پەرلەمانتارێكی پارتی داوای كشانەوەی پەرلەمانتارانی كورد لە بەغدا دەكات



پەرلەمانتارێكی كوردی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی ڕایدەگەیەنێت، سبەی وەزیری دارایی عێراق و لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بۆ تاوتوێكردنی چەند پرسێك كۆدەبنەوە و دەشڵێت: پێویستە پەرلەمانتارانی كورد ھاوشێوەی دادوەر عەبدولڕەحمان سلێمان ھەڵوێست وەربگرن.

شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی بۆ کوردستان24 راِیگەیاند، سبەی کاتژمێر 12ـی پێش نیوەڕۆ تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق و لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بۆ تاوتوێكردنی چەند پرسێك كۆدەبنەوە.

ڕاشیگەیاند، دەستخۆشی لەو بڕیارەی دادوەر عەبدولڕەحمان سلێمان دەکەین، هەروەها ئەگەر کێشەی مووچە چارەسەر نەکرا، دەبێت ئێمەی پەرلەمانتارانی کوردیش هەڵوێستمان هەبێت هاوشێوەی ناوبراو.

ئەمڕۆ سێشەممە (12ـی ئاداری 2024) عەبدولڕەحمان سلێمان زێباری، کە یەکێک بوو لە دوو دادوەرە کوردەکانی دادگای فیدراڵی، وەکو ناڕەزایەتیی دەربڕین لە دژی بڕیارەکانی ئەم دواییەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیاریدا دەست لە ئەندامێتیی دادگاکە بکشێنێتەوە.

رۆژی چوار شەممە، (21ـی شوباتی 2024) دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بۆ یەکلایی کردنەوەی ئەو سکاڵایانەی تایبەت بە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و یاسای تایبەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکرابون کۆبووەوە و بڕیاریدا مووچەی سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێم بخرێتە سەر عێراق و ڕاستەوخۆ مووچە بە كارت لە بانكە فیدڕاڵییەكانەوە دابەش بكرێت.

لە ئێستاشدا وەزارەتی دارایی عێراق وردبینی لە لیستی مووچەی مانگی 2ی هەرێم تەواو كردووە و بڕیاری ناردنی بڕی 568 ملیار دیناری داوە، بەڵام بەپێی لیستەكە مووچەی پێشمەرگە و هێزە سەربازییەكانی تێدا نییە و وەزارەتی دارایی هەرێم-یش لە ڕوونكردنەوەیەكدا دەڵێت: ” دەكاتە ڕێژەی تەنها ( ٥٩٪) لە كۆی گشتی مووچەی هەرێم و بێ بەشكردنی ڕێژەی (٤١٪ ) ی مووچەخۆرانی هەرێم لە شایستەی مووچەكانیان”.

ئەمریکا سزای نوێ بەسەر ئێراندا دەسەپێنێت
پێت ئەمریکا سزای نوێ بەسەر ئێراندا دەسەپێنێت
مەکتەبی سیاسی یەکێتی كۆبووەوە
دوات مەکتەبی سیاسی یەکێتی كۆبووەوە
پەیوەندیدار