بوونە خودی خۆت



  1. هیچ هێزێك نییە لە ئێستادا بتوانێت ڕزگاری و ئازادیی بۆ كورد لە هیچ بەشێكیدا بەدەست بهێنت.
  2. هەموو ئەو هێزانەی لە ئێستادا هەن، ئەوەندە كێشەی گەورەیان هەیە، كە هەرچی وزەیانە تەرخانیان كردووە بۆ پاراستنی خۆیان و لە ناوبردنی یەكتر و هاوپەیمانی لەگەڵ دووژمندا.
  3. هێزی گەورەی ڕزگاربوون و لەوێشەوە ئازادبوونی كورد، لە گەڕانەوەیدایە بۆ توانایی سرووشتیانەی خۆی بۆ مانەوە. هەركەسێك توانیی هێزە ڕۆحییەكەی خۆی بدۆزێتەوە و لە ناخی خۆیدا كوردبوون بدۆزێتەوە و ببێتە یاری خۆی، ئەوە دەتوانێت بەرەو ڕزگاری و ئازادیی بڕوات.
  4. كوردبوون بریتییە لە دۆخێكی بوونخوازانەی خۆ قەبووڵكردن و لەگەڵ خۆبوون و ئاشتبوونەوە لەگەڵ خود. بریتیە لە هەڵبژاردنی خۆت وەكئەوەی بوونێكت هەیە لە سێ مەوداوە وزە وەردەگرێت: یادوەری كە پەیوەستە بە ڕابردووەوە، ئێستا كە پەیوەستە ژیانی كردەییەوە، خۆزگە و ئاواتیش كە پەیوەستە بە داهاتووە. خۆهەڵبژاردن واتە لە یەك كاتدا دۆزینەوەی پەیوەندیی لە نێوان ئەم سێ ڕەهەندەدا.
  5. ئەم هێزە چەندە سیاسییە، ئەوەندەش دانایی و دەروونی. ئەگەر تۆ سەرەتا دەروونێك لە خۆتدا نەدۆزییەوە كە خۆت وەكئەوەی هەیت پەسەند و قەبووڵ بكات، ئەگەر بەوجۆرە نەهزری كە خۆت وەكئەوە هەیت دەرببڕێت، ئەگەر سیاسەتێك نەكەیت، كە خۆت وەكئەوەی دەبێت هەبیت، نەخاتە ڕۆژەڤەوە، بوونی تۆ لە غیابی خۆتدایە.
  6. كاتێك بوونی تۆ لە غیابی خۆتدایە، واتە تۆ نامۆی بە بوونی خۆت، لە خۆت دابڕاویت و سنوورێكت لە نێوان خۆت و ڕاستەقینەی خۆبووندا دروستكردووە، یان بۆیان دروستكردوویت و تۆش بڕوات پێ هێناوە و بەوەش لە خۆت دوور كەوتوویتەوە. نموونەكانی ئەم لە خۆدووركەوتنەوەیە لە ڕۆژگاری ئێستادا ئەوەندە زۆرن، كە ئیتر ئێمە وەك ئەوەی پێویستە هەبین، خۆمان ناناسینەوە و بووینەتە ئەوەی كە نامۆ و غەریب و بێگانەین بە خۆمان.
  7. هیچ شتێك، هیچ كولتوور و هزرین و ئایین و ئەزموونێك و مێژووێك، سیاسەتێك، ناژین كە ئێمەی گەیاندووە بەم ساتەوەختە. كۆی بزاڤی مێژوو و سیاسەت و هزرین ئێمەی بەرەو شوێنێك بردووە و ئەوەشمان قەبووڵ كردووە، كە تیایدا بەخۆمان بێگانە و نامۆ بین.. لە سەروو هەموویانەوە زمان.
  8. ئەمڕۆ زمانی كوردی بە ئێمە نامۆكراوە و لە پرۆسەیەكی مێژووییدا لە ئێمە دابڕێنراوە. بەوە نییە ئێمە لە ژیانی ڕۆژانەدا بە كوردی لەگەڵ یەكتر قسان دەكەین، چونكە ئەوە كوردیی نییە و ئەو زمانە كردەییەی ڕۆژانە هیچ ڕۆحێكی كوردبوونی تێدا نییە. ئاماژەكانی ڕۆحی كوردی، ڕۆحی یارییانەی كورد و دیریینەیی كورد لەم زمانەدا نەماوە و زمان نەبۆتە ئامرازێك بۆ گەیشتنەوە بە مەبەستێك، كە خودێتی ئێمەیە. بەڵكو كراوەتە ئامرازێك بۆ هەڵاتن لە ڕۆحی نەتەوەیی خۆمان. بۆیە ئێمە لە ناو زمانی خۆماندا نامۆین بە ناوەڕۆكە ڕۆحییەكەی زمانەكەمان و زمانەكەمان لە خودێتی خۆمان بەتاڵ كراوەتەوە.
  9. زمانێك كە لە ناوەڕۆكە ڕۆحییەكەی خۆی بەتاڵ دەكرێتەوە، شوێن بۆ هەر زمانێكی دیكە چۆڵ دەكات. شوێن بۆ هەر بابەتێكی دیكەی دەرەكییش چۆڵ دەكات و بەو جۆرەش لە خۆی دوور دەكەوێتەوە. هەربۆیەشە لە ڕۆژگاری ئێستادا گرانترین ئەرك بۆ كورد ئەوەیە لە شێوەزارەكانی دیكەی زمانەكەی خۆی تێبگات، یان ئاخێوەرەكانی ئەو شێوەزارانە خۆیان لە كوردی جیابكەنەوە. كەچی ئاسانترین شت بەلای ئەم كوردەوە ئەوەیە كە زمانی بێگانە و زمانی داگیركەر فێر ببێت و شانازیی پێوە بكات. ئەوە تراژیترین دۆخی دابڕبوونی كوردە لە خۆی، لە زمان و لە ڕۆحی خۆی..
  10. تەنیا بە ئاشتبوونەوە لەگەڵ ئەم ڕۆح و گیانە كوردییە دەتوانیت لە ئاستی تاكەكەسیشدا لەگەڵ خودی خۆت ئاشتببیتەوە. ئەوساش خۆت بۆ جەنگێك ئامادە دەكەیت، كە لە تۆ ئازاتر نییە بۆ بەدەستهێنانی ڕزگاری و وەدیهێنانی ئازادی.
  11. هیچ جەنگێكیش لە دەرەوەی خودی خۆت نییە، لەگەڵ كەس و هیچ نەتەوە و میللەتێكی دیكەدا نییە لەگەڵ خودی خۆت نەبێت. تۆ سەرەتا دەبێت خۆت لەو هەموو تاریكاییە ڕزگار و ئازاد بكەیت، كە زەمان و میژوو دەروون و ناخی تۆیان لێ پڕ كردووە، بۆ ئەوەی ئەو ڕووناكایی و میهرەبانییە بدۆزیتەوە كە لە خودی خۆتدا هەیە و لە ڕێگەوە دەبیتە یاری هەموو جیهان و بوون.
  12. كەواتە ڕاستە دەبێت كورد جوداخواز بێت، شەڕ بۆ جوداییەك بكات، كە لێی قەدەخە كراوە، دەبێت لەو جەستە نامۆیەی بەزۆر خراوەتە ناوی خۆی ڕزگار و ئازاد بكات، كە داگیری كردووە.. تاكو ببێتە خۆی، جوداییەكەی بۆ ئەوە نییە لەسەر ئەوانیتر ببێتە هەڕەشە، بەڵكو بۆ ئەوەیە ببێتەوە خۆی و خودی خۆی قەبووڵ بكاتەوە و ئەوسا بكەوێتە پەیوەندییەوە لەگەڵ جیهان.. ئەم شەڕی جوداییە و جوداخوازییەش شەڕێكی ئاپۆرایی و ڕەشەخەڵكی نییە، شەڕێك نییە حزب و تەشكیلاتی بۆ دروست بكەین، بەڵكو شەڕی تاكەكەسە بۆ ئاشتبوونەوە لەگەڵ خودی خۆی و هەڵبژاردنەوەی خۆی نەك هەڵبژاردنی ئەوەی لە خودی خۆی دابڕی دەكات. شەڕی هەر خودێكە بۆ بوونەوە خۆی. بۆ بوون لە خۆیدا.
  13. ئەم بیرۆكەیە لە هیچ تێز و بەرنامەی سیاسی ئێستەی هیچ بەشێكی كوردستاندا نییە، هیچ كەس و لایەنێك شەڕ بۆ ئەمە ناكات. بۆیە كۆی ئەو سیاسەت و بەرنامانەی لە ئێستادا هەن، دەچنەوە خزمەت بە ئەجیندا داگیركارییەكانی نەیار و دووژمنەكانی كورد. هەركەس و لایەنێك بە هەر بەڵگە و پاساوێك، لە هەر كات و شوێنێكدا بیەوێت من لە كوردبوونی خۆم، من لە خودی خۆم دابڕ بكات، نامۆم بكات. زەمینەی شەرمنبوون و تەسلیمبوونم تێدا بچێنێت، هەمان كار دەكات كە لە بەرنامەی دوژمنەكانمدا هەیە. بۆیە یەكەم هەنگاو بۆ ئەو ڕزگاری و سەربەخۆییە، یاخیبوونە لەو (ئێمە) درۆزنە و باوەشكردنە بەو (من)ـە یاخییە تاقانە و دەگمەن و یوونیك و نایابەدا؛ کە هەر خودی خۆمانین لە ڕەهاییەتی خۆیدا، لە پەتیبوونی خۆیدا..

 

نرخی دۆلار ڕووی لە دابەزین کرد
پێشت نرخی دۆلار ڕووی لە دابەزین کرد
هۆشداری پزیشکی سەبارەت بە مەترسی قاوەی خێرا
دواتر هۆشداری پزیشکی سەبارەت بە مەترسی قاوەی خێرا
ەیوەندیدار