موسڵمانان بە خورمای ئیسرائیلی بەربانگ دەکەنەوە؟



ماڵپەڕی میدل ئیست ئایی بەریتانی، لە ڕاپۆرتێکدا کە ڕۆژی دووشەممە بڵاویکردووەتەوە، ڕایگەیاندووە، شەڕی بەردەوامی ئیسرائیل دژی کەرتی غەززە، ساغکردنەوەی خورمای ئیسرائیلی لە بازاڕەکانی ئەوروپادا لە سەروبەندی مانگی ڕەمەزانی پیرۆزدا سەخت کردووە.

یەک لەسەر سێی هەناردەکردنی خورما ساڵانە لەلایەن بەرهەمهێنەرانی ئیسرائیلییەوە دەکرێت،  ڕێژەیەکی بەرچاوی لە مانگی ڕەمەزاندایە، بەڵام بایکۆتی کۆمەڵگا موسڵمانەکان بۆ بەرهەمەکانی ئیسرائیل، ترسی ساغکردنەوەی خورمای ئیسرائیلی زیاد کردووە.

 

فرۆشتنی خورمای ئیسرائیلی لە سەرانسەری جیهان

ڕۆژنامەی هارێتز ڕایگەیاندووە، هەڵمەتێکی ڕیکلامی ئیسرائیل بە بڕی ٥٥٠ هەزار دۆلار بۆ بانگەشەکردنی “خورمای مەجدولی ئیسرائیلی” ڕاگیرا، هاوکات لێکۆڵینەوە و پشکنین لە دژی بەرهەمە ئیسرائیلییەکان لەنێو کۆمەڵگا موسڵمانەکان لە ئەوروپا چڕتر بووەتەوە، لە دوای ئەو کۆمەڵکوژییانەی داگیرکەران لە غەززە ئەنجامی دا.

بازرگانێکی بەشدار لە پیشەسازی خورما بۆ ڕۆژنامەی هارێتز وتی، هەرکەسێک لە ڕەفەکان نزیک بێتەوە و ببینێت کە بەرهەم و کاڵاکان لێی نوسرابێت “دروستکراوی ئیسرائیل” پێش کڕینی دووجار بیری لێدەکەنەوە.

لە مانگی ڕەمەزاندا ڕێژەیەکی زۆری خورما لە سەرانسەری جیهان دەفرۆشرێت، لە هەر شوێنێک بتوانن موسڵمانەکان بەرهەمێک دەکڕن کە دروستکراوی ئیسرائیل نەبێت، لەبەرئەوەی فرۆشتنی خورمای ئیسرائیلی بایکۆت کراوە.

لە ساڵانی ڕابردوودا، هەڵمەتێکی فراوان لەلایەن بزووتنەوەی بایکۆت، وەبەرهێنان و سزاکان بۆ جێبەجێکردنی فشاری ئابووری لەسەر کۆمپانیا ئیسرائیلییەکان بۆ کۆتاییهێنان بە داگیرکارییەکان هەبووە.

بە لەبەرچاوگرتنی گرنگی ئەم میوەیانە لە مانگی ڕەمەزاندا و پەیوەندییان بە بۆنە ئیسلامییەکانەوە، زۆرێک لە موسڵمانان هەوڵدەدەن دڵنیابن لەوەی کە خورماکانیان لە سەرچاوەی پەسەندکراوی ئەخلاقیەوە هاتووە.

ئیسرائیل یەکێکە لە گەورەترین بەرهەمهێنەرانی خورما لە جیهاندا، بەتایبەتی خورمای بەناوبانگی مەدجول، بەڵام کۆمەڵگا موسڵمانەکان لە هەوڵی ئەوەدان خۆیان لە کڕینی خورمای ئیسرائیلی بە دووربگرن.

یەکێک لە بەرهەمهێنەرانی خورمای ئیسرائیلی لە قسەکانیدا بۆ ڕۆژنامەی هارێتز وتی، ڕێکخراوەکان هەن کە دەچنە ناو مارکێتەکانی ئەوروپا کە خورمای ئیسرائیلیان هەیە، نووسراوێکی لێدەدەن و دەڵێن” بە کڕینی بەشداری لە جینۆسایدی غەززە دەکەن”.

 

خورمای ئیسرائیلی لە شوێنە نایاساییەکان دەچێنرێت

کەمپەینی پاڵپشیی فەڵەستین دەڵێت، زۆرینەی خورماکانی مەدجولی ئیسرائیل لە شوێنە نایاساییەکانی کەناری ڕۆژئاوای فەڵەستینی دەچێنرێن، لەلایەن دانیشتوانی ئیسرائیلییەوە.

ئەو چالاکوانانەی بەرەنگاری داگیرکاری ئیسرائیل دەبنەوە هەمیشە خەڵک ئاگادار دەکەنەوە کە پێویستە پێش کڕینی هەر بەرهەمێک لە ڕێگەی ئەو نووسراوانەی کە ئاماژە بە سەرچاوەی خورماکان دەکەن، دڵنیاببنەوە.

بایکۆت کاریگەری ئابووری لەسەر ئیسرائیل زۆر گەورە بێت، چونکە پشکی ئیسرائیل بە ڕێژەی ٪٥٠ یە لە بازاڕی خورماکانی مەدجول، بە جیاوازییەکی زۆر لەگەڵ وڵاتانی دیکە بازاڕی جیهانی تەنیوە.

بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی کشتوکاڵی ئیسرائیل، بەهای هەناردەکردنی خورمای ئیسرائیل لە ساڵی ٢٠٢٢دا گەیشتووەتە ٣٣٨ ملیۆن دۆلار، بە بەراورد بە هەناردەکردنی هەموو جۆرەکانی تری میوە زیاترە، لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەرەوە بۆ هەمان ساڵ.

لە هەوڵێکدا بۆ بەرپەرچدانەوەی هەڵمەتەکانی بایکۆت، بەرهەمهێنەرانی ئیسرائیل لەگەڵ هەندێک لە کڕیاران کاردەکەن بۆ گۆڕینی نووسراوی سەر بەرهەمەکانیان، بۆئەوەی سەرچاوە و بەرواری سەر بەرهەمەکان بگۆڕن.

هەناردەی خورمای ئیسرائیل کەم دەبێتەوە

لە کاتێکدا هەناردەی خورمای ئیسرائیل بۆ تورکیا لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوودا بە ڕێژەی ٪٥٠ کەمیکردووە، ئەمەش لە کاتێکدایە ڕێژەی هەناردەی خورمای ئیسرائیل بۆ تورکیا نزیکەی ٪١٠ی کۆی هەناردەی خورمای ئیسرائیل پێکدەهێنێت.

شایەنی باسە لە ساڵی ڕابردوودا زۆرێک لە کەمپەینەکان لەلایەن چالاکوانانەوە دەستیپێکرد، بە مەبەستی ڕاگرتنی فرۆشتنی خورمای ئیسرائیلی، بەو پێیەی پێشتر ڕێکخراوی دۆستانی ئەقسای بەریتانی هەڵمەتێکی دەستپێکردبوو کە داوای لە موسڵمانانی بەریتانیا کردبوو کە لەگەڵ نزیکبوونەوەی مانگی ڕەمەزانی پیرۆزدا خۆیان لە کڕینی خورمای ئیسرائیلی بەدوور بگرن، کە فرۆشگاکانیان تەنیوە.

لە ژێر دروشمی “پشکنینی نووسراوی سەر بەرهەمەکان”، ڕێکخراوەکە داوای لە خەڵک کردووە پێش کڕینی خورما لە فرۆشگاکاندا نووسراوەکان بپشکنن، هەروەها داوای لێکردن خۆیان لە کڕینی ئەم خورمایانە بەدوور بگرن ئەگەر بۆیان دەرکەوت شوێنی بەرهەمهێنانیان “ئیسرائیل”ە.

ڕێکخراوەکە هەزاران نووسراویان لە دەرەوەی مزگەوتەکان لە سەرتاسەری وڵاتدا بڵاوکردوەتەوە بە زمانەکانی عەرەبی، ئینگلیزی، بەنگالی و ئوردو، داوای بایکۆتی خورمای ئیسرائیلی دەکات، هەروەها زانیاری پەروەردەیی لەبارەی ئەو بەرهەمانە بڵاودەکاتەوە.

ڕێکخراوەکە وێنە و ناوی هەندێک مارکەی ئیسرائیلی لە بەرهەمە خورماکانی دابینکردووە، داواش لە خەڵک دەکات بیانناسنەوە و خۆیان لە کڕینی بەدوور بگرن، داوای لە هەموو ئەو کەسانە کردووە کە پەیوەندییان بە ئاشتی و دادپەروەرییەوە هەیە، بایکۆتی هەموو بەرهەم و کاڵایەکی ئیسرائیلی بکەن.

١٠٠ هەزار تۆن خورمای ئیسرائیلی

بەپێی خەمڵاندنەکان ئیسرائیل ساڵانە زیاتر لە ١٠٠ هەزار تۆن خورما بەرهەم دەهێنێت و کۆی داهاتی ئیسرائیل لە خورما لە ساڵێکدا نزیکەی ١٠٠ ملیۆن دۆلارە، کە زۆرینەی ڕەهای لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆزدا دەفرۆشرێن.

زۆربەی خورما ئیسرائیلییەکان لە شوێنە نیشتەجێبووە داگیرکراوەوەکانەوە هاتوون، هەندێکیشیان لە کێڵگە ئیسرائیلییەکانەوە هاتوون لە باشووری ئەفریقا، کە خورما لە پاییزدا لە باشووری ئەفریقا پێدەگات.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەو ڕێکخراوە، ٪٥٠ی خورمای ئیسرائیلی هەناردەی ئەوروپا دەکرێت و بەریتانیا بە دووەم گەورەترین هاوردەکاری خورمای ئیسرائیلی لە ئەوروپا دادەنرێت.

بەهەمان شێوە چالاکوانان بۆ دەربڕینی هاوسۆزی لەگەڵ دۆزی فەلەستین لە ئەمریکا پێشتر هەڵمەتێکیان بۆ بایکۆتکردنی خورما هاوردەکراوەکان لە بازاڕە داگیرکەرەکانی ئیسرائیلەوە دەستپێکردووە، لەگەڵ نزیکبوونەوەی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان.

دامەزراوەی موسڵمانانی ئەمریکی بۆ فەلەستین هەڵمەتی ساڵانەی نوێکردنەوەی خۆی بۆ بایکۆت ڕاگەیاند، پێش مانگی ڕەمەزان هەموو ساڵێک، لە هەژماری سۆشیاڵ میدیاکانی خۆیدا، لە ژێر هاشتاگی #بایکۆت_خورمای_ئیسرائیل.

سەبارەت بە هۆکاری بایکۆت، ڕێکخراوەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا لە ماڵپەڕی خۆیدا ڕایگەیاندووە، “نزیکەی ٦٠٪ خورمای ئیسرائیلی لە شوێنە نایاساییەکانی سەر زەوی فەلەستینەکان دەچێنرێت و سەرچاوە سروشتییە دزراوەکانی وەک ئاو بەکاردەهێنرێن”.

دامەزراوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو کرێکارە فەلەستینیانەی کە بەهۆی پێویستی داراییانەوە ناچارن لەم کێڵگانەدا کار بکەن “کرێیەکی کەمیان پێدەدرێت، و قەرەبووی ماندووبوونیان ناکرێتەوە.”

ڕێکخراوەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا لە ساڵی ڕابردوودا ڕایگەیاندووە، بایکۆت کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر ئیسرائیل هەیە، چونکە پشکی بازاڕی ئەمریکا لە هاوردەکردنی خورمای ئیسرائیل بۆ ١٦.٥٪ لە ساڵی ٢٠٢١دا کەمیکردووە.

 

بانکی ناوەندی زیاتر لە 30 ملیۆن دۆلاری نەختی خستە بازاڕەوە
پێشت بانکی ناوەندی زیاتر لە 30 ملیۆن دۆلاری نەختی خستە بازاڕەوە
لەمڕۆوە کامێرای خاڵ بۆ خاڵ لە 18 شوێنی دیکە کەوتنە کار
دواتر لەمڕۆوە کامێرای خاڵ بۆ خاڵ لە 18 شوێنی دیکە کەوتنە کار
پەیوەندیدار