پارتی، یەکێتی و گۆڕان لەبارەی بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵییەوە چی دەڵێن؟



بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی سەبارەت بە پابەندکردنی حکومەتی عێراق و هەرێم، سەبارەت بە دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لەلایەن بانکە فیدڕاڵییەکان، لەگەڵ لابردنی کورسی کۆتاکان و دابەشکردنی هەرێمی کوردستان بۆ چوار بازنەی هەڵبژاردن، ڕەهەندی جیاوازی سیاسی و یاسایی بەدوای خۆیدا هێنا،

بەشێک لە لایەنەکان پشتگیری بڕیارەکە دەکەن و پێیانوایە لە بەرژەوەندی هاووڵاتییانی هەرێمە، هاوکات بەشێکی دیکە دەڵێن بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی قەوارەی هەرێم دەخاتە مەترسییەوە و بڕیارێکی سیاسییە.

لەو چوارچێوەیەدا بەرپرسی لقی چواری پارتی لە سلێمانی دەڵێت، “بڕیارێکی سیاسیە و ناحەزانی کوردستان ئەو بڕیارەیان داوە، هەر لایەنێکیش بە بڕیارەکە خۆشحاڵ بێت، چووەتە سەنگەری ناحەزانی هەرێمی کوردستانەوە”، لە بەرامبەردا وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت،  بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی جێگرەوەیان نییە، لە بەرژەوەندی هاووڵاتییاندایە”.

ئاری هەرسین، بەرپرسی لقی چواری پارتی لە سلێمانی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی بڕیارێکی سیاسیە و ناحەزانی کوردستان ئەو بڕیارەیان داوە، هەر لایەنێکیش بە بڕیارەکە خۆشحاڵ بێت، واتە خۆشحاڵە کە ئیهانەی خەڵکی کوردستان دەکرێت و چووەتە سەنگەری ناحەزانی هەرێمی کوردستانەوە.

 

لە بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵیدا مافی پێکهاتەکان پێشێلکراوە؟

بەرپرسی لقی چواری پارتی لە سلێمانی باسی لەوەکرد، بە بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی مافی پێکهاتەکان پێشێل کراوە، جگە لەوەی هیچ حسابێک بۆ سەروەری هەرێمی کوردستان نەکراوە، نابێت گۆڕان و یەکێتی بچنە سەنگەری ناحەزانی خەڵکی کوردستانەوە، چونکە هەموومان بەرپرسیارێتیەکی قورسی ئەخلاقی و نیشتیمانیمان لەسەرە.

ئاری هەرسین دەڵێت، پاڵپشتی یەکێتی و لایەنەکان بۆ بڕیارەکە خۆ جیاکردنەوەیە، بابەتەکە بەرژەوەندی پارتی نییە، بەرژەوەندی خەڵك و سەروەری و پێگەی هەرێمی کوردستانە، حکومەتی هەرێم بە تاکید هەموو هەنگاوێک دەنێت بۆ ئەوەی ئەو بڕیارە چەوتە ڕاستبکاتەوە.

ئەوەشی خستەڕوو وەک پارتی لەگەڵ هەموو لایەنەکان دەبێت هەڵوێستێکی چوونیەکمان هەبێت، چونکە ئەمە شتێک نییە تەنها بەرامبەر پارتی کرابێت، دژی یەکێتی و برا ئۆپۆزسیۆنەکانیش کراوە، بۆیە دەبێت هەموو لایەنەکان پاڵپشتی حکومەتی هەرێم بکەن بۆئەوەی ئەم پێشێلکاریەی بەرامبەر خەڵکی هەرێمی کوردستان کراوە بەری پێبگرین.

لەبەرامبەردا سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا سەبارەت بە بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی ڕایگەیاند، کۆتاکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، واتە لە کێشە و ناکۆکییەکانی هەرێمی کوردستاندا بووبوونە لایەنگری لایەنێکی دیاریکراو و ئاڕاستە دەکران، بۆیە بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی گێڕانەوەی شکۆیە بۆیان.

سەبارەت بە بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی لەبارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم سەعدی ئەحمەد پیرە، وتی، ئێمە ماوەی 8 ساڵە کێشەی مووچەمان هەیە، لە کاتێکدا دەمانتوانی بە نیوەی ئەو سیعرە کێشەکان لە ناوخۆدا چارەسەر بکەین، بەڵام نەکرا بۆیە ئەم دۆخەی لێکەوتەوە، دەشبوو کێشەی مووچە بە شێوەیەک چارەسەر بکرێت.

ئەوەشی خستەڕوو، دابەشکردنی مووچە لەلایەن عێراقەوە بە مەترسی نابینین بۆ سەر قەوارەی هەرێم، کۆتاییهاتن بە بایکۆت زیاتر لە هەر شتێکی دیکە پیرۆزە لای ئێمە، چونکە مووچەخۆر نابێت بکرێت بە بارمتە بەرامبەر عێراق.

وتیشی، بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی جێگرەوەیان نییە، دەشبێت یەکێتی و پارتی پێکەوە کێشەکان چارەسەربکەن.

هاوکات دلێر عەبدولخالق، وتبەێژی بزوتنەوەی گۆڕان لە لێدوانێکیدا بۆ میدیای فەرمی حزبەكەی ڕایگەیاند، بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی عێراق سەبارەت بە سیستمی چوار بازنەیی بڕیارێكی باشە، ئەوەی پێمان باش نییە هەڵوەشاندنەوەی کورسی پێکهاتەکانە.

وتیشی، ئەگەر ئەوە پاساوەکەی نادەستوریبوونیەتی بۆچی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەنجومەنی پارێزگاکان کورسی کۆتا هەیە، بۆچی ئەمە بۆ دەوڵەتی عێراقی فیدراڵ ڕەوایە بۆچی بۆ هەرێمی کوردستان ڕەوا نییە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، دادگای فیدڕاڵی عێراق ڕۆژی 21/2/2024 بڕیاری گواستنه‌وه‌ی مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی دا بۆ سەر بانكە فیدڕاڵییەكان، هاوکات هەر بەپێی بڕیارەکەی دادگای باڵای فێدراڵیی عێراق، ژمارەی ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان لە 111 ئەندامەوە بۆ 100 کەم دەکرێنەوە، کە 11 کورسی کۆتا بۆ پێکھاتەکان تەرخانکرابوون.

وتەبێژی گۆڕان: هەڵوەشاندنەوەی کورسی پێکهاتەکان بە باش نازانین
پێشت وتەبێژی گۆڕان: هەڵوەشاندنەوەی کورسی پێکهاتەکان بە باش نازانین
نرخی دۆلار ڕوو لە دابەزینە
دواتر نرخی دۆلار ڕوو لە دابەزینە
ەیوەندیدار