خەڵك؛ دەقی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی بۆ مووچەی فەرمانبەران بڵاودەكاتەوە



ئەمڕۆ چوار شەممە، دادگای فیدڕاڵی بڕیاری گواستنه‌وه‌ی مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی دا بۆ سەر بانكە فیدڕاڵییەكان و هەردوو حكومەتی هەرێم و عێراقی پابەند كرد بە ڕادەستكردنی لیستی مووچەخۆران و پێدانی مووچەی مانگانە بە مووچەخۆرانی هەرێم.

بەپێی بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق، كە دەست (خەڵك) كەوتووە، ده‌بێت سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقی فیدراڵ موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم پاره‌دار بكات دوای ئه‌وه‌ی حساب بانكییان له‌ بانكه‌كانی عێراق بۆ ده‌كرێته‌وه‌.

پێشتر، بەکر حەمەسدیق پارێزەر لە دۆسییەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، لە لێدوانێکی تایبەت بە(خەڵک)ی راگەیاند، “بڕیارەکانی دادگای باڵا ئیلزامییە و حکومەتی هەرێم و ناوەند ناچاردەکات تەواوی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابین بکات و حکومەتی هەرێم تەواوی زانیارییەکانی ڕادەستی وەزارەتی دارایی و لیژنەی چاودێری دارایی عێراق بکات”.

دەقی بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی:
1- پێویسته‌ له‌سه‌ر سه‌رجه‌م بانكه‌كانی سه‌ربه‌ حكومه‌تی فیدراڵی عێراق ئاسانكاری بكه‌ن بۆ كردنه‌وه‌ی حساب بانكی بۆ موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم و گرتنه‌به‌ری سه‌رجه‌م رێگا پێویسته‌كان بۆ ئه‌وه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم له‌ شوێنی نیشته‌جێبوونی خۆیان سودمه‌ند ببن له‌ موچه‌كانیان، ئه‌مه‌ش له‌رێگه‌ی ئه‌و په‌نجه‌ره‌ بانكییانه‌ی كه‌ له‌ هه‌رێم هه‌ن یان ئه‌و بانكانه‌ی كه‌ له‌ هه‌رێم كراونه‌ته‌وه‌و له‌لایه‌ن بانكی ناوه‌ندیی عێراقه‌وه‌ مۆڵه‌تیان پێدراوه‌.

2- به‌رپرسی باڵای ئه‌و لایه‌نانه‌ی كه‌ ناویان هێنراوه‌ له‌ وه‌زاره‌ت و لایه‌نه‌ نه‌به‌ستراوه‌كان به‌ وه‌زاره‌ت و سه‌رجه‌م پێكهاته‌ حكومییه‌كان به‌رپرسن له‌ دروستیی ئه‌و داتایانه‌ی كه‌ ره‌وانه‌ ده‌كرێن سه‌باره‌ت به‌ ژماره‌و پله‌و بڕی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران به‌مه‌به‌ستی كردنه‌وه‌ی حساب بانكی بۆیان له‌ بانكه‌ فیدراڵییه‌كان و ده‌بێت له‌لایه‌ن ئه‌و به‌رپرسه‌ باڵایانه‌وه‌ ئیمزا له‌سه‌ر ئه‌و داتایانه‌ بكه‌ن.

3- ده‌بێت سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقی فیدراڵ موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم پاره‌دار بكات دوای ئه‌وه‌ی حساب بانكییان له‌ بانكه‌كانی عێراق بۆ ده‌كرێته‌وه‌، نابێت ئیتر به‌ قه‌رز پاره‌یان بۆ بنێرێت.

4- هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه‌ی كه‌ له‌ بڕگه‌ی یه‌كه‌مدا له‌ هه‌رێمی كوردستان ناویان هێنراوه‌ پابه‌ندده‌كرێن به‌ پێشكه‌شكردنی (میزان مراجعه‌)ی مانگانه‌ له‌و واده‌ی كه‌ فه‌رمانگه‌ی ژمێریاری له‌ وه‌زاره‌تی دارایی فیدراڵ له‌ مانگی دواتردا دیاری ده‌كات له‌كاتی داواكردنی پاره‌ هاوشێوه‌ی وه‌زاره‌تی فیدراڵییه‌كان.

5- پابه‌ندكردنی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان به‌ راده‌ستكردنی سه‌رجه‌م داهاته‌ نه‌وتیی و نانه‌وتییه‌كانی به‌ حكومه‌تی فیدراڵ (خه‌زێنه‌ی ده‌وڵه‌ت)، به‌گوێره‌ی یاسای ئیداره‌ی دارایی فیدراڵ، به‌و مه‌رجه‌ی دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ به‌ هه‌ماهه‌نگیی له‌گه‌ڵ دیوانی چاودێری دارایی هه‌رێم وردبینی له‌و داتایانه‌ بكات كه‌ تایبه‌تن به‌و داهاتانه‌وه‌، ئه‌مه‌ پشتبه‌ست به‌ حوكمه‌كانی مادده‌ی (12)ی یاسای ژماره‌ (13)ی ساڵی 2023ی بودجه‌ی گشتی فیدراڵی كۆماری عێراق بۆ ساڵه‌كانی (2023-2024-2025).

6- پابه‌ندكردنی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان به‌وه‌ی دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ به‌ هه‌ماهه‌نگیی له‌گه‌ڵ دیوانی چاودێری دارایی هه‌رێم وردبینی بكه‌ن له‌و حساب بانكییانه‌ی كه‌ بۆ هه‌رێم ده‌كرێنه‌وه‌ له‌ بانكی ناوه‌ندیی هه‌روه‌ها وردبینی بكرێت بۆ لیستی فه‌رمانبه‌ران و خانه‌نشینان و سوندمه‌ندانی تۆڕی پاراستنی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ هه‌رێمی كوردستان.

7- ئه‌م حوكمه‌ به‌ ته‌وافوقی ته‌واو ده‌رچووه‌و سه‌رجه‌م ده‌سه‌ڵاته‌كان پابه‌ند ده‌كات.

دەزگای ئاسایشی هەرێم، دەستگیرکردنی تۆمەتبارێکی ڕووداوی کوشتن ڕادەگەیەنێت
پێشت دەزگای ئاسایشی هەرێم، دەستگیرکردنی تۆمەتبارێکی ڕووداوی کوشتن ڕادەگەیەنێت
ئەنجوومەنی وەزیران خشتەی نوێی ڕسوماتی پەسەند كرد
دواتر ئەنجوومەنی وەزیران خشتەی نوێی ڕسوماتی پەسەند كرد
ەیوەندیدار