نھێنی تام و چێژی تەحینی ئامێدی لە ئاشێکی تەمەن 200 ساڵییدا



لە قەزای ئامێدی سەر بە پارێزگای دھۆک کە ئاو و ھەوایەکی سارد و فێنکی ھەیە، بەرھەمھێنانی تەحین (ڕاشی) بەشێوەیەکی نەریتی و لە ڕێگەی ئاشێکی تەمەن 200 ساڵی، ھێشتا بەردەوامە.

لە شاخێکی نزیکەوە، ئاویان بۆ ئاشەکە گواستووەتەوە، ئەو ئاوە هەم کار بە ئاشەکە دەکات، هەم لەکاتی هاڕینی کونجییەکەدا، بەشێک لە ئاوەکە بەژێر بەردی ئاشەکەدا دەڕوات بۆ ئەوەی بەردەکە سارد بکاتەوە، ئەم کردارەش بۆ ئەوەیە کە تەحینەکە بەهۆی گەرمبوونی بەردەکەوە نەسووتێت.

بەرھەمھێنانی تەحین (ڕاشی) بە چەند هەنگاوێک تێپەڕ دەبێت، سەرەتا کونجییەکە لە زەوی دروێنە دەکرێت، دواتر وشک دەکرێتەوە، ئینجا دەبێژرێت و پاشان دەیگوازنەوە بۆ ئاشەکان.

لە نێو ئاشەکەدا، کونجییەکە بۆ ماوەی یەک ڕۆژ دەخرێتە نێو ئاو، پاشان دەکوڵێندرێت و دواتر دەکرێتە نێو ئاوەخوێ، دواتر بە ئاوی پاک(ئاوی شیرین) کونجییەکە دەشۆردرێت، دوای یەک ڕۆژ ئینجا کونجییەکە بە ئاگر دەبرژێندرێت و دوای ساردبوونەوەشی، دەخرێتە دۆڵەدانەی ئاشەوە و لە ڕێگای هاڕینەوە دەکرێت بە تەحین.

لە بەرھەمھێنانی تەحیندا لەو ئاشەی ئامێدی، ھیچ ئامێرێکی کارەبایی و ماددەیەکی زیادکراو بەکارناھێندرێت، تەحینی ئامێدی تام و چێژێکی تایبەتی ھەیە و ھەناردەی ھەموو ناوچەکانی ھەرێم، تەنانەت ھەناردەی شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقیش دەکرێت.

مستەفا جەمیل، خاوەنی ئێستای ئاشە تەمەن 200 ساڵییەکەیە، باسی بەرھەمھێنانی تەحین کرد و وتی: “کاری بەرھەمھێنانی تەحین لە باب و باپیرانەوە بۆم ماوەتەوە، ئەمە میراتی ئەوانە ئێمە بەڕێوەی دەبەین. ئەمە پیشەی بنەماڵەی ئێمەیە. ئاشەکەمان بە ئاو کاردەکات و تەحین بە شێوەیەکی تایبەت بەرھەمدەھێنێت و ئەم بەردەی کە تەحینەکە دروست دەکات بە ئاو دەسوڕێت و لەھەمانکاتدا بەردەکەش بە ئاو سارد دەکرێتەوە بۆ ئەوەی تەحینەکە نەسووتێت و بە شێوەیەکی سرووشتی بەرھەم بێت”.

لە بارەی داواکاری خەڵکیی لەسەر تەحینی ئامێدی وتی: “داواکاری زۆر لەسەر ئەو ڕاشییە یان ئەو تەحینە ھەیە بە جۆرێک بێجگە لە ناوخۆی ھەرێم لە ئەوروپا و ناوەڕاست و خوارووی عێراق خەڵکێکی زۆر داوا دەکەن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە مانگەکانی سەرەتای دروێنەی کونجی، ناتوانین تەحین ھەناردەی شارەکانی هەرێمیش بکەین، دوای چەند مانگێک فشارەکە کەمتر دەبێت و دەتوانین ھەناردەی بکەین”.

مستەفا جەمیل دەڵێت: “ئەم تەحینە بە سرووشتی بەرھەمدەھێنرێت و ناسووتێت، دوای ساڵێکیش تام و چێژی خۆی لەدەست نادات، ھەندێکجار تامی خۆشتریش دەبێت و ئەم تەحینە تێکچوونی زۆر کەمە لەبەر ئەوەی کونجی زەیتی خۆی ھەیە و پارێزەری ئەو تەحینەیە، زۆر زەحمەتە تێک بچێت ئەگەر دوو ساڵ یا سێ ساڵیش بمێنێتەوە”.

لە بارەی تەمەنی ئاشەکە و پیشەکەیان مستەفا جەمیل وتی: “باب و باپیرانم بەر لە 200 ساڵ ھەر لێرە بوون و ئەم کارەیان کردووە،ئەو کاتە ڕێگای ھاتوچۆش نەبووە بۆ ئەم ئاشە، دواتر ئێمە ڕێگامان کردەوە ودەستمان بە بەڕێوەبردنی هەمان پیشەی باب و باپیرانمان کرد، ھیچ گۆڕانکاریەکمان تیا نەکردووە و، ھیچ ئامێرێکی کارەبایی و ماددەیەکی زیادکراو بەکارناھێنین”.

ھاووڵاتییەکی ناوچەکە بەناوی عیسام عەبدولڕەحمان کە بۆ کڕینی تەحین ھاتبووە ئاشەکە، وتی: “تام و چێژی تەحینی ئەم ئاشە زۆر جیاوازترە لە ئاشی کارەبایی، ئەمە ھۆکاری سەرەکییە کە خەڵکی ڕووی تێ دەکەن، ئێمە دڵنیاین کە سەد لە سەد لە دروستکردنیی تەحیندا دەستکاری تیادا ناکرێت”.

عیسام عەبدولڕەحمان دەڵێت: “ئێمە ھاووڵاتیی ناوچەکەین، مانگانە پێویستیمان بە دوو تا سێ کیلۆ تەحین هەیە، بەڵام ئەوەی لە ھەمووی خۆشترە ھەر میوانێک لە شوێنێکی دیکەوە بێتە ماڵەکەمان، داوای تەحینی ئەو ئاشەمان لێ دەکات، ئێمەش بەھەمانشێوە ئەگەر بۆ شوێنێک بچین، وەک دیاریی تەحینی ئاشەکە لەگەڵ خۆمان دەبەین”.

ڕاشیگەیاند، “ناوچەکەمان گەشتیارییە و ئەگەر ئارامیی ھەبێت، ئەوا خەڵکێکی زۆر ڕوو لەو ناچەیە دەکات، داواکارین گەشتیارەکان سەردانی ئەم ئاشانەش بکەن کە مێژوویەکی کۆنیان ھەیە”.

چۆن ئۆتۆمبیلەکەت ئامادە دەکەیت بۆ وەرزی زستان؟
پێشت چۆن ئۆتۆمبیلەکەت ئامادە دەکەیت بۆ وەرزی زستان؟
هاتووچۆی سلێمانی هۆشداری بە شۆفێران دەدات
دواتر هاتووچۆی سلێمانی هۆشداری بە شۆفێران دەدات
ەیوەندیدار