سەرنجێک لە سەر هەڵبژاردنەکانی ئێران



سەروەت هەڵەبجەیی

هەڵبژاردنەکانی خولی دوانزەیەمی پەرلەمانی ئێران یان هەمان مەجلیسی شورای ئیسلامی ئەو وڵاتە بەڕێوەچوو. ئەم هەڵبژاردنانە لە ژێر سایەی دوو ڕووداوی گرنگدا بەڕێوەچوو.


یەکەم، دۆخی دژواری ئابوری و ناڕەزایەتییەکانی خەڵک بەرامبەر بەو هەموو گرانییەی کە لە ئێراندا دەبینرێت.
دووەم، ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانەکانی ساڵی ڕابردوو.
ئەوەی ئێران لێی دەترسا، بایکۆتی سەرتاسەری هاوشێوەی ئەو ڕۆژانە بوو کە لە کاتی خۆپێشاندانەکاندا خەڵک بە گشتی بازاڕ و دووکانەکانیان دادەخست و شار و شارۆچکەکانی ئێران چۆڵ و هۆڵ بوون.
بەڵام ئەوە مسۆگەر نەکرا، هەرچەندە ڕێژەی بەشداربوونی خەڵک کەمیکرد و تەنانەت میدیاکانی سەر بە حکومەتیش دانیان بەوەدا نا کە ڕێژەی بەشداری کەم بووە بەڵام هاوشێوەی خولی ڕابردوو بووە.
حکومەتی ئێران جارێکی دیکە لەوەدا سەرکەوت کە ئەم پرۆسەیەش بەڕێوە ببات و بە نەیارەکانی بڵێت کە هێشتا سەرەڕای ئەو هەموو گرانی و کێشە ئابورییە، جەماوەری هەیە و ڕوو لە بنکەکانی دەنگدان دەکەن.
هەرچەندە بەراورد بە خولەکانی ڕابردوو هەندێک ئاسانکاری بۆ کاندیدەکان کرابوو، یان کەسانێک شیاوبوونیان بۆ کاندیدبوون پەسەندکرابوو کە لە خولەکانی ڕابردوودا ڕەتکرابوونەوە.
حکومەت لە تاران کەسایەتییە ناودارەکانی پێشووی هێنایە سەر خەت و بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکاندا کرد و تا ڕادەیەک بوونە هۆی گەرمبوونی هەڵبژاردن لە تارانی پایتەخت بەڵام دوا جار دەنگیان نەهێنا و وەک بڵێی بۆ جارێکی دیکە لە بازنەی دەسەڵات ئاوت کرانەوە.
بۆ ئێران ئەم هەڵبژاردنانە گرنگییەکی زۆری هەبوو، بە هەر شێوەیەک بەڕێکرا، گەورەترین کێشەی بەردەم دەسەڵاتیش گرانبوونی ڕادەبەدەری کاڵا و پێداویستییەکانە کە دیار نییە لە پاش ئەم هەڵبژاردنانە و بە هاتنی ساڵی نوێی ئێران بەرەو کوێ دەڕوات.

نرخی دۆلار دابەزی
پێشت نرخی دۆلار دابەزی
دۆکیومێنتاری… خانەقای مەحوی
دواتر دۆکیومێنتاری… خانەقای مەحوی
ەیوەندیدار