مەسرور بارزانی: خەڵکی کوردستان هەرگیز ڕێگە نادات مافەکانی پێشێل بکرێت



سەرۆکی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند، “خەڵکی کوردستان هەرگیز ڕێگە نادات مافەکانی پێشێل بکرێت و ستەم و زۆرداری لێ بکرێت و عێراق بگەڕێنرێتەوە بۆ سەردەمی دیکتاتۆری و تاکڕەوی”.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی لە 54ەمین ساڵیادی ڕاگەیاندنی ڕێککەوتننامەی 11ی ئاداری 1970 بڵاوکردەوە کە بە دەستکەوتێکی مێژوویی شۆڕشی ئەیلول بە بەڕابەرایەتی مەلا مستەفا بارزانی وەسفیکرد.

مەسرور بارزانی دەڵێت: “شۆڕش و خۆڕاگری وقوربانیدانەکانی گەلی كوردستان، حکومەتی ئەوکاتی عێراقی ناچار کرد دان بە بەشێک لە مافە ڕەواکانی گەلی کوردستاندا بنێت. بە تایبەتی ڕێککەوتن لە سەر هەموارکردنەوەی دەستووری کاتی و داننان بەوەی عێراق لە دوو نەتەوەی سەرەکی (عەرەب و کورد) پێکهاتووە و دەستووریش دان بە مافە نەتەوەییەکانی گەلی کورد دەنێت”.

سەرۆکی حکومەتی ئەوەشی خستەڕوو کە “دواجار ڕژێمی ئەو سەردەمەی عێراق، لە ڕێککەوتننامەکە پاشگەز بووەوە و پەنای بردەوە بۆ شەڕ و دژایەتیکردنی خەڵکی کوردستان و سەرەنجام عێراقی دووچاری ماڵوێرانی و کارەساتی گەورە کرد کە تا ئێستاش خەڵکی عێراق، باجەکەی دەدەن”.

مەسرور بارزانی ڕاشیگەیاند، لەم یادەدا، جەخت لە پێویستی و گرنگیی پاراستن و ڕێزگرتن لە مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان و قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان دەکەینەوە. خەڵکی کوردستان هەرگیز ڕێگە نادات مافەکانی پێشێل بکرێت و ستەم و زۆرداری لێ بکرێت و عێراق بگەڕێنرێتەوە بۆ سەردەمی دیکتاتۆری و تاکڕەوی.

٥ ڕۆژە لیستی مووچە نێردراوە، بەڵام واژۆی لەسەر نەکراوە
پێت ٥ ڕۆژە لیستی مووچە نێردراوە، بەڵام واژۆی لەسەر نەکراوە
وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق: کیلۆیەک گۆشتی سوور بۆ 15 هەزار دینار دادەبەزێت
دوات وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق: کیلۆیەک گۆشتی سوور بۆ 15 هەزار دینار دادەبەزێت
پەیوەندیدار