ئەدهەم بارزانی: پاش 33 ساڵ لەم دەسەڵاتە دەركەوتووە ئەمە نە حکومەتە و نەبنەمای حکومەتداری هەیە



ئه‌دهه‌م بارزانی، رایگه‌یاند، پاش 33 ساڵ لەم دەسەڵاتە دەركەوتووە و دەردەکەوێت کە ئەمە نە حکومەتە و نەبنەمای حکومەتداری هەیە.

لە یادی 33 ساڵەی راپەڕیندا ئەدهەم بارزانی پەیامێکی بڵاوکردەوە رایگەیاندووە:” ئەمڕۆ رۆژەکانی راپەرینە گەورەکەی کوردستانە، کە بەم بۆنەیەوە پیرۆزبایی لە خەڵكی کوردستان دەکەم بۆ بەدەستهێنانی ئەو نیمچە ئازادییەی کە هیوادارم لەدەستی نەدەین، هەروەها هەڵبژاردنێکی جیاواز لە ساڵانی پێشوو لە ماوەیەکی کەمدا ئەنجام دەدرێت”.

دەشڵێت:”زۆر بەداخەوە کە ئێستا و پاش تێپەڕبوونی ئەو هەموو ساڵە بەسەر راپەریندا دەبینم کە لە مەترسیدارترین کاتدا دەژین، دەسەڵات بە هیچ گوڕانکاریەک بە سەر شێوازی کارکردنی خۆیدا رازی نەبووە و هەر بابەتێکی لە سەر ئەم خاکە بە موڵکی خۆی زانیوە و ئەو مافەی بە خۆی داوە کە چۆن حەز و ئارەزووی بێت دەسەڵاتداری بکات بەبێ هیچ چاودێریەکی پەڕلەمانی و یاسای و هەر دەنگێکی راست کە گوترابێت ئەمە هەڵەیە خۆی لە کونجەکانی زیندان یان لە کۆڵانەکانی ئاوارەییدا بینیوە”.

راشیگەیاندووە، پاش 33 ساڵ لەم دەسەڵاتە دەردەکەوێت کە ئەمە نە حکومەتە و نە بنەمای حکومەتداری هەیە، ئایا هەموومان نابینین و نازانین کە حکومەت نە پارەی لەدەستە و نە هێز لەژێر فەرمانی خۆیەتی، بە هیچ شێوەیەك خاوەنی ئەم دوو بابەتە نییە و هێز و پارە لە شوێنێکی دیکەن”.

ئەدهەم بارزانی  ئاماژەی بەوەشکردوە”لە ماوەیەكی كەمی داھاتوودا هەڵبژاردنێکی بێگەرد کە بێگومان جیاواز دەبێت لە هەڵبژاردنەکانی ساڵانی پێشوو، ئەنجام دەدرێت، بە باوەڕی من گۆڕانکاریەکی گەورە لە وڵاتدا دێتەدی کە دڵخوشکەر دەبێت بۆ ئەم میللەتە”.

ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی ئه‌دهه‌م بارزانی:

بە ناوی خوای گەورەو میهرەبان
جەماوەری خۆراگری کوردستان
گەنجان، خوشکان، برایان
هاوڵاتیانی سەربەرزی كوردستان
سڵاوى خوای گەورەتان لێبێت..

ئەمڕۆ ڕۆژەکانی ڕاپەرینە گەورەکەی کوردستانە، کە بەم بۆنەیەوە پیرۆزبایی لە خەڵكی کوردستان دەکەم بۆ بە دەستهێنانی ئەو نیمچە ئازادییە، کە هیوادارم لە دەست نەدەین.

لەلایەن هاووڵاتیان و دۆستانەوە زۆر داوا لە من کرا کە لەم یادەدا پەیامم هەبێت، دوو دڵ و چەند دڵ بووم، لە کۆتایدا دەستم دایە پێنوس، کە زۆر واقع بینانە لە گەڵ ئێوەی خۆشەویست بدوێم لە سەر ئەم بابەتە و هەندێک بابەتی تر کە پەیوەستن بەم خاک و میللەتەوە.

سەردەمانێک هەموومان هەر یەک لە ژێر ناوی حزبێک و بە ناونیشانێکی سیاسی کار و چالاکی سەردەمی شاخمان هەبوو، گرنگترین چالاکیەکانی ئێمە هێرشە سەربازیەکان و چالاکی چەکداری ئێمە ھەموومان بوو بۆ سەر مۆلگەکانی رژێمی سەدام حسێن، هەندێک جار ئامانجەکانمان دەپێکان و زیانی گیانی و دارایمان بە رژێم دەگەیاندو هەندێ جاریش زیانەکانی ئێمە چەندین شەهید و برینداری قارەمان بوون، بەڵام هیچ کاتێک کۆی چالاکیەکان نەبوونـە هۆی ئەوەی کە یەک شارۆچکەی بچوکی پێ ئازاد بکرێت و بیپارێزین.

لەدەرە ئەنجامی بیر کردنەوەیەکی هەڵەی سەدامی سەرۆک کۆماری ئەو کاتەی عێراق کە هێرشی کردە سەر خاکی کوەیت و داگیریکرد وە ئەم دەرفەتە ڕەخسا کە بەشێک لە باشوری کوردستان ئازاد بکرێت و بکەوێتە دەستی لایەنە سیاسیەکانی سەر گۆرەپانی خەبات، ئەویش بە هیممەتی خوای مەزن و گەورەی جەماوەر و بە هاوکاری پێشمەرگەی دڵسوز و هێزەکانی شاخ.

بە داخەوە گوێمان لێدەبێت کە هەر لایەنێک بە بەژن و باڵای هەندێک کەس و لایەن دەڵێت کە لە ڕاستی دا هەڵەی سەدام و هێزی جەماوەر و پشتیوانی سنورداری پێشمەرگە ئەم واقعەی دروست کرد.

ئەوەی ئەمڕۆ دەبینرێت پاش 33 ساڵ لەو ڕاپەڕینە پڕ گەورەیەدا بێزاری و نیگەرانی زۆربەی چین و توێژەکانی ئەم گەلەیە لە هەموو جومگەکانی ژیانی سیاسی و ئیداری و ئابوری و کۆمەڵایەتی و زانستی و نەمانی ئازادی و بێ ڕێزبونی تاک بە تاکی ئەم کۆمەڵگایەیە، بە تایبەتی تێکچونی بارودۆخی دەرونی و دارایی و پێگەی گەنجان کە هەمیشە هیواو پێشڤەبەری وڵات و میللەتن.

زۆر بە داخەوە کە ئێستا و پاش تێپەڕبوونی ئەو هەموو ساڵە بە سەر ڕاپەریندا دەبینم کە لە مەترسیدارترین کات دا دەژین، دەسەڵات بە هیچ گوڕانکاریەک بە سەر شێوازی کاردنی خۆیدا ڕازی نەبووە و هەر بابەتێک لە سەر ئەم خاکە بە موڵکی خۆی زانیوە و ئەم مافەی بە خۆی داوە کە چۆن حەز و ئارەزوی بێت دەسەڵاتداری بکات بەبێ هیچ چاودێریەکی پەرلەمانی و یاسای و هەر دەنگێکی ڕاست کە گوترابێت ئەمە هەڵەیە خۆی لە کونجەکانی زیندان یان لە کۆڵانەکانی ئاوارەیی دا بینیوە.

لە لایەکی ترەوە شتێکمان هەبوو بە ناوی دەنگە ناڕازییەکان نەک ئۆپۆزسیۆن، چونکە ئۆپۆزسیۆن بنەمای دروستی سیاسیی خۆی هەیە، ناڕازییەکان لە ماوەی ئەم 33 ساڵە دا بەشداری هەڵبژاردنیان کردووە و زانیویانە کە لەم چەند کورسیەی كە ھەیانە زیاتر بە دەست ناهێنن بە جیاوازی یەک یا دوو کورسی تێپەرناکات و بێ ئەوەی بتوانن گۆڕانكارییەك لە سودی جەماوەردا دروست بکەن، لەگەڵ ڕێزم بۆ هەموو لایەک ناڕازیەکان تەنها مکیاجی دەم و چاوی دەسەڵات بوون لە دەرەوەی وڵات، نە دەیان توانی و نە لە مەش بەدوا دەتوانن هیچ شتێک لە سەر ئەرزی واقع بگۆرن، دەسەڵات نەبووە سیستمێک کە بەپێی دەستور و یاسایەک بجولێت بێجگە لە شێوازی وێنەكەی نەبێت.

ناڕازییەکانیش تا ئێستا وەک دوکانێکی سیاسی لە بەردەم ئەم میللەتە وێنا کراون و هەندێک جار گوێمان لێبووە و بینومانە کە یاسا و بڕیارەکانی پەرلەمان لە بەرامبەر هێزی چەك و پارە دا لاواز بونەو زۆر بە ڕاشکاوانە بەر گوێمان کەوتووە کە ئێمە حزبین و هەین بە کورسی بێ یان بێ کورسی، سەرۆک پەرلەمان نەیتوانی دووبارە لە سەر کورسیەکی دابنیشێتەوە.

پاش 33 ساڵ لەم دەسەڵاتە دەركەوتووە و دەردەکەوێت کە ئەمە نە حکومەتە و نەبنەمای حکومەتداری هەیە.
ئایا هەموومان نابینین و نازانین کە حکومەت نە پارەی لە دەستە و نە هێز لە ژێر فەرمانی خۆیەتی، بە هیچ شێوەیەك خاوەنەی ئەم دوو بابەتە نیە و هێز و پارە لە شۆێنێکی ترن.

ئازیزان:
جەماوەری کوردستان پێکەوە ئەم راستیە باش دەزانێت وهەتا پێویستی بەم نوسینەی منیش نە بوو، تەنها ویستم لە کوتایدا ئەمە بلێم بارودوخی خەڵكی ئێمە لەم وڵاتەدا ئێستا ئەمەیە و بەم شێوەیەش دەمێنێتەوە وبەردەوام دەبێت، تاکو ئەم میللەتە بڕیارە دروستەکەی خۆی نەدات، لەم خۆ تەسلیم كردنە بێمەرجە بە دەسەڵات پاشگەز نەبێتەوە و مەرجەكانی نەتەوایەتی و ژیان و سەرفیرازی و كەسایەتی خۆی نەكاتە نەخشە ڕێگا و بە پێ یاسا بە سەر دەسەڵات دا نەسەپێنێت و نەیەوێت گۆڕانکاریەکی ڕیشەیی لە شێوازی ژیان و دەڕونی خۆیدا دروست بکات { إِنَّ اللّهَ ڵا یُغَیِّرُ مَا بِقَوْمٍ حَتَّى یُغَیِّرُواْ ما بأنفسهم } ئەم قەیران و نەھامەتیە بەردەوام دەبن.

لە کۆتایدا دەمەوێت زۆر ڕاشکاوانە لە گەڵتان بم و لە خزمەت ئێوە دا دەڵێم، لە هەمان کات دا تەواوی هاوڕێیان و برایانی خۆم لە ماوەی ئەم دوو ساڵەی کۆتایی دا و پێش ئێستاش لە گەڵم دا بوون بە شاهید دەگرم و حەز دەکەم کە ویژدانیان دادوەر بێت و خوای گەورەش شاهیدە لە سەر قسەکانم کە هەمیشە گوتوومە و لێرە جارێکی تر لە پێش میللەتەکەم و خوای گەورە چەند بارە دەکەمەوە، کە من نە هاتووم دەسەڵات لەهەر ئاستێك دا بێت لە سەرۆکایەتی هەرێم تا سەرۆكی حکومەت و هەر بەرپرسیاریەتێکی تر بگرمە ئەستۆ بە هیچ شێوەیەک ئامادەی ئەم کارە نیم، چونکە ئەمە پێچەوانەی باوەڕی من و ڕێنمایەكانی تەریقەتی نەقشەبەندییە، بەڵام لە گەڵ ئەم خەڵك و جەماوەرە دا دەمێنمەوە تاکو گەیشتن بە ئامانجەکان لە بە دەستهێنانی ڕێز و کەرامەتی کەسایەتی و ئازادی و مافە ئابوری و یاسایەکان لە ولاتێک دا کە تەنها دەستور حاکم بێت و جیاوازی لە نێوان بەرپرس و هەژار و كوڕە بەرپرس و كوڕە هەژارێکدا نەکرێت.

ئەوکات خودا حافیزی دەکەم لە سیاسەت و وەک هەر ھاوڵاتییەك دەگەڕێمەوە بۆ پێگەی ڕاستەقینەی خۆم کە ھاوڵاتیبوونە، لەم قوناغەشدا لەگەڵ جەماوەری خۆڕاگری كوردستانیانی خۆشەویست دا دەمێنمەوە و تاکو بزانین کێ خزمەت بە بۆچون و خواست و ویستەکانی ئەم گەلە دەکات و ئەو كات پشتیوانی و دەنگمان و دەنگی ئەوانەی متمانەیان بە ئێمە هەیە و بە قسەی ئێمە دەكەن بۆ ئەو کاندید و کەس و لیستە دەبێت کە بە خەمخۆر و دڵسۆزی ڕاستەقینە دەزانین و پابەندی پرنسیپەکانی دادپەروەری و دیموکراتی و ئازادی و یەکسانی و دەبێت.

لە ماوەیەكی كەمی داھاتودا هەڵبژاردنێکی بێگەرد کە بێگۆمان جیاواز دەبێت لە هەڵبژاردنەکانی ساڵانی پێش ئێستا ئەنجام ئەدرێت ، بە باوەڕی من گۆڕانکاریەکی گەورە لە وڵات دا دێتە دی کە دڵخوشکەر دەبێ بۆ ئەم میللەتە.
جارێکیتر یادی ڕاپەرین بەرز دەنرخێنین و سەری رێز بۆ شەهیدان دادەنۆێننین.
براتان
ئەدهەم عوسمان شێخ ئەحمەد بارزانی
٦ـ٣ـ ٢٠٢٤

ئەمڕۆ مووچەی لیوا هاوبەشەکانی پێشمەرگە دابەش دەکرێت
پێشت ئەمڕۆ مووچەی لیوا هاوبەشەکانی پێشمەرگە دابەش دەکرێت
پۆلیسی راپەڕین: چوار کەسمان دەستگیرکرد دزییان لە مزگەوت کردبوو
دواتر پۆلیسی راپەڕین: چوار کەسمان دەستگیرکرد دزییان لە مزگەوت کردبوو
ەیوەندیدار