بیابانبوون ٪٢٠ی زەوییە کشتوکاڵییەکانی نەجەف وێران دەکات



عێراق یەکێکە لەو پێنج وڵاتەی کە گۆڕانی کەشوهەوا زۆرترین کاریگەری لەسەری هەیە، بیابانبوون، کەمی ئاو و لاوازی مامەڵەی حکومەت نیگەرانییەکانی بۆ داهاتووی پارێزگای نەجەف لە عێراق زیادکردووە.

لە پارێزگای نەجەف ڕووبەری بیابانبوون ٢٨ هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەی تێپەڕاندووە، واتە نزیکەی ١١ ملیۆن دۆنم پێکدەهێنێت، ئەمەش هەڕەشەیە بۆ ڕووبەری سەوز و کشتوکاڵییەکانی شارەکە.

جەمال عەبدول زەید، بەڕێوەبەری ژینگەی نەجەف ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی بەوەکرد، پارێزگای نەجەف دەکەوێتە نزیکەی بەشی ناوەڕاستی عێراق، لە باکوورەوە لەگەڵ پارێزگاکانی کەربەلا و ئەنبار، لە ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ بابل و دیوانیە و لە باشوورەوە لەگەڵ موسەننا و لە ڕۆژئاواوە لەگەڵ سعودیە هاوسنوورە.

ڕووبەری پارێزگای نەجەف ٢٨ هەزار و ٥٣٢ کیلۆمەتر چوارگۆشەیە، کە دەکاتە ٪٦.٦ی کۆی ڕووبەری عێراق، کەشوهەوای لە وەرزی هاویندا گەرم و وشکە، پلەکانی گەرما هەندێک جار دەگاتە زیاتر لە ٥٠ پلە و لە وەرزی زستاندا هەندێک جار دەگاتە سفر.

جەمال عەبدول زەید ڕایگەیاندوە، ئەگەر ئێمە ڕێژەی بیابانبوون بە ڕووبەری کشتوکاڵی پارێزگای نەجەف یان ڕووبەری سەوز هەژمابکەین ئەوا ٪٢٠پێکدەهێنێت، ڕێکارەکانی حکومەت بۆ بە هاناوەچوونی ژینگەی شارەکە هێواشە و کاریگەرییەکی کەمی هەیە.

عێراق وڵاتێکی نیمچە بیابانییە و ژمارەی دانیشتووانەکەی زیاتر لە ٤٣ ملیۆن کەسە، پڕۆژەکانی ئاوی تورکیا بە ڕێژەی ٨٠٪ پشکی ئاوی عێراقی کەمکردووەتەوە، لە کاتێکدا ئەنقەرە بەغدا بە بەفیڕۆدانی بڕێکی زۆر ئاو تۆمەتبار دەکات.

پەرلەمانتارەکانی عێراق بە ملیۆنێک دینار سزا دەدرێن
پێشت پەرلەمانتارەکانی عێراق بە ملیۆنێک دینار سزا دەدرێن
وەزیری کشتوکاڵ: 11 بەنداوی دیکەش دروست دەکەین
دواتر وەزیری کشتوکاڵ: 11 بەنداوی دیکەش دروست دەکەین
ەیوەندیدار