عەبدوڵای حاجی مەحمود هەڵوێستی لەسەر “دەركردن” و ڕادەستكردنەوەی پۆستەكەی ڕاگەیاند



عەبدوڵای حاجی مەحمود، جێگری سەرۆكی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان و وەزیری شەهیدانی هەرێم هەڵوێستی لەسەر بڕیاری سەركردایەتی حزبەكەی بۆ “دەركردن” لە حزب و ڕادەستكردنەوەی پۆستی وەزارەتەكەی ڕادەگەیەنێت.

عەبدوڵای حاجی مەحمود، وەزیری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی حكومەتی هەرێم لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی سۆسیال دیموکرات نییە، سەرۆک، یان جێگرەکەی لە حزب دەربکات، چونکە سەرۆک و جێگرەکەی لە کۆنگرە بە زۆرینە هەڵبژێردراون.

جەختیشی كردەوە، لە کۆنگرەی نائاساییش ناتوانرێت سەرۆک و جێگرەکەی لە حزب دەربکرێن و وتیشی، “بڕیارەکەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی سۆسیال دیموکرات بۆ دەرکردنی من نا پەیڕەوییە و داوا دەکەم بەو بڕیارەدا بچنەوە”.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو بڕیارەی دراوە پەیڕەوی نییە، بۆیە کاری پێناکەم، هەموو بارەگاکانی پارتی سۆسیال دیموکراتیش بە بارەگای خۆم دەزانم.

سەبارەت بە پۆستەكەی لە حكومەتی هەرێم وتی، “پێدانی پۆستی وزاری بە ڕێكاری یاسایی و كارگێڕیدا ڕۆیشتووە و لەڕێگەی كاندید كردنی كابینەی حكومەت و متمانە پێدان لە پەرلەمانەوە بووە”.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە ئەمڕۆ سێ‌ شەممە، فەرهاد تۆفیق، وتەبێژ و ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاندووە، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی و بەرپرسی مەکتەبەکان بڕیاری دوورخستنەوەی عەبدوڵا حاجی مەحمود درا.

ڕاشیگەیاندووە، عەبدوڵا حاجی مەحمود لەسەر پشکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان بووە بە وەزیر و داوای پۆستەکە دەکەینەوە.

 

چەند قوتابخانەیەک سیستمی کارەبای وزەی خۆری بۆ دانراوە
پێشت چەند قوتابخانەیەک سیستمی کارەبای وزەی خۆری بۆ دانراوە
پارتی سۆسیال دیموکرات داوای پۆستی وەزارەتەكەی لە حكومەتی هەرێم دەكاتەوە
دواتر پارتی سۆسیال دیموکرات داوای پۆستی وەزارەتەكەی لە حكومەتی هەرێم دەكاتەوە
ەیوەندیدار