“شۆفێر هەیە حەوت ملیۆن دینار غەرامەی هێناوە”



بڕیاری لێخۆشبوونی سزای ٪٢٠ی سەرپێچییەکانی هاتووچۆ تەنها سبەینێی ماوە، بەهۆیەوە قەرەباڵغییەکی زۆر لە بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی دروستبووە، بەرێوەبەری هاتووچۆی سلێمانیش دەڵێت: شۆفێر هەبووە حەوت ملیۆن دینار پارەی سەرپێچی هێناوە.

سبەی کۆتا ڕۆژی داشکاندنەکەی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆیە، کە شەش مانگە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانەوە بڕیاری ٪٢٠ی لێخۆشبوون لە پارەدان لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆ لە سەرجەم هەرێمی کوردستان دراوە.

لەناو بەڕێوەبەرایەتی هاووچۆی سلێمانیدا قەرەباڵغییەکی زۆرە، وەک سەردانیکەران دەڵێن “سەرەدەگرین بۆ ئەوەی پارە بدەین”.

هاووڵاتیان تا سوودمەندبن لە بڕیارەکەی وەزارەتی ناوخۆ کە تەنها سبەینێی ماوە، بەشێوەیەکی زۆر زیاتر لە ڕۆژانی دیکە سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکە دەکرێت، ڕۆژانە زیاتر لە دوو هەزار کەس دەچێتە بەڕێوەبەرایەتییەکە.

عەزیز حسێن، هاتووەتە بەڕێوەبەرایەتییەکە لە قەرەباڵغی فەرمانگەکە سەری سوڕماوە، دەڵێت “هیچ کات نەمبینیووە بەڕێوەبەرایەتییەکە ئەوەندە قەرەباڵغ بێت، کارمەندەکان بۆ یەک خولەکیش نەوەستاون”.

هاریوان یونس، لە دهۆکەوە هاتووە بۆ بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی، ئەو مامەڵەیەی بۆی هاتووە ملیۆنێک و ٦٠٠ هەزار دینار غەرامەی سەرپێچییەکانی هاتووچۆی تێدایە، کە سەرجەمیان تیژڕەوییە، کە کامێراکانی خاڵ بۆ خاڵ تۆماریکردووە.

بەهۆی داشکاندنەکەوە بڕی غەرامەی سەرپێچییەکەی نزیکی ٣٠٠ هەزار دینار کەمی کردووە، هۆکاری ئەو قەرەباڵغییە زۆرە بۆ داشکاندنەکە دەگەڕێنێتەوە، کە خەڵک دەیەوێت پارە بدات و لە داشکاندنە سوودمەندبێت.

فوئاد کاکەوەیس، لە شێوازی مامەڵەکردنەکان ڕازی نییە، پێی وایە ئاسانکاری نییە، لە کاتێکدا سەردەمی تەکنەلۆژیایە، دەکرێت بە کۆمپیوتەر و ئامێری زیرەک زۆرینەی کارەکان ڕاپەڕێنرێت.

قەرەباڵغییەکەی بەڕێوەبەرایەتییەکە، بووەتە هۆکاری فشارێکی زۆر بۆ سەر کارمەندان، هاوکات بەهۆی سەرەگرتن هەندێکجار دەمەقاڵێ لەنێوان هاووڵاتیاندا بۆ زووتر ڕاپەڕاندنی مامەڵەکانیان دروستدەبێت.

ئاسۆ محەمەد ، بەرێوەبەری هاتووچۆی سلێمانی لەبارەی گرفتەکان و قەرەباڵغیەوە ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، ماوەی شەش مانگە لێخۆشبوون هەیە، بەڵام بەشێکی زۆر لە شۆفێران و هاووڵاتییان لە ڕۆژەکانی کۆتاییدا بیریان دەکەوێتەوە، بێن مامەڵەکانیان ڕاییبکەن و سزای سەرپێچییەکانیان بدەن.

وتیشی: ئێمە لە هەوڵداین بۆئەوەی ماوەکەی درێژبکرێتەوە، ماوەی کارکردنی دەوامی کارمەندانی بەڕێووەبەرایەتییەکەمان درێژکردووەتەوە و پشووەکانیشمان کەمکردووەتەوە بۆئەوەی زۆرترین هاووڵاتی لەو لیخۆشبوونە سوودمەند بن.

ماوەی شەش مانگە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری لێخۆشبوونی لەسەدا ٢٠ی بۆ شۆفێران دەرکردووە و سبەینێش دوا وادەیە بۆ ئەو لیخۆشبوونە.

پەروەردەی سلێمانی دەربارەی پشوو بڕیاری دا
پێشت پەروەردەی سلێمانی دەربارەی پشوو بڕیاری دا
سەرۆکی حکومەت بەدواداچوون بۆ ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەی هەولێر دەکات
دواتر سەرۆکی حکومەت بەدواداچوون بۆ ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەی هەولێر دەکات
ەیوەندیدار