چۆن قوتابخانەكانمان بكەین بە دۆستی ژینگە؟



لە ئێستادا لەسەر ئاستی جیهان ناونیشانێك بۆ ناوەندەكانی خوێندن زیادی كردووە ئەویش بریتیە لە “قوتابخانە سەوزەكان”، كە لە ئێستادا لە هەندێ وڵات هەوڵی جێبەجێكردنی دەدەن لە پێناو پاراستنی ژینگە و هۆشیاركردنەوەی قوتابیان و بڵاوكردنەوەی كولتوری ژینگە دۆستی.

مەعروف مەجید، سەرۆكی ڕێكخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە لە وتارێكدا، كە لە (خەڵك) بڵاوكراوەتەوە ئاماژەی بەوەكردووە، كۆمەڵێك بیرۆكەی نوێ هەن، كە هەندێك لە پسپۆڕان لەسەری ڕێككەوتوون بۆ یارمەتیدانی قوتابخانەكان بۆ ئەوەی ببنە قوتابخانەی سەوز و دۆستی ژینگە، كە پێش هەموو شتێك دەبێ بەڕێوەبەر و مامۆستایان و فێرخوازان كەسانی ژینگەدۆست بن، بەكردار بیسەلمێنن كە ژینگەیان خۆشدەوێ، ئەگینا لە هەوڵەكانیان سەركەوتوو نابن.

ڕوونیشی كردۆتەوە، بۆیە پێویستە، لە ئێستا بەدواوە، لەكاتی درووستكردنی بینای نوێی خوێندنگاكان، بە پێی ماستەرپلانێك هەوڵبدرێ بیناكان دۆستی ژینگەبن، هەر لەو كەلوپەل و پێداویستیانەی كە بیناكانی پێ بونیاد دەنرێت، تا ناوچەی سەوزایی و دووبارە بەكارهێنانەوەی ئاوی ئاوەڕۆكان بۆ ئاودان و زۆرشتی تر.

ئاماژەی بەوەشكردووە، هەندێك قوتابخانە هەن، كە ژەمەكان بۆ منداڵان دابین دەكەن بە تایـبەتی ناحكومییەكان، ئەگەر ئەم قوتابخانەیە حەزی لە گرنگیدان بە ژینگەیە، دەبێت هەوڵبدات كەمترین پاشماوەی هەبێ و زیاتر گرنگی بە خۆراكە ڕووەكییەكان بدات، بە تایبەتی ئەو ڕووەك و خۆراكانەی لە ناو وڵات بەرهەم دەهێنرێن.

جەختیشی كردۆتەوە، پێویستە قوتابخانە سەوزەكان هانی خوێندكاران بدەن كە بە قۆناغ واز لە بەكارهێنانی ماددە پلاستیكیەكان بهێنن بۆ زیادكردنی هۆشیاری كرداری لەسەر پرسی پیسبوونی پلاستیك، هەروەها هانیان بدەن بۆ بەكارهێنانی بوتڵی ئاوی تەندروست لەبری بوتڵی پلاستیكی.

سەبارەت بە ڕێكاری دیكەی دۆستی ژینگەیی وتویەتی، “هەر قوتابخانەیەك جلوبەرگی تایبەتی خۆی هەیە و كۆمەڵێك قۆناغی خوێندنی هەیە، هەروەها خوێندكاران هانبدرێن ساڵ بە ساڵ جلوبەرگی قوتابخانە ئاڵوگۆڕ بكەن، هەروەها كتێبی خوێندن، واتە دەكرێ لەبری فڕێدانی جل و بەرگەكان بدرێ بە كەسە نزیكەكان یاخود ئەو كەسانەی بژێوی ژیانیان خراپە، ئەو كات جل و بەرگەكان نابنە پاشماوە و فڕێ نادرێن.

وەك لە وتارەكەیدا ئاماژەی پێكردووە، سەرۆكی ڕێكخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە دەڵێت: ” پێویستە قوتابخانە سەوزەكان هانی خوێندكاران بدەن كە بە پێ یان پاسكیل هاتووچۆ بكەن بۆ چوونە قوتابخانە و گەڕانەوە بۆ ماڵەوە، پێویستە شوێنێك بۆ وەستانی پاسكیل تەرخان بكەن و پەروەردەیان بكەن سەبارەت بە گرنگی بەكارهێنانی ئامرازەكانی گواستنەوەی بەردەوام بۆ كەمكردنەوەی پیسبوونی هەوا.

مەعروف مەجید چەند ڕێكارێكی دیكەش دەستنیشان دەكات بۆ دۆستی ژینگەیی وەك “چاندنی گوڵ و نەمام لە ساڵیادی لەدایكبوونی خوێندكاران و جیاكردنەوەی پاشماوەكانی خوێندنگە بە چەندە سەلەیەكی تایبەت و لە خوێندنگەكان چەند گروپێكی ژینگەدۆستی درووست بكرێ، ئەویش ڕۆژانە یا هەفتانە چالاكی كرداری ئەنجامبدەن، بۆ نموونە هەڵمەتی پاككردنەوە، نەمام ڕواندن، چاودێری پاك و خاوێنی گۆڕەپان و سەرئاوەكان و پێویستە هەفتانە لەلایەن بەڕێوەبەری قوتابخانە، سوپاس و پێزانین و تەنانەت پێدانی نمرە، بدرێ بەو قوتابیانەی كە بەشداری گروپەكە دەبن و ڕۆڵیان هەیە لە پاراستنی ژینگە”.

 

جەبار یاوەر: ئەگەر كورد ببێتە لایەن لە ململانێكان بەدڵنیاییەوە لەناودەچین
پێشت جەبار یاوەر: ئەگەر كورد ببێتە لایەن لە ململانێكان بەدڵنیاییەوە لەناودەچین
چۆن قوتابخانەكانمان بكەین بە دۆستی ژینگە؟
دواتر چۆن قوتابخانەكانمان بكەین بە دۆستی ژینگە؟
ەیوەندیدار