چۆن خۆت بۆ ڕەمەزان ئامادە دەکەیت؟



لەگەڵ نزیکبوونەوەی مانگی ڕەمەزان، ڕەنگە زۆرێک لە ئێمە پرسیار بکەین چۆن جەستەمان بۆ ڕۆژووگرتن لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆزدا ئامادە دەکەین؟ ئێمە لێرەوە جەند ڕێنماییەکت پێدەدەین.

لەم بابەتەدا چەند ئامۆژگاریەکتان پێدەدەین کە ڕەنگە یارمەتیدەر بن لە ئامادەکردنی جەستە بۆ بەڕۆژووبوون بەبێ ئەوەی هەست بە ماندوێتی بکەن.

لە مانگی ڕەمەزاندا جەستەی کەسی بەڕۆژوو تووشی گۆڕانی هۆرمۆنەکان دەبێت، ئەمەش کاتێک ڕوودەدات کە جەستە بۆ پاراستنی دابینکردنی خانەکانی لەش پێویستی بە وزەی هەڵگیراوە، بە وتەی پسپۆڕانی تەندروستی ئەگەر جەستەت بە دروستی ئامادەبکەیت ئەوا ڕۆژووگرتن ئاسان دەبێت، و سوودی لێ وەردەگریت.

بۆ دوورکەوتنەوە لە کاریگەرییە لاوەکییەکانی ڕۆژووگرتن، کە بریتین لە سەرئێشە و ماندوێتی و کەمخەوی، دەتوانرێت ئەم هەنگاوانەی خوارەوە پەیڕەو بکرێت:

ڕێکخستنی کاتی خەوتن

یەکێک لەو پرۆسە گرنگانەی لە مانگی ڕەمەزاندا پەیڕەو دەکرێت، خواردنی ژەمی پارشێوە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییەی کە پێویستە ئەو ژەمە لەدەست نەدەیت بۆ ئەوەی بە درێژایی ڕۆژ وزەی پێویست بۆ جەستە دابین بکرێت، یەکەم هەنگاو کە دەبێ بیگرینەبەر ئەوەیە، خۆمان ڕابهێنین شەوانە زوو بخەوین،

بەم شێوەیە جەستەت دەتوانێت ئامادەبێت بۆ زوو لە خەو هەڵسان لە کاتێکدا خەوێکی قوڵ دەخەویت.

کەمکردنەوەی خواردنەوەی قاوە

زۆر کەس ڕۆژەکەیان بە خواردنەوەی کوپێک قاوە دەست پێدەکات، ئەمەش ڕەنگە ببێتە هۆی ئەوەی لە یەکەم ڕۆژەکانی ڕۆژوودا تووشی سەرئێشەی توند ببن.

بۆیە شارەزایان ڕێنمایی دەدەن وردە وردە خواردنەوەی کافاین کەم بکرێتەوە، لە قاوە دەست پێبکەین بۆ چا و خواردنەوە گازییەکان و لە شوێنیدا قاوەی بێ کافایین یان شەربەتی میوەی تازە بخورێت.

ژەمەکان کەم بکەرەوە

گرنگە جەستە، پێش مانگی ڕەمەزان، بە خواردنی ژەمە هاوسەنگەکان ڕابهێنرێت کە وزە بە جەستە دەبەخشێت بۆ ماوەیەکی زۆر.

باشتر وایە ژەمەکان کەم بکرێتەوە بۆ دوو یان سێ ژەم لە ڕۆژێکدا و خۆراکی هێواش هەرسیان تێدابێت، ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ ڕێگریکردن لە دابەزینی توندی شەکری خوێن، هەروەها خۆبەدوورگرتن لە خواردنی کەم.

نانی بەیانی زوو

شارەزایان پێشنیاری ئەوە دەکەن کە لە ڕۆژانی پێش جەژنی ڕەمەزان زوو دەست بە ژەمی بەیانیان بکرێت بۆ ئەوەی جەستە لەگەڵ ژەمی پارشێودا بگونجێت.

خۆپاراستن لە ژەمە چەورەکان:

پێویستە خۆت بەدوور بگرێت لەو خۆراکانەی کە پێویستی بە کاتێکی زۆر هەیە بۆ هەرسکردن، وەک شیرینی و خواردنی سورکراوە و بەرهەمە شیرەمەنییە پڕ چەورییەکان، هەروەها سەرنجت لەسەر خواردنی ئەو خۆراکانە بێت کە هەرسکردنیان ئاسانە، وەک زەڵاتە و میوە و دانەوێڵەی تەواو.

هەوڵبدە پێش مانگی ڕەمەزان جگەرەکێشان کەم بکەیتەوە

وەستانی لەناکاوی نیکۆتین لە ڕۆژدا هۆکارێکی گرنگە بۆ سەرئێشە و ماندوێتی، کە ڕەنگە ڕۆژووگر بە درێژایی مانگی ڕەمەزان تووشی ببێت. ئەگەر پێش مانگی ڕەمەزان سەرکەوتوو نەبوویت لە وازهێنان لە جگەرەکێشان، هەوڵبدە وردە وردە ژمارەی ئەو جگەرەیە کەم بکەیتەوە، کە لە ڕۆژدا دەیکێشیت بۆ ئەوەی جەستەت ڕابهێنیت بە وازهێنان لە جگەرەکێشان لە ڕۆژدا لە مانگی ڕەمەزاندا.

ئەگەر دڵنیا نیت کە جەستەت توانای بەرگەگرتنی فشاری ڕۆژووگرتنی هەیە بۆ ماوەی مانگێکی بەردەوام، باشتر وایە ڕاوێژ بە پزیشک بکەیت و پشکنینی پێویست ئەنجام بدەیت بۆ ڕێنماییکردنت سەبارەت بە ڕادەی توانای جەستەت بۆ بەرگەگرتنی ڕۆژوو، بەتایبەت ئەوانەی حاڵەتی تەندروستی وەک شەکرە یان دووگیانییان هەیە.

لە ڕووی دەروونییەوە خۆت ئامادە بکە

جگە لە ئامادەکردنی جەستەت پێش دەستپێکردنی ڕۆژووی ڕەمەزان، بە هەمان شێوە گرنگە خۆت لە ڕووی دەروونییەوە ئامادە بکەیت. ئەمەش دەتوانرێت بە تێگەیشتن لە پاڵنەرەکانی ڕۆژووگرتن و زانینی سوودە تەندروستییە گەورەکانی ئەم کارە ئەنجام بدرێت، ئەمەش دەتوانێت یارمەتیت بدات بۆ پەرەپێدانی خووی ڕۆژانە کە وا دەکات هەست بەو گۆڕانکاریانە نەکەیت کە لەپڕ بەسەر جەستەتدا دێت.

مەکتەبی سیاسی یەکێتی پەیامێک بۆ ڕۆژی ٨ی مارس بڵاودەکاتەوە
پێشت مەکتەبی سیاسی یەکێتی پەیامێک بۆ ڕۆژی ٨ی مارس بڵاودەکاتەوە
بۆ دابەزاندنی نرخی گۆشتی سور پێشنیار دەدرێتە حکومەت
دواتر بۆ دابەزاندنی نرخی گۆشتی سور پێشنیار دەدرێتە حکومەت
ەیوەندیدار