نەوەی نوێ خەمخۆری ژینگەن



خوێندکارانی خوێندنگا حوکمی و ئەهلییەکان بە داهێنانەکانیان بەشداریان لە ئۆڵۆمپیادی ئینپۆ کرد، خوێندکارەکان لە پلاستیک بەنزین و لە ئاوی تانجەرۆ کارەبایان بەرهەمهێناوە.

بیستەمین ئۆڵۆمپیادی پڕۆژەی زانستی عێراق INPO لە زانکۆی سلێمانی بەڕێوەچوو، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی سلێمانی و کۆلێژەکانی یونایتد ساینس ڕێکخرا، لە ئۆڵۆمپیادەکەدا قوتابیانی خوێندنگا حکومی و ئەهلییەکان توانا و داهێنانەکانیان نمایشدەکەن.
ئەمساڵ ٢١٩ پڕۆژە لەلایەن ٣٦٠ خوێندکارەوە نمایشکران، بەپێی وتەی دەرناخ ڕەئوف، بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆلێژەکانی یونایتد ساینس، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، ئەمساڵ خوێندکارەکان کێبڕکێ دەکەن تا مەدالیای زێر، زیو و بڕۆنز بەدەستبهێنن.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەو نەوەیەی ئێستا لە پڕۆسەی خوێندندایە پێیان دەوترێت نەوەی Z و ئەلفا، کە گرنگییەکی زۆر بە ژینگە دەدەن، بۆیە لە پڕۆژەکانیشدا زۆرترینیان گرنگییان بەو داهێنانە داوە.
خوێندکارەکان زیاتر لە حکومەت و لایەنە بەرپرسەکان لە خەمی ژینگەدان، ئاریا عەزیز و میر تۆفیق دوو خوێندکارن لە هەڵەبجەوە هاتوون، توانیویانە لە ڕێگای پاشماوەی پلاستیکەوە سووتەمەنی بەنزینێک بە ئۆکتانی ٩٢.
زۆرینەی ئەو کەرەستانەی لەم داهێنانەدا بەکارهاتوون کەرەستەی سادەن، بەڵام دەبنە پارێزەرێکی ڕاستەقینەی ژینگە.
شەم بەهادین خوێندکارێکی دیکەیە، ڕێگایەکی سوودبینین لە ئاوی چەمی تانجەرۆ داهێناوە، کە ڕێگری بکرێت لە تێکەڵبوونی ئاوی تانجەڕۆ بە دەریاچەی دەربەندیخان، بەڵکو بکرێتە تانکییەکی گەورەوە، لە ڕێگای ڕووناکی خۆرەوە ئاوەکە گەرمبکرێت، لە ڕێی دەرچەیەکەوە هەڵمەکە بێتە دەرەوە و بەو هەوایە وزەی کارەبا دروستبکرێت.
ئەو بەشەی لە هەڵمەکەش دێتە دەرەوە لە ڕێگای بۆرییەکەوە هێنانەوەی بۆ سەر تانکییەکی دیکە بەهۆی سەرماوە چڕی هەواکە بەرزبکرێتەوە و ببێتەوە ئاو، کە دەتوانرێت لەبری ئاوی پاک بۆ موەلیدە و ئۆتۆمبێلەکان بەکاربهێنرێت، ئاوی سازگار بەفیڕۆنەچێت.
تاڤی موحسین بیرۆکەی بۆ پاککردنەوەی هەوا هەیە، کە جیا لە پاکبوونەوەی هەوا، دەتوانرێت پێکهاتەی کەرەستەی بیناسازی درووستبکرێت.
لەناو پڕۆژەکانی قوتابییەکاندا گرنگییەکی تایبەت بە پاکڕاگرتنی ژینگە و دووبارە بەکارهێنانەوەی پاشماوەکان درا، تەواو پێچەوانەی بەرپرسان و لایەنی پەیوەندیدار لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، تا ئێستا کارێک دیار و جێدەستیان لە پاککردنەوەی ژینگەدا کاریگەری دروستنەکردووە.

ئەمساڵ چەند کاتژمێر بەڕۆژوو دەبین؟
پێشت ئەمساڵ چەند کاتژمێر بەڕۆژوو دەبین؟
دوایین ئاگاداری دەدرێتە خاوەنی زەوییە سندوقییەکان
دواتر دوایین ئاگاداری دەدرێتە خاوەنی زەوییە سندوقییەکان
ەیوەندیدار