جەبار یاوەر: ئەگەر كورد ببێتە لایەن لە ململانێكان بەدڵنیاییەوە لەناودەچین



ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، کورد دەبێت خۆی گەرەنتی مانەوەی خۆی بکات، نەک ئەوەی خۆمان هەڵواسین بە ئەمەریکا، یا ئێران یا تورکیادا و دەشڵێت: “بوونی ئەمریكا لە عێراق و ناوچەکە لەبەرچاوی جوانی کورد و بەرژەوەندییەکانی کورد نیە و تا قیامەت لەعێراق نامێنێتەوە.”
فەریق ڕوكن جەبار یاوەر، ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ (دەنگی كوردی ئەمریكا) ڕایگەیاندووە، سەبارەت بە داوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان لە عێڕاق، من بۆچوونی سەربازی و یاسایی خۆم دەدەم نەک سیاسی، یەکەم، ئەو هاوپەیمانێتیە کاتی بوو بەمەبەستی ڕووبەڕووبونەوەی داعش واتە تا قیامەت نامێنێ، دووەم، کاتی خۆی عێراق خۆی بەفەرمی داوای لەو هێزانە کرد هاوکاری بکەن ئەگەر ڕێککەوتنەکە بەوجۆرە بێت، کە عێراق مافی خۆی بێت لە حاڵەتی پێویست نەبوونی داوای دەرچونی ئەو هێزانە بکات ئەوە مافی خۆیەتی”.

وتیشی، “داخەکە ئەوەیە ئێمە وەک هەرێم دەبێت لە ڕێگای عێراقەوە داوای مانەوەی ئەو هێزانە بکەین، چونکە ئێمە هەرێمێکی فیدراڵین لە عێراقدا و لە دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵیە ڕێککەوتننامە سەربازی و هەر بابەتێکی لەوجۆرە ئەوە پەیوەندی هەیە بەلایەنی سیادەی عێراقەوە کەمن لەو بڕوایەدام ئێمە داواش بکەین عێراق ڕازی نابێت”.

ڕوونیشی كردۆتەوە، هەر لەم ڕۆژانەدا خودی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە ڕوونی و ئاشکرایی وتی، ئەگەر هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان بچنەدەر دەبێت لەهەموو عێراق بەهەرێمی کوردستانیشەوە بچنە دەرەوە، بەڵام لێرەدا شتێک هەیە ئەویش ئەوەیە ئەگەر ئەمەریکا لە عێراق لە دەرگاوە بچێتە دەرەوە لە پەنجەرەوە دێتەوە ژوورەوە لەبەر ئەو ڕێککەوتنەی پێشتر هەیبوو لەگەڵ عێراق.

ئاشكراشی كردووە، ئێمە دەبێت بزانین و تێبگەین بوونی ئەمەریکا لە عێراق و ناوچەکە لەبەرچاوی جوانی کورد و بەرژەوەندییەکانی کورد نیە، بەڵکو لەبەر بەرژەوەندییە باڵاکانی خۆیەتی لە ناوچەکە، ئەمەریکا بەڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی عێراق هاتووە و بەڕێککەوتنیش لەگەڵ حکومەتی عێراق دەڕوات.

جەختیشی كردۆتەوە، ڕاستە ئێمە مافی خۆمانە وەک کورد داوای گەرەنتی پاراستنمان بکەین، بەڵام ئەوەی لەم کاتەدا گەرەنتی مانەوە و پاراستنی کورد دەکات، یەکەم، وەلاخستنی ناکۆکیەکە ناوخۆییەکان بەتایبەت لەنێوان پارتی و یەکێتی، دووەم، ئامادەکردنی پەیماننامە یا پڕۆژەیەکی نیشتمانی لەنێوان هەموو لایەنە سیاسیە ناوخۆییەکان بۆچۆنیەتی مامەڵەکردن لەم قۆناغەدا بۆ ئەوەی نەبینە لایەن لە هیچ کام لەو دووبەرە ڕانەگەیەنراوە.

جەبار یاوەر دەشڵێت: “ئەگەر کورد بووە لایەن لەو ململانێیەی ئێستا هەیە لە ناوچەکە ئەوە بەدڵنیایی لەناو دەچین، ئەو خاڵانە گەرەنتی پاراستنی کورد دەکات نەک ئەوەی خۆمان هەڵواسین بە ئەمەریکا، یا ئێران یا تورکیادا”.

 

لە وڵاتێك مامەڵەكردن بە “دینار” قەدەغەكرا
پێشت لە وڵاتێك مامەڵەكردن بە “دینار” قەدەغەكرا
چۆن قوتابخانەكانمان بكەین بە دۆستی ژینگە؟
دواتر چۆن قوتابخانەكانمان بكەین بە دۆستی ژینگە؟
ەیوەندیدار