ڕۆژنامەیەکی عەرەبی: بەغدا لە ژێر پەردەی یاسادا دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان کەمدەکاتەوە



ڕۆژنامەی “عەرەبی جەدید” ڕاپۆرتێکی دەربارەی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و باس لەوە دەکات کە کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان ئامانجی سیاسی بەغدایە، بەڵام بە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی پەردەپۆشی کردوون.

لە ڕاپۆرتەکەدا بڕیارەکانی ئەمدواییەی دادگای فیدراڵی بەبیر هێنراونەتەوە کە تێیدا دەسەڵاتی دارایی و دابەشکردنی مووچەی لە هەرێم سەندەوە و بە هەڵوەشاندنەوەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هەرێم، مافی سەرپەرشتیکردنی هەر هەڵبژاردنێکی لە هەرێمدا ڕادەستی بەغدا کرد.

پێش ئەوەش دادگای فیدراڵی عێراق لە 2022دا یاسای نەوت و غازی هەرێمی کوردستانی هەڵوەشاندەوە و هەولێری پابەندکرد بە ڕادەستکردنی دۆسیەی نەوت بە بەغدا و لە بڕیارەکانی ئەمدواییەشدا بۆ تەواوکردنی ئەو ڕێکارانە، حکومەتی هەرێمی کوردستانی ناچار کرد تەواوی داهاتە نەوت و نانەوتییەکان ڕادەستی حکومەتی عێراق بکات.

ڕۆژنامەکە ئاماژەیداوە بەوەی سەرەتای سزاکان و کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ 2017، کاتێک هەرێمی کوردستان ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی ئەنجام دا و دوای ئەو هەنگاوەش، بەغدا بە ڕەوانەکردنی هێز، دەستی بەسەر کەرکووک و چەند شاری دیکەدا گرتەوە، کە دیارترینیان مەخمور، زومار، باشیک، تلکێف، شنگال، خانەقین و پردێ و ڕووبەرێکی فراوانی دەشتی نەینەوا بوون.

دوابەدوای ئەوەش گەشتە نێودەوڵەتییەکانی لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی قەدەغەکران، تا ئەو کاتەی کۆنترۆڵی فڕۆکەخانەکان گەڕێندرانەوە ژیر دەسەڵاتی بەغدا.

ڕۆژنامەکە لە زاری بەرپرسێکی باڵای سلێمانییەوە بڵاویکردەوە کە “هەرێمی کوردستان لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا زۆر دەسەڵاتی لەدەستداوە و لە داهاتووشدا بەڕێوەبردنی داهاتی نەوتیش لەدەستدەدات”.

ئەو بەرپرسە کە ناوی ئاشکرا نەکراوە، پارتی دیموکراتی کوردستانی تۆمەتبار کردووە بە بیانوودان بەدەست بەغداوە بۆ جێبەجێکردنی ئەو پلانەی کە دڵخوازی ئێران و تورکیاشە، ئەویش خۆی لە نەهێشتینی هەموو فاکتەرەکانی سەربەخۆیی لە بڕیار و بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستاندا دەبینێتەوە.

ئاماژەشیداوە بە گەڕانەوەی هێزەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عێراق بۆ ناوچە سنوورییەکانی هەولێر و سلێمانی و ڕایگەیاند، ئەو هەنگاوە بە گوشاری ئێران و تورکیا بووە، کە لە بەرژەوەندی بەغدا و بە زیانی هەرێمی کوردستان کەوتووەتەوە.

لای خۆشیەوە ئەحمەد شەریفی، شرۆڤەکاری سیاسی بە ڕۆژنامەی “عەرەبی جەدید”ی ڕاگەیاند، ئاڕاستەکە ڕوونە و ئەویش ئەوەیە کە حکومەتی فیدراڵی دەسەڵاتەکان لە هەرێمی کوردستان بسەنێتەوە.

جەختیشیکردەوە کە ئەو هەنگاوە ئامانجی سیاسی ڕوونی هەیە و دەیەوێت لە داهاتوودا لە بەرامبەر هەر دۆسیەیەکی سیاسی و بە تایبەتیش لە پرسی پەیوەست بە پێکهێنانی حکومەتی عێراقدا، لە ڕێی دۆسیەی دارایی و نەوتەوە فشار بخاتە سەر هێزە کوردییەکان.

شەریفی ڕاشیگەیاند، بەغدا لە ڕێی دادگای فیدراڵییەوە دەسەڵاتەکان لە هەرێمی کوردستان دەسەنێتەوە و بە دووریشینەزانی بەردەوامبوونی ئەو گوشارانە ببێتە هۆی ئەوەی هەرێمی کوردستان لە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی یاخی بێت و بەوەش عێراق ڕووبەڕووی قەیرانێکی سیاسی گەورە و مەترسیدا ببێتەوە.

ڕوونیشیکردەوە، هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی نیودەڵەوتی فراوانی هەیە بە تایبەتیش لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتە زلهێزەکانی دیکە و پێدەچێت ئەوەش ببێتە فاکتەرێکی فشار لەسەر حکومەتی فیدراڵی و لایەنە سیاسییەکانی بەغدا بۆ ئەوەی جموجوڵەکانی بەغدا بە ئاڕاستەی کێشانەوەی دەسەڵاتەکان لە هەرێمی کوردستان ڕابگرن.

٪٧٥ی عێراقییەکان “تیک تۆک”یان هەیە
پێشت ٪٧٥ی عێراقییەکان “تیک تۆک”یان هەیە
نێچیرڤان بارزانی: سه‌ركه‌وتنى ڕاپه‌ڕين ده‌بێت نه‌خشه‌ڕێگه‌ى كارمان بێت
دواتر نێچیرڤان بارزانی: سه‌ركه‌وتنى ڕاپه‌ڕين ده‌بێت نه‌خشه‌ڕێگه‌ى كارمان بێت
ەیوەندیدار