ئاستی ئاوی ڕووباری سیروان بەڕێژەیەکی بەرچاو زیادیکردووە



دوای ئەو شەپۆلە بەهێزەی بارانبارین کە هەفتەی ڕابردوو ناوچەکەی گرتەوە، کانیاو و سەرچاوەکانی ئاو بووژانەوە و ئاستی ئاوی ڕووبار، بەنداو و دەریاچەکان بەڕێژەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە.

بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کشتوکاڵی سلێمانی، لە سنووری پارێزگای سلێمانی کۆی گشتیی ڕێژەی بارانبارین لەمساڵدا ٤٣٨،١ ملیم بووە کە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ١٠١ ملیم زیادیکردووە.

ڕووباری سیروان درێژییەکەی ٤٤٥ کیلۆمەترە و بە چەندین ناوچەدا تێدەپەڕێت، دوو بەنداوی لەسەر دروستکراوە، بەنداوی دەربەندیخان لە سلێمانی و بەنداوی حەمرین لە پارێزگای دیالە و، کۆی گشتی بارانبارین لە بەنداوی دەربەندیخان ٥٣٣،٣ ملیم بووە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ٢٢٣،٣ ملیم زیادیکردووە، ئەمەش ئاوی بەنداوەکەی بەڕێژەیەکی زۆر زیادکردووە.

هەرچەندە لە ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی دروستکردنی ژمارەیەك بەنداو لە سنووری ئێران و گۆڕینی ئاراستەی ئاوەكە، ئاستی ئاوی رووبارەكە بەڕێژەیەکی بەرچاو دابەزی، بەڵام بارینی ئەم ڕێژە زۆرەی باران لەمساڵدا، قەرەبووی کردووەتەوە و ئاستی ئاوەکە بەشێوەیەک زیادیکردووە کە چەندین ساڵە لەم کات و وەرزەدا نەگەیشتووەتە ئەم ئاستە.

ڕووباری سیروان وەك سەرچاوەیەكی گرنگی سروشتی بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا، كشتوكاڵكردن و ڕاوەماسی و گەشتیاریی سوودی لێ وەردەگیرێت، بووەتە جێی سەرنجی دانیشتووانی ناوچەکە و ئەو ڕێبوارانەی بە ناوچەکە دا تێدەپەڕن.

هاووڵاتی سالار یونس (٥٢ ساڵ) دانیشتووی گوندی حاجی ڕەقەی سەربە شارۆچکەی سیروان لە پارێزگای هەڵەبجە، بە پەرۆشەوە باسی لە بارانبارینی بەخووڕی ڕۆژانی ڕابردوو کرد و دەڵێت لەوەتەی بەبیری دێت ئاستی ئاوەکە لەم وەرز و کاتەدا نەگەیشتووەتە ئەو ئاستە.

بە گوتەی سالار ئەمە یەکەم جارە لەم وەرز و کاتەدا ئاو بگاتە پردە کۆنەکەی نێوان هەڵەبجە و سلێمانی، چونکە ساڵانی ڕابردوو لە کۆتایی وەرزی بەهاردا ئاو گەیشتووەتە ئەو شوێنە، ئەمە لە کاتێکدایە کە هێشتا یەک مانگ زستانی ماوە و ئاو گەیشتووەتە ئەو ئاستە، لەبەرئەوە چاوەڕوان دەکرێت ئاستی ئاو زیاتر ببێت.

بەشێک لە هاوڵاتییان بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش و، ڕاوکردنی ماسی بە تۆڕ و قولاپ و، هەندێکیشیان بۆ وێنەگرتن سەردانی ناوچەکە دەکەن.

وەزیرێکی هەرێم: تورکیا هەرگیز مەدەنی لە هەرێمی کوردستاندا نەکردووەتە ئامانج
پێشت وەزیرێکی هەرێم: تورکیا هەرگیز مەدەنی لە هەرێمی کوردستاندا نەکردووەتە ئامانج
بانکی ناوەندی دۆلاری نەختی بۆ نیوە کەم کردەوە
دواتر بانکی ناوەندی دۆلاری نەختی بۆ نیوە کەم کردەوە
ەیوەندیدار