باران و بەفر هەرێم دەگرێتەوە و هۆشداری لافاو دەدرێت



شارەزایەكی كەشناسی پێشبینییەكانی بۆ دۆخی كەشوهەوای هەرێم بڵاودەكاتەوە و ڕایدەگەیەنێت، شەپۆلێكی بەفر و باران و تەرزە ناوچەكانمان دەگرێتەوە و ئەگەری لافاو لە ئارادایە و دەشڵێت: ” دەبێت ئامادەکاری پێشوەختە بکرێت بۆ کەمکردنەوەی زیانە پێشبینیکراوەکان”.

محەمەد كەمال، پێشبینیكاری كەشناسی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، لە ڕۆژی چوار شەممەوە کوردستان دەکەوێتە ژێر کاریگەری هەردوو نزمە پەستانی دەریای سوور و دەریای ناوەڕاست و لەگەڵ یەکگرتنیان زیاتر کاریگەریەکەیان زیاد دەکات.

وتیشی، “پێشبینی دابارینی بڕێکی زۆر لە بارانی بەخوڕ و بەفر بۆ لوتکەی چیا بڵندەکان و ڕوودانی هەورە بروسكە و تەرزە و لافاو لە چەم و دۆڵ و نزماییەکان دەکەین”.

ئاماژەی بەوەشكرد، لوتکەی شەپۆلەکە بە گشتی لە پێنج شەممە و ڕۆژی هەینیدا دەبێت و هاوکات خێرایی با چالاک دەبێت بە درێژایی شەپۆلەکە بەتایبەت لە ناوچە پێدەشتەکاندا، پلەکانی گەرما ڕوو لە نزمبوونەوە دەکەن و کەشێکی زستانی دەگەڕێتەوە.

ڕاشیگەیاند، بەگشتی شەپۆلەکە سەرانسەریە و هەموو ناوچەکان دەگرێتەوە زۆر بە بەهێزی، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا پێشبینی دەکەین، کە ئەم شەپۆلە لە ناوچەکانی دەشتی هەولێر و موسڵ و ناوچەکانی کەرکوک و گەرمیانیش برێکی زۆر باش باران ببارێت و مەترسی کەم ئاوی و کەم بارانی بڕەوێنێتەوە لەو ناوچانەدا بە پشتیوانی خودا.

ئەو پێشبینیكارەی كەشناسی پێشبینی ئەوەش دەكات، “ئەم حاڵەتە ناسەقامگیرە هەتا ڕۆژی ١٧-٢-٢٠٢٤ بەردەوام دەبێت، هەر بۆیە هۆشداری دەدەین لەگەڵ چاودێری کردنی شەپۆلەکەدا و بە بەهێز مانەوەیدا ئەگەری لافاو لە ئارادایە بۆ چەم و دۆڵ و نزماییەکان و دەبێت ئامادەکاری پێشوەختە بکرێت بۆ کەمکردنەوەی زیانە پێشبینیکراوەکان !”.

 

تەکنەلۆجیای نەوەی پێنجەم لە بواری پەیوەندی بۆ یەکەمجار دەهێنرێتە عێراق
پێشت تەکنەلۆجیای نەوەی پێنجەم لە بواری پەیوەندی بۆ یەکەمجار دەهێنرێتە عێراق
لەسەر زەوی و زار شەڕ ڕوویدا و كەسێك كوژرا
دواتر لەسەر زەوی و زار شەڕ ڕوویدا و كەسێك كوژرا
ەیوەندیدار