکیدا کە لە ژمارەی ئەمڕۆی ڕۆژنامەی سەباح بڵاوکراوەتەوە، باسی لە گرنگیی بەردەوامبوونی پەیوەندییە ستراتیژییەکانی نێوان وڵاتەکەی و عێراق کرد و ڕایگەیاند، “ئێمە پابەندین بە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری و سەرەوەری عێراق و شانبەشانی هاوبەشە عێراقییەکانمان، وڵاتەکەمان لە بەڵای داعش ڕزگارکرد”.

هۆشداریشیدا لەوە کە “لەگەڵ دەیەمین ساڵیادی دەرکەوتنی داعش و پێنج ساڵەی شکستپێهێنانی، پێویستە ڕوون بین بەرامبەر ئەو هەڕەشەیەی کە هێشتا داعش لە عێراق و سووریاوە لەسەر عێراق دروستی دەکات”.

باڵیۆزی ئەمریکا دەڵێت: “دەمانەوێت هێزە عێراقییەکان توانای پێویستیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی داهاتوو هەبێت، هەر بۆیە لە ساڵی 2012ەوە کۆنگرێسی ئەمریکا زیاتر لە 3.5 ملیار دۆلاری بۆ بنیادنانی توانای هێزە عیراقییەکان تەرخان کردووە و پشتیوانییەکی بەردەوامی گرنگ و پێداویستی لە جۆری فڕۆکەی شەڕکەری ئێف 16 و تانکی ئەبرامز پێشکەشی عێراق دەکات”.

هەروەها دەڵێت: “بەڵام لە پەیوەندییەکی ئەمنی زیاترمان پێویستە، پێویستمان بە پەیوەندییەکی ئابووری، ڕۆشنبیری و فێرکردن و میللی هەیە بۆ بنیادنانی عێراقێکی هاوچەرخ و ئارام و سەقامگیر و خاوەن سەروەری و درەوشاوە کە پەیوەندی لەگەڵ جیهاندا هەبێت”.

رۆمانوسکی ڕاشیگەیاند، تا ئێستاش ویلایەتە یەکگرتووەکان گەورەترین پشیتوانی عێراقە و بە درێژایی 20 ساڵی رابردوو ئاژانسی گەشەپێدانی ئەمریکی زیاتر لە 11 ملیار دۆلاری پێشکەشی عێراق کردووە و هاوکار بووە لە دروستکردنی 150 خوێندنگە، 25 نۆڕینگە، 130 پڕۆژەی ئاوەڕۆ و لە 2014شەوە ئەمریکا 3.6 ملیار دۆلاری پێشکەشی خێزانە ئاوارەکان کردووە لە 2017شەوە 157 ملیۆن دۆلاری بۆ پرۆژەکانی دابینکردنی ئاوی پاک بۆ زیاتر لە 12 ملیۆن کەس تەرخان کردووە.

باڵیۆزی ئەمریکا لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا باسی لەو هاوکارییانە کردووە کە وڵاتەکەی لە بواری فێرکردن و خوێندن، بازارگانی و تەندروستیدا پێشکەشی هەزاران عیێراقییان کردووە.

ئەلینا رۆمانوسکی دەشڵێت: “هەندێك وڵات لە دەرگای عێراقیان داوە بۆ ئەوەی ببنە جێگرەوەی ئەمریکا و هاوبەشەکانی، بەڵام وەك باڵیۆزی ویلایەتە یەکگرتووەکان پێموانییە کە هیچکام لەو وڵاتانە بە ئەندازەی ئەمریکا پێشکەشی گەلی عێراق بکەن”.

وتیشی: ئێمە کاردەکەین لەسەر بنیادنانی ئەو پردانەی کە گەلی ویلایەتە یەکگرتووەکان و عێراق پێکەوە دەبەستنەوە و بۆ چەند نەوەیەکیش دەمێننەوە.. دەتوانین ببینە بەشێک لە هێنانەدی خەونی گەنجانی عێراق”.

ئەمریکا لەناوبردنی چوار فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکێکی حوسی ڕاگەیاند
پێت ئەمریکا لەناوبردنی چوار فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکێکی حوسی ڕاگەیاند
دادگای فیدڕاڵی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران یەکلا دەکاتەوە
دوات دادگای فیدڕاڵی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران یەکلا دەکاتەوە
پەیوەندیدار