قاسملوو بەخشینی گیان لە پێناو ئاشتیدا



 

ئەمڕۆ 22ی دیسەمبەری 2022 ساڵوەگەڕی لەدایكبوونی عەبدولڕەحمان قاسملوو سیاسەتمەداری بەنێوبانگی كورد و سكرتێری پێشووتری حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێرانە، سەركردەیەك لە لەسەر مێزی گفتووگۆ لە پێناو ئاشتیدا ژیانی بەختكرد.

عەبدولڕەحمان قاسملوو لە ٢٢ی كانوونی یەكەمی ساڵی ١٩٣٠ زایینی‌دا لە شاری ورمێ لە بنەماڵەیەكی خاوەن موڵكی دەستڕۆیشتوودا لە دایكبووە. خوێندنی سەرەتایی‌و ناوەندی، پێشان لە ورمێ ‌و دوایی لە تاران تەواوكرد.

هێشتا زۆر منداڵ بوو كە لەگەڵ پرسە سیاسییەكان ئاشنا بوو و بیروباوەڕی ئازادیخوازانە لە مێشكیدا جووڵا.

بۆ خۆی لەم بارەیەوە لە كتێبی “چل ساڵ خەبات لە پێناوی ئازادی‌”دا پاش باسی سەفەری ٣٠ كەس لە كوردان بۆ باكۆ لەسەر بانگھێشتنی سۆڤێت، دەنووسێت: “ھەر چەند ئەو كاتە من تەمەنم یازدە ساڵ بوو، بەڵام وەك زۆر منداڵی ئەو سەردەمە سیاسەت سەرنجی ڕاكێشا بووم”.

 

عەبدولڕەحمان قاسملوو تێكۆشانی سیاسیی خۆی بە دامەزراندنی یەكێتیی لاوانی دێموكرات لە شاری ورمێ دەستپێكرد.

ساڵی 1946 كۆماری كوردستان لە مەھاباد ڕووخا، بە دوای ئەو دا ئەویش بۆ خوێندن چووە تاران‌و دوایی بۆ خوێندن چوو بۆ پاریسی پایتەختی فەرەنسا.

گەیشتنی بە پاریس ھاوكات بوو لەگەڵ دەستڕێژی گولە لە شا لە زانكۆی تاران كە بوو بەھۆی لە نێو چوونی ئازادییە دێموكراتییەكان لە سەرانسەری ئێران‌دا. بەو بۆنەیەوە كۆبوونەوەیەكی بەرینی خوێندكارە ئێرانیییەكان لە پاریس پێكھات كە لەوێدا قاسملوو بە درێژی لە دژی شاو ڕژیمەكەی قسەی كرد لە ئاكامدا خوێندكاران پەیامێكی ناڕەزاییان بۆ محەممەد ڕەزا پەھلەوی نارد. ئەم كارە بوو بەھۆی فشاری باڵیۆزخانەی ئێران لە پاریس، تەنانەت حكوومەتی فەڕەنسا بۆ سەر قاسملوو. سەرئەنجام ناچار بوو پاریس بە جێ بھێڵی و چوو بۆ پڕاگ پایتەختی چێكۆسلۆڤاكیا.

ھەر لەو ماوەیەدا كە لە فەڕەنسا بوو، بە ھاوكاریی چەند خوێندكاری دیكەی كورد «كۆمەڵەی خوێندكارانی كورد لە ئەورووپا» یان دامەزراند.

ساڵی (١٩٦٢) قاسملوو لەزانكۆی پڕاگ دكتۆرای زانستی ئابووریی وەرگرت و ھەتا ساڵی (١٩٧٠) لە پڕاگ وانەی ئابووریی سەرمایەداری و ئابووریی سۆسیالیستی و تیۆریی سەرھەڵدانی ئابووریی گوتەوە. لەو ماوەیەدا قاسملوو چەندین كتێب و نامیلكەی لەسەر گیروگرفتە ئابووریی و كۆمەڵایەتیی و سیاسییەكان نووسی كە لە ھەموویان بە ناوبانگتر كتێبی “كوردستان‌و كورد”ە. ئەم كتێبە لە جێدا بە زمانی چێكی نووسراوە، تا ئێستا بە زمانەكانی: ئینگلیزیی سلۆڤاكیی، پۆڵەندیی، عەرەبیی و كوردیی و فارسیی و ھیندیی و چەند بەشیشی بە فەڕەنسایی چاپ و بڵاوكراوەتەوە.

قاسملوو زمانەكانی كوردیی، فارسیی، توركیی، عەرەبیی، ئینگلیزیی، فەڕەنسایی، چێكۆ ـ سلۆڤاكیی، ڕووسیایی بە باشی دەزانی ‌و بە زۆر زمانی دیكەش وەك ئەڵمانیایی و زمانەكانی سڵاڤ تا ڕادەیەك ئاشنا بوو.

ساڵی 1970 پاش دەرچوونی بەیاننامەی ١١ی ئادار و ڕێككەوتنی نێوان ڕێبەرایەتیی بزووتنەوەی كورد لە باشووری كوردستان و دەوڵەتی ئەو وڵاتە ئیمكانی تێكۆشانی سیاسیی لە ڕۆژھەڵاتی كوردستان زیاتر بوو. لەو كاتەدا قاسملوو لە ئەوروپا گەڕایەوەو بە ھاوكاریی چەند كەس لە یارانی نزیكی ئەركی زیندووكردنەوەی ڕێكخراوەكانی حیزبی دێموكراتی بەئەستۆ گرت.

لە كۆنفرانسی سێھەمی حیزب‌دا  قاسملوو بە ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی و پاشان بە سكرتێری گشتیی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران ھەڵبژێردراو لەو كاتەوە لە ھەموو كۆنگرەكانی حیزبدا وەك سكرتێری گشتیی ھەڵ بژێردرایەوە. بەم جۆرە بۆ ماوەی ھەژدە ساڵ وەك ڕێبەرێكی كارزان‌و شارەزا لە پلەی یەكەمی بەرپرسیارێتیدا كاروباری حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێرانی لە یەكێك لە سەختترین قۆناخەكانی خەباتی ئەم حیزبەدا بەڕێوەبرد.

قاسملوو ڕۆژی ١٣ی تەممووزی ١٩٨٩ لە كاتێكدا بۆ دۆزینەوەی ڕێگای چارەسەری ئاشتیخوازانەی كێشەی كورد لە ئێران دا لەگەڵ چەند نوێنەری حكوومەتی كۆماری ئیسلامی ئێران لە ڤییەنا لەسەر مێزی وتووێژ دانیشتبوو لەگەڵ عەبدوڵڵای قادری ئازەر ئەندامی كۆمیتەی ناوەندیی و نوێنەری حیزبەكە لە ئەورووپا بە دەستی نوێنەرانی كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ وتووێژی ئاشتی، تێرۆركران. ھەر لەو تیرۆرە دا دكتۆر فازڵ ڕەسووڵ، ھاوڵاتی باشووری كوردستانیش شەهید بوو.

فیلیپ بولانژێ، پڕۆفیسۆری فەڕەنسایی دەڵێت: عەبدولڕەحمان قاسملوو، سكرتێری گشتیی حیزبی دێموكڕات، ئاكادیمیسییەنێكی ناسراو بوو، نە تەنیا بابەت و گوتاری ئاكادیمی دەنووسین، ئەو بە ڕاستی مرۆڤێكی یەكجار زۆر بەكردەوە بوو، واتە نەتەنیا ڕێبەرێكی سیاسی دوور لە مانۆڕدان و بەرپرسێكی بە ئەزموونی حیزب بوو، بەڵكوو سەرۆكێكی ئازاش بوو.

قاسملوو لەكاتێكدا تێرۆر كرا كە بۆ دۆزینەوەی ڕێگاچارەیەكی ئاشتییانە بۆ مەسەلەی كورد لە ئێران و بۆ وەدەستەھێنانی مافە سیاسیی و مرۆییەكانی گەلی كورد چووبووە ئەم دیدارە.

سەرەڕای بەڵگەكانی كاتی تێرۆر، دەوڵەتی نەمسا ڕێگای بە پۆلیس و دەزگای دادی خۆی نەدا لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونەكان بە ئەنجام بگەیەنن؛ لە ئاكامدا ئەم تاوانە كەم وێنەیە كە لە نێو دڵی وڵاتێكی دیموكراتیكی ئەورووپا دا ئەنجام درابوو بێ سزا مایەوە و دۆخە یاسایییەكەی ھیچ كات چارە نەكرا.

پڕۆژەیەكی كارەبا لە سلێمانی جێبەجێ‌ دەكرێت
پێشت پڕۆژەیەكی كارەبا لە سلێمانی جێبەجێ‌ دەكرێت
باران بارین دەستپێدەكاتەوە
دواتر باران بارین دەستپێدەكاتەوە
ەیوەندیدار