کۆبوونەوەیەک بە مەبەستی بە گەڕخستنی توانای زانکۆکان لە وەبەرهێناندا ئەنجامدرا



بە مەبەستی سود لێوەرگرتن و بەکارهێنانی توانای زانکۆکان لە پڕۆسەی وەبەرهێناندا، فەرمانگەی لێکۆڵينەوە و زانياری لە دەستەی وەبەرهێنان بە هەماهەنگی لەگەڵ يەکێتی وەبەرهێنەرانی کوردستان لقی سلیمانی، کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ کۆلێژی ئەندازیاری زانکۆی سلێمانی ڕێکخست.

ڕۆژی يەکشەممە بە ئامادەبوونی هەریەک لە بەڕێزان، ئەندازيار هەڵۆ قەزاز، بەڕێوەبەری گشتی لێکۆڵينەوە و زانياری لە دەستەی وەبەرهێنان، سەردار کەریم، بەڕێوەبەری لێکۆڵینەوە و زانیارییەکان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی سلێمانی و میدیا عوسمان، نوێنەری يەکێتی وەبەرهێنەرانی کوردستان لقی سلیمانی کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ کۆلێژی ئەندازیاری زانکۆی سلێمانی ئەنجامدا، هەر یەک لە د. سیروان خورشید ڕاگری کۆلێژی ئەندازیاری، د. چرۆ حەیدەر یاریدەدەری ڕاگری کۆلێژی ئەندازیاری، د. ڕاز سەعید سەرۆک بەشی تەلارسازی، د. ئەمجەد محەمەد پرۆفیسۆر لە بەشی تەلارسازی زانکۆی سلێمانی، بەشداربوون .

کۆبوونەوەکە لەچوارچێوەی زنجیرەیەک کۆبوونەوەدابوو کە ئامانج لێی فراوانکردنی پەيوەنديیەکان و بەستنەوەی پڕۆگرامەکانی خوێندنە بە بازاڕی کار و پڕۆسەی وەبەرهێنانەوە، بە ئامانجی فەراهەمکردنی زیاتری پێداویستی کۆمەڵگە، ڕەخساندنی هەلی کاری زیاتر و بوژانەوەی ئابووری.

هاوکات جەخت لە سەر هەماهەنگی نێوان زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و دەستەی وەبەرهێنان کرايەوە سەبارەت بە دانان و جێگيرکردنی کۆمەڵێک ناونيشانی توێژينەوەی زانستی کە لە بەرژەوەندی و سوودی گشتیدا بێت، کارێک بکرێت کە ئاڕاستەی وەبەرهێنان لە سێکتەری نیشتەجێبوونەوە بەرەو سێکتەرەکانی پيشەسازی، کشتوکاڵ و گەشتوگوزار ببرێت.

ليستێک ناونيشانی توێژينەوەی زانستی لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی توێژینەوە و پەرەپێدان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا بە هەماهەنگی فەرمانگەی لێکۆڵينەوە و زانياری لە دیوانی دەستەی وەبەرهێنان گشتاندنی بۆ سەرجەم زانکۆکان پێکراوە، ناونیشانی توێژینەوەکان لەلایەن زانکۆکانەوە دەتوانرێت گۆڕانکاری تێدا بکرێت، کە لەلايەن خوێندکارانی ماستەر و دکتۆراوە کاری لەسەر دەکرێت .

ناونیشانی توێژینەوەکان لەسەر بنەمای پێویستییەکانی  کۆمەڵگە و سێکتەرە جیاوازەکانی بواری وەبەرهێنان دەبێت بە ئامانجی بوژاندنەوە و گەشەسەندنی ئابووری هەرێم، لە هەمان کاتدا داواکرا کە هەريەک لە زانکۆکان بەپێی پێویستی و بۆچوونی کۆلێژە پەیوەندیدارەکان ناونيشانی زانستی توێژينەوەکان دیاریبکەن و پاشان بەرزی بکەنەوە بۆ لایەنی پەیوەندیدار بۆ ئەوەی بە هەماهەنگی فەرمانگەی لێکۆڵینەوە و زانیاری دەستەی وەبەرهێنان بۆ جێگيرکردنی ئەو ناونيشانە زانستيیانە، کە لە کۆتایدا بە شێوەيەک بێت لە بەرژەوەندی وەبەرهێنەران، هاووڵاتییان و کۆمەڵگەدا بێت.

خوێندکارانی پۆلی 12 خۆپیشاندانیان کرد
پێشت خوێندکارانی پۆلی 12 خۆپیشاندانیان کرد
کەشناسی دەڵێت لەم ناوچانە بەفر دەبارێت
دواتر کەشناسی دەڵێت لەم ناوچانە بەفر دەبارێت
ەیوەندیدار