هۆکاری گرانی گۆشتی سوور چییە؟



ماوەی چەند ڕۆژێک دەبێت نرخی گۆشتی سوور ڕووی لە بەرزی کردووە، وێڕای قەیرانە داراییەکان گرانبوونی نرخی گۆشت و پێداویستییە خۆراکییەکان هاووڵاتییانی نیگەران کردووە، حکومەتی عێراقیش چەندین ڕێکاری گرتووەتەبەر.

بڕوا عەبدوڵا ڕەسوڵ، بەڕێوەبەری لێپرسراوی سامانی ئاژەڵی بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵ سەبارەت بە گرانبوونی نرخی گۆشتی سوور چەند هۆکارێک دەخاتە ڕوو، هۆکارە سەرەکییەکان ڕووندەکاتەوە.

ناوبراو گرنگترین هۆکارەکانی گرانبوونی نرخی گۆشتی لە چەند خاڵێکدا ئاماژە پێکرد،  هۆکارەکانی کەمبوونەوەی ژمارەی ئاژەڵی شیردەری کێڵگە کەسەرچاوەی گۆشتی سووری ناوخۆن بە تایبەتی ڕەگەزی نێر لەدوای پرۆسەی ئازادی عێراق، هەر ئەوکات بەهۆی نزمی نرخی دروای عیراق بەرامبەر دراوی وڵاتانی هاوسێ ژمارەیەکی زۆر بەشێوەی نایاسایی ئاودیو کران.

وتیشی، دامەزراندنی بێشومار و هەڕەمەکی و کەمبوونەوەی دەستی کار، چونکە سەرچاوەی داهاتیان لە ئاژەڵداری گۆڕا بۆ مووچە، لەگەڵ ئەوەشدا بەهۆی نەخشەسازی و پلانی شارەوانییەکان بەشێکی زۆری ئەوانەی ئاژەڵیان هەبوو کرانە دەرەوەی سنووری شارەوانی بەمەش ئەرکی خزمەتکردنی گرانترکرد و بووە هۆی وازهێنانی خەڵکی لە پیشەی ئاژەڵداری.

ئاماژەی بەوەشکرد، باشتر بوونی بژێوی ژیان بەتایبەتی دوای ساڵانی 2004 کە خواستی زیاتر لەسەر گۆشت دروست بوو لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان دروستکردنی شوێنی نیشتەجێ و پڕۆژەی هەمەجۆر و کەمبوونەوەی سنووری گژوگیای خۆڕسک، هاوکات گۆرانی کەشوهەوا و کەمبوونەوەی لە وەڕگا سروشتییەکان و ماددە ئالیکیەکان.

لە بەشێکی دیکەی هۆکارەکاندا بڕوا عەبدوڵا باسی لەوەکرد، پاوان و سیاج کردن و قۆرخکاری زەوییەکان شوێنی لەوەڕگاکانی کەمکردەوە، بە جۆرێک لە هەندێک شوێن ڕێگای هاتووچۆ کردنی نەهێشت.

بە وتەی ناوبراو، لە دوای ساڵی 2012 و بەهاری عەرەبی تێکچوونی باری وڵات و دابەزینی بەهای دراوی وڵاتانی دراوسێ، هاوکات هاتنی بڕێکی زۆری ئاژەڵی وڵاتانی تر بە مەبەستی سەربڕین بووە هۆکاری سەرەکی وازهێنانی جامبازەکان (ئەوانەی ئیشی مەیدان و کۆکردنەوەی ئاژەڵی گوندەکانن) بەهۆی هەرزانی نرخییان بەرامبەر ئاژەڵی خۆماڵی.

ئەوەشی خستەڕوو، داخستنی پرۆژەی ئاژەڵی شیر بەهۆی هاوردەکردنی بەرهەمی شیرەمەنی هەرزانتر ئەگەرچی ئەوانەش سەرچاوەی گۆشتی سوور بوون، بە تایبەتی گوێرەکەی ڕەگەزی نێر یاخود ئەوانەی بەرهەمی شیریان وەکو پێویست نییە یاخوود کێشەی زاوزێی هەیە.

وتیشی، هەبوونی جوڵەی گروپی چەکداری لە دەشت و ناوچە شاخاوی و کوێستانەکان بەمەش جوڵەی گەرمیان و کوێستانی ئاژەڵدارەکانی زۆر لاواز کردووە یاخود نەیهێشت، بەمەش ئەرکی بەخێوکردنی ئاژەڵ لە سنووری دیارکراو قەتیس کرد زۆربەی بەهۆی گرانی بەخێوکردن وازی هێنا.

بڕوا عەبدوڵا، تیشکی خستەسەر ئەوەی کە گرانبوونی نرخی گۆشت لە هەموو جیهان بەهۆی زۆری ژمارەی دانیشتووان بە جۆرێک کە هەندێک لە پێکهاتەی ئالیک سەرچاوەی خۆراکی مرۆڤە و ئاساییە ئەگەر کێبڕکێ دروست بکات، کێشەی ڕووسیا و ئۆکرانیا تای تەرازووی بە تەواوەتی خوارکرد.

وتیشی، ئەوەی ئێستا سەرچاوەی گۆشتی سوورە بڕێکی کەمە لە نەبوونی دەسەڵاتی بەخێوکردنی ئاژەڵدارەکانەوە دێت کە کاری ئاژەڵیی وەکو کاری سەرەکی بژێوی ژیانیان هەڵبژاردووە بەرهەمی ساڵانەیان لە پەنجا ئاژەڵێک تێپەڕناکات، هەروەها ئاژەڵی ناوخۆ بەمەبەستی هەمەجۆر بەخێودەکرێت واتا تایبەت نەکراوە بۆ چ مەبەستێکە تەنها بۆ گۆشتی سوور یان شیر یان خوری و پێستە، هەروەها گەشەی هێواش و زیاد کردنی زیاتر دانەیە یان دوان زیاتر نییە بەمەش زیاد بوون و بەرهەمی بەروارد بە ئاژەڵەکان کەتایبەتە بە گۆشت زۆر کەم و لاوازە.

ئەمریکا نیگەرانە لە ئازادی ڕۆژنامەوانی لە هەرێم
پێشت ئەمریکا نیگەرانە لە ئازادی ڕۆژنامەوانی لە هەرێم
لەگەڵ هاتنی مانگی ڕەمەزان نرخی گۆشت جێگیر دەکرێت
دواتر لەگەڵ هاتنی مانگی ڕەمەزان نرخی گۆشت جێگیر دەکرێت
ەیوەندیدار